بە شمشاڵەکەی خۆشەویستی بۆ پیشەکەی و هاوڕێکانی دووبارە دەکاتەوە

لە هەڵەبجە، وەستایەک ٣٠ ساڵە کاری کورەچێتی و دروستكردنی چەقۆ، قەمە، تەور و پاچ و هەندێک پێداویستی دیکە دەکات، بەشێک لەکارەکانیشی بە کەرەستەی كۆنی سەربازی دروست دەکات، لە پاڵ کارەکەشی جارجار بە شمشاڵەکەی خۆشەویستی بۆ پیشەکەی و هاوڕێکانی دووبارە دەکاتەوە.


ڕۆژانە خەڵكی بۆ کڕین و چاكردن و تیژكردنی چەقۆ و داس و پاچ سەردانی دەكەن، کە یەکێکە لە پیشە کۆنەکانی شاری هە ڵەبجە، بەشێكیش لەگەنجان كاتێك سەردانی دەكەن داوای دروستكردنی بۆكس خنجەر و شمشێر دەكەن، هەرچەندە توانای دروستكردنی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زیان و مەترسی بۆ كۆمەڵگە و ژیانی هاوڵاتیان دەبێت دروستكردنی ئەو جۆرە کەرەستانە ڕەتدەكاتەوە.

وەستا شەریف محەمەد، هاوڵاتیەكی دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە نزیكەی ٣٠ ساڵە لەناو شاری هەڵەبجە، بە ئامێرە سەرەتاییەکانی، لە ناو دوکانەکەی لەپاڵ کورە بچکۆلانەکەی کاری دروستكردنی چەقۆ و تەورداس و قەمە و چەند پێداویستییەکی دیکەی ڕۆژانە و کشتوکاڵی دەکات.

دروستکردنی چەقۆی باش ڕۆژێکی پێدەچێت

ئەو وەستایە کە پیشەکەی بە "کورەچی" دەناسرێت بەشێکی سەرەکی کارەکەی درووستکردنی چەقۆیە، کە بە دووجۆر ئاسن دروستیان دەكات، ئەو كەسانەی چەقۆیەكی باش و تایبەتیان دەوێت لە كلاج و عەینەی دەبابەی سەربازی بۆیان دروست دەکات، دروستكردنی هەر چەقۆیەکی لەو چەشنەش ڕۆژێك تا ئێوارەی پێدەچێت، ئەگەر چەقۆیەكی ئاسایش بێت وەرەقی ئۆتۆمبێلی بۆ بەكاردێنێت و ئەمجۆرانە کاتی کەمتری دەوێت و لە رۆژێکدا دەتوانێت ٣ تا ٤ دانە دروستبکات، نرخی هەر چەقۆیەکیشی لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ هەزار دیناردایە.

وەستا شەریف، ڕۆژانە لای فیتەرو ئەو كەسانەی كاری ئاسنفرۆشی دەكەن ئاسن و کەرەستەی كۆنی سەربازیی و پارچەی ئۆتۆمبێل کۆ دەکاتەوە و لە کارەکانیدا بەکارییان دەهێنێت، "ئەو ئاسنانەی بەكاری دێنم‌ دوو جۆرن، جۆرێكیان خۆڵی زیاتری تێدایە لەكاتی لەكورەدان و دواتر ساردكردنەوەی ئاوی كەم وەردەگرێت زۆر بەهێزنییە، جۆرەکەی دیکەشییان خۆڵی كەمە و بەردی زۆرە دەبێت بە پۆڵا و زۆر بەهێزە".

لەسەر شێوازی دروستکردنی کارەکانی دەڵێت: كورەکەم بە خەڵوز و كارەبا کار دەكات، ئەو ئاسنەی دەمەوێت دەیکەمە ناو کورەکەوە تا سور دەبێتەوە، پاشان لەسەر دەزگاکەی بەردەستم بە چەکوش کاری تێدا دەکەم و ئەو شێوە و شێوازەی دەمەوێت لێی دروست دەکەم و دواتر لەئاوی دەدەم بۆ ئەوەی ڕەق و چاك و تیژبێت، چونکە ئەگەر لەئاو نەدرێت تێغەكە لار دەبێت و تیژیش نابێت، پاشان بە کۆسەرە و بڕبەن و هەندێک کەرەستەی دیکە تیژکاری تێدا دەکەم و ئامادەی دەکەم بۆ فرۆشتن".

"كارەكەم بەرەو نەمان ڕۆیشتووە"

سەبارەت بەكەمبوونەوەی ئەو جۆرە پیشانە، وەستا شەریف، دەڵێت: هەرچەندە كارەكەم بەرەو نەمان ڕۆیشتووە، بەڵام تا پێمبكرێت و توانام هەبێت ڕێگە نادەم كارەكە لەناوبچێت و بەردەوام دەبم لەسەری، ئێستاش جگە لەمن كەسێكی دیكەش لەهەڵەبجە ئەم كارە دەكات.

باسی لەوەشكرد، ئەو كەسانەی ڕۆژانە سەردانم دەكەن بۆ شتكڕین زیاتر پیاوانن و خاوەنی باخن، هەروەها گەنجانیش سەردانم دەكەن بۆ چەقۆ دروستكردن، بەشێك لەگەنجەكانیش زۆر جار داوای دروستكردنی بۆكس خنجەر یان شمشێرم لێدەكەن، بەڵام بەهیچ جۆرێك دروستی ناكەم، چونكە مەترسی بۆ كۆمەڵگە و هاوڵاتیان هەیە.

"کارەکەم خۆشدەوێت"

وەستا شەریف، دەڵێت: هەرچەندە لەم وەرزەدا ئیش كەمە بەهۆی گەرمی كەش و هەواوە، بەڵام لە وەرزی پایزان و بەهاراندا ئیش باشترە، "زۆر ئاسودەم و ئەگەر ڕۆژانە هیچ كەسێك شتێکم لێنەکڕێت، ئیشەكەی خۆمم خۆشدەوێت و لێی بێزار نابم".

سەبارەت بەو جیاوازیانەی لەكارەكەیدا هەیە وتی: ئەو شتانەی من دروستی دەكەم تایبەتە و بازاڕی و سادە نیە، چونكە كاری بازاڕی و ئەوانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن باش نین و چەقۆم بۆ هەر هاوڵاتییەکیش درووست کردبێت لێی ڕازیی بووە.

جگە لە پیشەکەی شمشاڵیش دەژەنێت

جگە لە کڕیارەکانی ڕۆژانە بەشێك لە هاوڕێ و هاوڵاتیان و هاوتەمەنەكانی وەستا شەریف، سەردانی دوكانەكەی دەكەن، باسی سەردەمی گەنجێتی خۆیان و ژیانی ڕۆژانەیان دەكەن، بەدەم دەمەتەقێ و پشوودانەوە وەستا شەریف، بەهۆی ئەوەی شمشاڵ ژەنێکی بەتوانایە جار جارە  شمشاڵیش دەژەنێت.

ک.س