بۆ یەکەمجار لەهەرێمی کوردستان ژنێک ئامێری کۆنتراباس دەژەنێت

خوێندکارێکی ژن، لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی، ماوەی چەند ساڵێکە وەک یەکەم ژن لە هەرێمی کوردستان دەستی بە ژەنینی ئامێری کۆنتراباس کردووە، تا ئێستاش بە ژەنینی ئامێرەکەی بەشداری لە چەند کۆنسێرتێکدا کردووە. ڕۆژنیوز بۆ ئاشنابوون بە چالاکییەکانی و ناساندنی زیاتری ئامێری کۆنتراباس لە نزیکەوە ئەو ژنە هونەرمەندە دەدوێنێت.  


دێژین جەزا-ی، تەمەن ٢٠ ساڵ لە وڵاتی ئەڵمانیا لە شاری کۆڵن لە دایکبووە، قۆناغی سەرەتایی لە ئەڵمانیا تەواو کردوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دایک و باوکی ئارەزووی گەڕانەوەی نیشتیمانیان کردووە، ٨ ساڵە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و لە شاری سلێمانی درێژەی بەخوێندن داوە وئێستا خوێندکاری بەشی میوزیکە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە شاری سلێمانی و ئامێری کۆنتراباس دەژەنێت.

 

دێژین، لە سەرەتای چوونە ئەو بەشی میوزیک ئارەزووی کردووە بچیتە بەشی دەنگ و ئۆرکێسترا، بەڵام بۆی گونجاو نەبووە، بۆیە بڕیار دەدات ئامێرێک تاقیبکاتەوە کە جیاوازبێت لە هەموو ئەو ژنانەی پێش خۆی کە ئامێر دەژەنن، هەربۆیە پاش پڕس و ڕا گۆڕێنەوەی لەگەڵ مامۆستاکانی، دێژین ئامێری کۆنتراباس هەڵدەبژێرێت.

کۆنتراباس یەکێکە لە گەورەترین ئامێرە میوزیکییەکان و بەرزی ئامێرەکە ١٨٨ سم و پانیەکەی لە ناوەڕەستدا ٨٠ سم و لەگەڵ باڵای دێژیندا گونجاوە، چونکە بەهۆی بەرزی ئامێرەکەوە هەموو کەسێک ناتوانێت ئەم ئامێرە بژەنێت، باڵای دێژینیش (١٨٠سم)ە و لەگەڵیدا گونجاوە و وەک خۆی دەڵێت: کێشەی بۆ دروست نەکردوە و زۆر جاریش پێ دەڵێن ئەم ئامێرە بۆ باڵای تۆ دروست کراوە.

ئەم ئامێرەی دێژین جەزا-ی، خوێندکار بەکاریدەهێنیت تایبەتمەندییەکەی وایە کە نابێت ئەو کەسەی دەیژەنێت دابنیشێت، بەڵکو دەبێت بەپێوە بیژەنێت و کەسێکیش دەبێت لە تەنیشت ژەنیارەکەوە، لاپەڕەی نۆتەکانی بۆ هەڵبداتەوە، هەروەها تەواوکەری ئامێرەکانی ترە وەک کەمانچە وگیتار و چەلۆ...هتد، واتا بە تەنیا هیچ نۆتێک و میوزیکێک دەرناکات، هەر بۆیە لە زۆرترین کۆنسێرتە جیهانیەکانی تایبەت بە میوزیک بەکاردەهێنریت چونکە خۆی دەنگێکی گڕی هەیە و ئاوازێکی خۆش دەدات بە تێکەڵکردنی لەگەڵ ئامێرەکانی تر.

 دێژین، ئێستا لە هۆڵی هونەری شاری سلێمانی، لەگەڵ هاوڕێکانی سەرقاڵی پڕۆڤەکردنە بۆ خۆئامادەکردن بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەشی میوزیکی پەیمانگاکەیان، وەک خۆی دەڵێت: هیچ شوێنێک ئامادەنیە سپۆنسەری کۆنسێرتەکانی میوزیک بکات، بۆیە کۆنسێرتەکان لەسەر ئەرکی خۆیان سازدەکرێن.

دێژین، دەشڵێت: باوکم زۆر هاوکاری کردووم ئەگەر بمەوێت لە کۆنسێرتێک بەشداری بکەم باوکم کۆنتراباسەکەم بۆ هەڵدەگرێت و ئەو بۆم دەباتە هۆڵەکەوە و زۆر قەرزاری ماڵەوەمانم چونکە هاوکاری زۆری منیان کردووە و هەمیشە هانیانداوم کە بەردەوامبم و دانەبڕێم لەم ئامێرە.

لە بارەی بەشداریکردنیشی لە چالاکییە هونەرییەکاندا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لەگەڵ تیپی لاوانی سلێمانی و هەروەها لەگەڵ گروپی میوزیک لە کۆنسێرتی هونەرمەند هانی بەشداریکردووە، خوازیاریشە دوای تەواوکردنی خوێندن ببێتە مامۆستا لە ژەنینی کۆنتراباس-دا، هانی کچان بدات لە ژەنینی ئامێری گەورەدا نەترسن و فێرگەیەکیش بۆ ئارەزوومەندانی میوزیک بکاتەوە.

لە بارەی توانای ژنانەوە زیاتر دواو وتی: هیچ شتێک ئەستەم نیە ئەگەر خۆت بتەوێت هەوڵی بۆ بدەیت و جیاوازیش نیە لە نێوان ژن و پیاو بۆ کردنی هەر کارێک، چونکە توانای هەموو ژنێک بێ ئەندازە زۆرە و پێویستیش ناکات خۆمان بچوک ببین و بترسین، ژن هەمیشە پێشەنگە لە هەموو کارێکدا هەربۆیە "بەرەو ئەو ئامانجە بڕۆن کە خۆتان دەتانەوێت هیچ شتێکیش نەبێتە ڕێگر لەبەردەمتاندا، بەتایبەت دوای چوونە ناو ژیانی هاوسەرگیریەوە".

ک.س