بەرخۆدانی شەڕڤانان و خیانەتی دەوڵەتان لە چەندین تابلۆدا نمایشکرا

لە پێشانگایەکی کاریکاتێرییدا لە ڕێگەی نمایشکردنی تابلۆکانەوە ئازایەتی و بەرخۆدانی شەرڤانان نمایشکرا، هەروەها تیشک خرایە سەر خیانەتی دەوڵەتانی زلهێز بەرامبەر بە گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە.


ئێوارەی ئەمڕۆ بە بەشداریی ٢١وڵات، پێشانگایەکی کاریکاتێری لە ژێر ناونیشانی''هەموومان ڕۆژئاڤاین'' لە شاری سلێمانی، لەلایەن ناوەندی حەوت ڕەنگەوە کرایەوە و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

لە پێشانگای ''هەموومان ڕۆژئاڤاین''، لە ٢١ وڵاتەوە ٦٤ کاریکاتێرست بە ٨٤ کاریکاتێر بەشدارییان کردووە، وێنەکان هەر یەکە و پەیامێکی جیاوازی بەرجەستەکردبوو.

لە تابلۆکاندا ئاماژە بە وڵاتانی جیهان کرابوو، کە بە هەموویانەوە چاویان لە سەر کوردستانە و هەر یەکە و بە شێوازێک هەوڵی داگیرکردنی دەدەن، لە بەرامبەرشیدا هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بە خۆڕاگرییەوە بەردەوامن لە بردنەوەی ئەو شەڕە نابەرامبەرە و لە شەڕێکی قورسدان بەرامبەر دەوڵەتی تورک.

ڕێناس عارف یەکێک لە رێکخەران و بەشداربووانی پێشانگاکە، وتی: تەواوی بابەتەکانی ئەو تابلۆیانە پشتگیرییە لە شۆڕشی ڕۆژئاوا، کە بەرەنگاری شەڕی گەورەی جیهانی دەبنەوە، ئێمە هیچ کات ڕێگا نادەین کە ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنەهابێت.

س.ح