تۆمەتبارێکی کۆمەڵکوژییەکانی ساڵی ٨٨ی ئێران لە سوید دەستگیرکرا

هاوڵاتییەکی ئێرانی بە تۆمەتی پێشلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، لە سوید دەستگیرکرا، کە تۆمەتبارە بە بەشداری لە کۆمەڵکوژییەکانی ساڵی ٨٨ی ئێران.


دوێنێ پۆلیسی سوید ڕایگەیاند کە کەسێکیان بە ناوی "حەمید نوری" یەکێک لە تۆمەتبارەکانی کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٨٨ی ئێرانی، لە کاتی چوونی بۆ سوید دەستگیر کردووە.

ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی، دانیشتووی سوید، ڕایگەیاندووە کە، حوکمی دەستبەسەرکردنی حەمید نوری بە ناوی خوازراوی "حەمید عەباسی" کە یەکێک لە کەسانی بەشدار لە کۆمەڵکوژییەکانی ساڵی ٨٨ـە لەلایەن دادگاوە بۆ ماوەی چوار هەفتەی دیکەش درێژ کراوەتەوە.

ڕۆژنامەی 'ئافتۆن بلادت'ی سوید نووسیویەتی: 'کارۆلینا ویسلاندر' داواکاری گشتی ستۆکهۆڵم ڕایگەیاندووە: "ئەم کەسە تاوانبارە بە تاوان دژی مرۆڤایەتی و کوشتن لە زیندانی 'گەوهەردەشت' لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨ لە ئێران".

جێگای ئاماژەیە هاوینی ساڵی ١٩٨٨ نزیکەی پێنج هەزار زیندانی سیاسی (کە زۆربەیان لە چەپ، کۆمۆنیست و موجاهیدینەکان پێکدەهاتن) لە ٣٢ شوێنی ئێران کۆمەڵکوژ کران، گروپێک بە ناوی "دەستەی مەرگ" لە ماوەی دوو مانگ ئەو زیندانیانەیان لە ڕێگەی پەتی سێدارە و تیربارانەوە کۆمەڵکوژ کرد، لە ئێران ئەم ڕووداوە بە "کۆمەڵکوژی ٦٧" ناسراوە.

ک.س