بەهۆى نەبوونى مۆزەخانەوە مەترسى لەناوچونى شوێنەوارەکانى سۆران هەیە

بەپێى ڕووپێوییەکانى شوێنەوار، لە دەڤەرى سۆران-دا ٨٥٠ ناوچەى شوێنەوارى هەیە و هەتاوەکو ئێستاش زیاتر لە ١٠٠٠ پارچەى شوێنەواریى دۆزراونەتەوە، بەڵام بەهۆى نەبوونى مۆزەخانەوە مەترسى لەناوچوونى ئەو کەرەستە شوێنەواریانە هەیە کە لەسۆران دۆزراونەتەوە ، لەبەر ئەوەى لە شوێنێکى نەگونجاودا هەڵگیراون.


دەڤەری سۆران لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان، بەیەکێک لە ناوچە دەوڵەمەندەکان دادەندرێت لەڕووى شوێنەوارەوە، بەهۆى ئەوەى چەندین ئەشکەوت و شوێنەوارى مێژوویى تێدایە، كە بە شێكیان مێژوویەكەی بۆ سەردەمی چاخی بەردین دەگەرێتەوە، هەروەها ناوەندى ئیدارى میرنشنى سۆران بووە، بەو هۆیەشەوە چەندین قەڵا و شوێنەوارى سەردەمى میرنشینى سۆرانى تێدا ماوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران  هەرچوار شارۆچكەی سۆران و ڕەواندز و چۆمان و مێرگەسۆر دەگرێتەوە

چەندین ڕێکخراوى بیانى و زانکۆکانى جیهان و چەندین شوێنەوار ناسى ناوخۆیی و دەرەکى کارى هەڵکۆڵین و پشکنینیان ئەنجامداوە لە سنورى سۆران، بەڵام بەهۆى ئەوەى مۆزەخانەیەک نییە پارچە دۆزراوە شوێنەراییەکانى تێدا هەڵبگرن، هەموو پارچەکان لە ژورێکى بچوکى بەڕێوبەرایەتى شوێنەوار سۆراندا هەڵگیراون، بەوهۆیەشەوە مەترسى لەناوچونیان لەسەر دروست بووە.

شوێنەوار ناسە جیهانییەکان گرنگى بە سۆران دەکەن

بەپێى سەرچاوە مێژوویەکان لە ساڵانی ١٨٢٧ شوێنەوارناسانی بیانی بۆ لێكۆڵینەوەی زانستی سەردانی دەڤەری سۆران و برادۆستیان كردووە.

لە ئێستاشدا زانكۆی كامبریج بە پێی گرێبەستێك لەگەڵ شوێنەواری سۆران كاری هەڵكۆڵین بۆ شوێنەوارەكانی دەڤەری سۆران دەكات و  لە چەند ساڵی ڕابردووشدا ١٠ یەمین ئیسكە پەیكەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزرایەوە دواتر بۆ لێكۆڵینەوە گوازرایەوە بۆ وڵاتى بەریتانیا.

شوێنەوارەکانى سۆران

ئیچ قەڵا، یەکێکە لە قەڵا مێژوویەکانى دەڤەرى سۆران و لە ساڵانى ١٨١٣- ١٨٣٦ بارەگای فەرمی میرنشینی سۆران بووە، هەتاوەکو ساڵى ١٩٩٣ قەڵاکە وەک خۆى ماوەتەوە و کەمترین زیانى بەرکەوتووە، بەڵام بەهۆى شەڕى ناوخۆوە زۆرترین زیانى بەرکەوت و بەشێکى زۆرى ئەو قەڵا مێژوویە داڕوخا لە شەڕى ناوخۆدا.

بەشێکى دیکە لە شوێنەوارەکانى سۆران ئەشكەوتی بەستونە و ئەشكەوتی میركەلۆس ئەشكەوتی شانەدەر-ە، بە کۆنترین ئەشكەوتەكانی جیهان دادەنریت، کە مرۆڤى تێدا ژیابێت، چەندین لێكۆڵینەوەی زانسی لەسەر ئەو ئەشکەوتانە کراوە.

بڕیارى دروستکردنى مۆزەخانە داراوە و جێبەجێنەکراوە

لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیاردرابوو، کە ئیچ قەڵا، لەسەر شێوازە مێژوویەکەى نۆژەنبکرێتەوە و بکرێتە مۆزەخانەیەک، بەڵام بەهۆى قەیرانى داراییەوە ئەو بڕیارە جێبەجێنەکرا.

دلشاد موتەلیب، شوێنەوارناس لە بەرێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران بۆ ڕۆژنیوز قسەی لەسەر کەموکورتییەکانى بەڕێوبەرایەتییەکەیان و نەبوونى مۆزەخانەکرد لە سنورى سۆران و وتى:" كەمی كارمەند و نەبوونى پێداویستی و نەبوونی بینای تایبەت بە بەرێوەبەرایەتیمان و نەبوونی مۆزەخانە، گرفتی بۆدروست كردووین، بەڵام وەك بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران بەردەوامین لە پشكنین و كاری هەڵكۆلینی ناوچە شوێنەواریەكانی سنورەكەمان و لە ساڵانی ڕابردووشدا بەردەوام تیمی بیانی بۆ كاری پشكنین و شوێنەواری سەردانی دەڤەری سۆرانیان كردووە".

ئەو شوێنەوارناسە داوای لە حكومەتی هەرێم كرد كاربكەن بۆ دروستكردنی ئەو مۆزەخانەیەى کە بڕیار بوو لە سنورى سۆران دروستیبکەن، چونکە بەهۆى ئەوەى پارچە شوێنەوارییەکان لە شوێنێکدا هەڵگیراون، کە لەڕووى کەشوهەواى شوێنەکە و لەڕوى پێوەرە زانستییەکانەوە گونجاو نییە بۆ هەڵگرتنیان، مەترسى لەناوچونیان لەسەرە.

دڵشاد موتەلیبن ئاماژەى بەوەشکرد، کە ئەگەر مۆزەخانەیەک لە سنورى سۆران دروستبکرێت، ئەوا دەبێتە هۆى ڕاکێشانى گەشتیار بۆ سنورەکە و پەیداکردنى داهات بۆ حکومەت.

جێی ئاماژەیە چەندین جار چین و توێژەكانی شارۆچكەی سۆران و ڕەواندز داوای نۆژەنكردنەوەى ئیچ قەڵا و كردنی بە مۆزەخانەیان کردبوو، بەڵام حکومەت بەدەم داواکارییەکەیانەوە نەچوو.

د.ع