بورهان مەجید، دەنگێك بۆ خۆشەویستی خەڵک و ڕەخنە لە دەسەڵات

هونەرمەند بورهان مەجید، بە دەنگە بەسۆزەکەی، هەم خۆشەویستی و هەم ڕەخنە و گلەیی لە دڵی خەڵکدا دروستکردووە، گۆرانییەكانی بۆ خۆشەویستین، سرودەكانیشی بۆ رەخنەیە لە دەسەڵاتداران، بێگومان لەكارە هونەرییەكانیدا خۆشەویستیی نەتەوە و نیشتیمانی لەبرینەكردووە.


بورهان مەجید بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و ڕەخنەی لە مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەگرێت لەگەڵ هونەر و هونەرمەنداندا.

هونەرمەندی گۆرانیبێژ بورهان مەجید، لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی-ی باشوری كوردستان لەدایکبووە، نزیکەی ٣٠ ساڵە گۆرانی دەڵێت، وشە و ڕستەی جوانی زمانی کوردی تێکەڵاو بە دەنگ و هەستی نایابی خۆی كردووە و وەک چەپكە گوڵێک لە یەخەی هونەری کوردی داوە.

-بەهۆی بەشدارینەكردنی لە خولی سەربازی لەخوێندن دەركراوە

بورهان مەجید، قۆناغەکانی خوێندنی لە سلێمانی تەواوکردووە، دواتر لە پەیمانگای تەکنەلۆژیای شاری موسڵ تا قۆناغی دووەم بەردەوام دەبێت، بەڵام بەهۆی بەشدارینەکردنی لە خولی ڕاهێنانی 'جەیشی شەعبی'ی سەردەمی حزبی بەعس، لە خوێندن دووردەخرێتەوە، ئەم هونەرمەندە لەمنداڵییەوە بەهرەی گۆرانی وتنی هەبووە، ئەو كاتەی خوێندكاری پەیمانگا دەبێت، بە هاندانی میوزیكژەن 'زانا مەحمود هەژار' لە ساڵی ١٩٨٩ دەبێتە ئەندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی، بەڵام دوای ساڵێک گۆرانی وتن، واز لەو تیپە دەهێنێت.

هونەرمەند بورهان مەجید، لە دوای دووورکەوتنەوە لە خوێندن، لە دوکانێکی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە دەستبەکاردەبێت و درێژە بە پیشەی باوکی دەدات، تا ساڵی ٢٠٠٣ لەو كارەی بەردەوام دەبێت، دواتر دوکانێکی فرۆشتنی شمەکی کارەبایی لە شەقامی مەولەوی-ی شاری سلێمانی دادەنێت و تا ئێستا بەردەوامە.

-گۆرانی بۆ دایك دەڵێت

ئەم هونەرمەندە خاوەنی كۆمەڵێك گۆرانییە كە چوونەتە دڵی جەماوەر و گوێگرانیەوە، لەوانە، شیرینەکەم، ماڵوێران خۆم، خۆشترین ساتێ کە بیرناچنەوە و ژمارەیەک بەرهەمی دیکە، یەكەم گۆرانیی ناوی 'دەریای حەز' بووە، ئێستاش بەرهەمێكی ئامادەیە بەناوی 'دایك' كە بەنیازە لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاویبكاتەوە.

بورهان مەجید وەك خۆی دەڵێت، هەموو بەرهەمەکانی بە تێچووی خۆی تۆمارکردووە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتدارانی باشوور، دەشڵێت، هەتا بمێنێت هیچ کات بۆ تۆمارکردنی گۆرانییەکانی پارە لەم دەسەڵاتە وەرناگرێت و تا توانای هەبێت خۆی تێچووەكان دەدات، ئەگەر تواناشی نەبوو، بێ مۆسیقا گۆرانی دەڵێت، بۆ هۆکارەکەشی ئاماژە بەوە دەکات، "چونکە ئەوە پارەی گەلە کە ئەوان خراپ بەکاریدەهێنن، هیچ کات لە هونەر و گۆرانی دوورناکەومەوە، ئەوە ناحەزانی منن کە وا دەڵێن گوایە دوور کەوتوومەتەوە، چونکە کەسێک خزمەت بە گەلەکەی بکات دوژمنی بۆ دروست دەبێت.

ئەو هونەرمەندە پێی وایە دەسەڵات لە باشوری كوردستان كاریگەریی خراپی لەسەر هونەر كردووە و بەهۆی شێوازی مامەڵەیانەوە لەگەڵ هونەر و هونەرمەندان زۆرێك لە تیپەكانی مۆسیقا و گۆرانی هەڵوەشاونەتەوە.

-بە مەبەست هونەری كوردی دەشێوێنرێت

بورهان مەجید تیشکی خستەسەر هونەری کوردی و وتی: ناسنامەیەکی زیندوو کە جیامان دەکاتەوە لە گەلانیتر هونەرەکەمانە، بەڵام دەستەکانی ناوخۆ و دوژمنەکانی هەرێم کارێکیان کردووە کە گۆرانی و هونەری کوردی بشێوێنن و گۆرانیەکانمان بووەتە تورکی و فارسی و عەرەبی، ئەو كارەش بە مەبەست دەکرێت، گەلێک کە داگیرکرابێت هونەرەکەشی داگیرکراوە، بۆیە هونەر لە باشور تووشی کارەسات بووە.

دەربارەی لاوازیی ڕۆڵی هونەرمەندان لە پرسە نەتەوەییەكان، بورهان مەجید، وتی:"بەشێک لە هونەرمەندان لەبری پێشەنگبوون، کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی دەسەڵاتداران و هەردوو بنەماڵە، کە ئەمە عەیبەیەکی زۆر گەورەیە".

بورهان مەجید بە تێبینیکردن لە قسەکانی، ڕووندەبێتەوە خۆشەویستییەکی زۆری بۆ نەتەوە  و گەلەکەی هەیە، هاوکات دڵگرانە لە پارتە سیاسییەکانی باشوور و پێی وایە بەرژەوەندیخوازن، دەکرێت بوترێت، کە ئەم هونەرمەندە لە باشوری کوردستاندا خاوەن گوێگرێکی زۆرە و کەسایەتییەکی دیاریی هەیە لە بواریی هونەرییدا.

س.ح