"بەشێک لە شوێنەواری قەڵای کەرکوک دزراوە و لە تورکیایە"

شارەزایەکی بواری مێژووی شاری کەرکوک ئاشکرایدەکات، بەشێک لە ئاسەوارەکانی گومەزە شینەکەی ناو قەڵای کەرکوک، کە مێژوویەکی دێرینی هەیە، دزراوە و لە مۆزەخانەی تۆپ قاپی شاری ئیستەنبوڵە. ڕۆژنیوز لە بەدواداچوونێکدا زانیاری زیاتر لە بارەی گومەزە شینەکەی کەرکوک و دزینی شوێنەوارەکان دەخاتەڕوو.


قەڵای کەرکوک، کە بەپێی سەرچاوە مێژوویەکان، مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ساڵانی (٣٥٠٠-٤٥٠٠) پێش زایین و دەکەوێتە ناوەندی شاری کەرکوکەوە، بە یەکێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی شارەکە دادەنرێت.

 

قەڵای کەرکوک و گومەزە شینەکە

لەناو قەڵای کەرکوکدا کۆمەڵێک شوێنەواری گرنگ هەیە، یەکێک لەو شوێنەوارانەش بە گومەزە شینەکەی قەڵای کەرکوک ناودەبرێت، کە بە یەکێک لە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین شوێنەوارەکانی شارەکە دەناسرێت.

گومەزە شینەکە لە دەروازەی چوونە ژورەوەی سەر قەڵای کەرکوک ٢٠٠ مەتر دوورە و دەکەوێتە بەشی باکوری ڕۆژهەڵاتی قەڵاکە، بەرزییەکەی زیاتر لە ١٠ مەترە و چوار تاقی تێدایە. 

گومەزە شینەکەی کەرکوک کەی دروستکراوە؟

گومەزەکە لە دەرگای باکوری قەڵاوە ٢٠٠ مەتر دوورە و لە نێو حەوشەیەکی فراواندا دروستکراوە، بە هەر چوار دەوریدا ڕاڕەو دورستکراوە، کە بە گوێرەی سەرچاوە کۆنەکان وەک پەرستگا سودی لێ بینراوە، ئەو گومەزە لە کۆتایی دەسەڵاتی ئیلیخانیەکانیەکان و لە سەرەتای دەسەڵاتی جەلائیریەکان دروستکراوە، واتا مێژووییەکی کۆنی هەیە، پێکهاتەی گومەزەکە لە کەرپوچ و گەچ و ماددەی نورا، کە تەنها لە خاکی کەرکوک و گەرمیان هەیە دروستکراوە، کە لە شوێنەکانی دیکە دەست ناکەوێت.

دیوی ناوەوەی گومەزەکە لە بەردی قاشان دروستکراوە، ئەو بەردە بەشێکی ڕەنگا و ڕەنگە، دیوی ناوەوەی گومەزەکە پێنج مەتر فراونیەتی و بەرزیەکەی ١٠ مەترە، لە ناوەوە لە شێوەی چوارگۆشە دروستکراوە، چوار تاقی تێدا دروستکراوە بۆ ئەوەی ڕۆژانە خۆری لێوە بچێتە ناوەوە.

نهێنی ناو گومەزەکە چییە؟

لەناو گومەزەکە گۆڕێک هەیە، کە مێژوویەکی دێرینی هەیە، کە گۆڕی کچێکی دەوڵەمەندی قاجارییەکانە و باوکی ڕۆڵی وەک پاشایەک هەبووە، بەڵام لە کاتی نەخۆشکەوتنی ئەو کچەی لە ساڵی ٧٦٢ی کۆچی، دوای ئەوەی ویستوویانە لە کەرکوکەوە ڕەوانەی وڵاتی هندستانی بکەن بۆ چارەسەر، بەڵام کۆچی دوایکردووە و لەناو ئەو گومەزە ناشتویانە، کە ئەوەش نهێنی ناو گومەزەکەیە.

عوسمانیەکان گۆڕی کچە قاجاڕییەکەیان دزی

ستار جەباری، شارەزا لە بواری مێژوو، باس لە تاڵانیی عوسمانییەکان دەکات و دەڵێت:"دوای هاتنی عوسمانییەکان و داگیرکردنی کەرکوک، چەتەکانی عوسمانی ئەم گۆڕە هەڵدەدەنەوە، وا بیریان کردۆتەوە کە گۆڕەکە زێڕ و خشڵی تێدایە، بەڵام دوای  هەڵدانی گۆڕەکە دەردەکەوێت تەنها ئێسک و پروسکی تێدایە، دواتر پاشماوەی گۆڕەکە دەدزن و بۆ شوێنێکی نادیار دەیبەن، تا ئێستاش ئێسک و پروسکی ئەو گۆڕە نادیارە".

ئەو شارەزایە لە بارەی تاڵانکاریی عوسمانییەکانەوە زیاتر دەدوێ و دەڵێت: "عوسمانییەکان هەر شوێنێکیان داگیرکردبێت ئاسەوارەکانیان دزیووە، بە بەڵگەوە دەڵێم، بەشێک لە ئاسەوارەکانی ناو ئەو گومەزە لە مۆزەخانەی تۆپ قاپی لە شاری ئیستەنبوڵ نمایشکراوە، وە ئێستا گەورەترین قورئان کە خوشنوسێکی کورد نوسویەتی دزراوە و لەو مۆزەخانەیەی تورکیا دانراوە".


ک.ک