بەهۆی فیلمەکەی ساکینەجانسزەوە ئاسایش سینەما سالمی داخست

بەهۆی ئامادەکاریی بۆ نمایشکردنی کورتە فیلمێک لەسەر ژیانی ساکینە جانسز، ئاسایشی سلێمانی دەرگای سینەما سالم-ی داخست.


کەمێک پێش ئێستا ئاسایشی سلێمانی دەرگای سینەما سالم-ی داخست و ستافی سینامەکەش ڕاگەیەندراوێکیان لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (٨\١\٢٠١٩)، هێزێکی ئاسایشی گشتیی سلێمانی بێ هەبوونی نووسراوێکی فەڕمی، هاتنە سینەما سالم و دەرگای سینەماکەیان داخست".

هەروەها هاتووە:"ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی هەینی (١١\١\٢٠١٩)، فیلمێک لە ساڵیادی شەهیدکردنیدا دەربارەی هەڤاڵ ساکینە جانسیز لە سینەماکە نمایش بکرێت، هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە چەند ڕێگەیەکەیەوە و بێ هەبوونی پاساوێکی ڕاستەوخۆ و نووسراوی فەڕمی، ئاگاداریان دەکردینەوە کە ''نابێت ئەو فیلمە نمایش بکرێت''؛ سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە مۆڵەتی فەڕمیی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەیە".

ئەوەش هاتووە:"ئەم بەرتەسککردنەوەی ئازادی و قۆرخکردنی فەزای گشتییە ئیرادەی ئێمە ناخات و لە ئاست ڕێگریکردن لە هونەری ڕاستەقینە، بێدەنگ نابین".

بڕیارە کاتژمێر ٠٣:٣٠ خولەک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ستافی سینەما سالم وردەکاریی زیاتر بخەنەڕوو.

"لەناو ١٠ ساڵدا سێ ڕۆژ"، ناونیشانی کورتە فیلمەکەیە و لەلایەن ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەریی بەرهەم هێندراوە.

سینەما سالم دوای داخستنی

ش.ف