بەرخۆدانی ساکینە جانسز لە کورتە فیلمێکدا دەخرێتەڕوو

بەرخۆدانی ساکینە جانسز (هەڤاڵ سارا) یەکێک لە پێشەنگانی پەکەکە، لە زیندانی ئامەد لە کورتە فیلمێکدا، نیشاندەدرێت، کورتە فیلمەکە بەناوی "لەناو ١٠ ساڵدا سێ ڕۆژ" لە ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی سێ ژنی شۆڕشگێڕ، لە سەرتاسەری باشوری کوردستان نمایش دەکرێت.


ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەریی بەرخۆدانی یەکێک لە پێشەنگانی پەکەکە، (ساکینە جانسز) لە زیندانی ئامەد و لەدژی ستەم و وەحشیەتی دەوڵەتی تورک، دەکاتە کورتە فیلمێک بە ناوی "لەناو ١٠ ساڵدا سێ ڕۆژ"، کارەکانی فیلمەکە بەرەوە کۆتایی دەچێت، لەو فیلمەدا ٣٠ ئەکتەر کە هەموویان ئەندامی ئەو ڕێکخراوەن بەشدارییان کردووە.

ئەکتەر و هۆنەرمەندان لەسەر ناوەڕۆکی کورتە فیلمەکە ئاماژەیان بەوەداوە کە ئیرادەی بەهێزی ژنی کورد لە بەرامبەر ستەمی دەوڵەتی تورک لە زینداندا نیشاندراوە، کتێبی ساکینە جانسز بەناوی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو" سەرچاوەی سەرەکیی ئامادەکردنی ئەو فیلمە بووە، هەروەها سوود لە ڕوانگە و بیرەوەریەکانی هەڤاڵانی تێکۆشانی سەکینە جانسز گیراوە.

٩ی ئەم مانگە لە باشوری کوردستان لە ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی سێ ژنی شۆڕشگێر، سارا، ڕۆژبین و ڕووناهی (ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان) ئەو کورتە فیلمە نمایش دەکرێت.

هەروەها ڕێکخراوی نوێگەر ئاماژەی داوە کە ئەو کورتە فیلمە دەنێرێتە فیستڤاڵەکانی فیلم.

ش.ف