بەرهەمی دەستیی ژنانی سلێمانی نمایش دەکرێت

کارگەی مافووری سلێمانی، پێشانگایەکی بۆ نمایشکردنی کارە دەستییەکانی کارگەکەی کردووەتەوە، بەرهەمی دەستی زیاتر لە ٥۰ ژنی دەستڕەنگینی تێدا نمایشکراوە.


ماوەی دوو ڕۆژە کارگەی مافووری سلێمانی، پێشانگایەکی کارە دەستییەکانی بۆ بەرهەمەکانی کارگەکە کردووەتەوە، کە بەرهەمی دەستی ئەو ژنانە دەستڕەنگینانەن لە کارگەکەدا کار دەکەن.

ئەو بەرهەمانەی لە پێشانگاکەدا نمایشکراون، بریتین لە جاجم، بەرماڵ، تابلۆی فەرشیی و چەندین بەرهەمی ناوازەی دیکە.

پێشانگاکە لە ۲٨ی ئەم مانگەوە کراوەتەوە و بڕیارە ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام بێت، هاوڵاتیانیش بۆ کڕین و بەدەستهێنانی بەرهەمەکان ڕوو لە پێشانگاکە دەکەن.

بەرپرسانی کارگەکە نیگەران بوون لەوەی کە بەرهەمەکانیان وەک پێویست ساغنابێتەوە، هۆکاری ئەوەشیان گەڕاندەوە هاوردەکردنی بەرهەمیی دەرەکی.

کارگەی مافووری سلێمانی لە ساڵی ۱۹۹۷ـەوە لە ناو کارگەی جگەرەی سلێمانی لە شەقامی سالم دامەزراوە، چەند ساڵێکە بەهۆی قەیرانی دارایی و ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیانەوە، کارمەندەکانیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، ساڵانەش پێشانگاو فێستیڤاڵی تایبەت بە بەرهەمەکانیان دەکەنەوە.

س.ح