تۆپەکەی وەستا ڕەجەب میراسی بەجێماوی میرنشینی سۆران

شارۆچکەی ڕواندز یەكێكە لە شارە دێرینەكانی كوردستان، کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێرەوە لە باشوری کوردستان، هەروەها سەردەمانێك پایتەختی میرنشینی سۆران بووە، خاوەنی كەلەپورێکی زۆرە، خەرەند، تۆپەكەی وەستا ڕەجەب، قەڵاكانی پاشای كۆرە و پەیكەری میر محەمەد پاشای میرنشینی سۆران بونەتە ڕەمزی شارۆچکەکە.


ڕواندز لە سەردەمی فەرمانڕەوایی میر محەمەد ناسراو بە پاشای كۆرە، خاوەنی كارگەی چەك و جبەخانە و خەنجەر بووە، ئەمەش وەك چەكی بەرگری لە میرنشینەكەی كە تەمەنی فەرمانڕەوایی میرنشینەكەی زیاتر لە ٢٠ ساڵی خایاندووە.

لە ساڵی ١٨١٣ كاتێك میر محەمەد دەبێتە میری میرنشینی سۆران شارەزایەكی بواری ئاسنگەری بەناوی (وەستا ڕەجەب) دەنێرێتە وڵاتی ڕوسیا بۆ فێربوونی دروستكردنی چەك، وەستا ڕەجەب فێری دروستكردنی تۆپ دەبێت كە لە دواجاردا ئەم تۆپانە وەك چەكی سەرەكی لەشەڕەكاندا بەكارهاتووە.

وەستا ڕەجەب دوای ئەوەی لە ساڵی ١٨١٣ زاینی دەچێتە ڕوسیا و دواتر دەگەڕێتەوە، تۆپی دوور هاوێژی دروستكردووە، بەم هۆیەشەوە میرنشینی سۆران لە ڕیزی  وڵاتە بەهێزەكان بووە لە چەكی قورس و خاوەنی زیاتر لە ٢٠٠ تۆپی دەستی وەستا رەجەب بووە.

دوا بەدوای ڕوخانی میرنشینی سۆران لەسەر دەستی عوسمانییەکان، تۆپەكانی وەستا ڕەجەب لەناو دەبرێن و فڕێ دەدرێنە ناو ڕووباری خەرەندی ڕواندز، مێژووناسان لەم ڕووەوە دەڵێن، لەبەرئەوە تۆپەكان فڕێدراونەتە ناو ڕووباری خەرەند بۆ ئەوەی هێزەکانی ڕکابەری عوسمانییەکان سودی لێنەبینن، هەروەها دەوترێت ڕوسەكان خۆیان تۆپەكانیان بردووەتەوە بۆ ئەوەی ئینگلیزەكان و هاوپەیمانەكانیان عوسمانیەكان واهەست نەكەن كە ڕوسەكان هاوكاری میرنشینی سۆرانیان كردووە.

دوابەدوای هاتنی سەید تەهای شەمزینی لەساڵی ١٩٢٣ وەك یەكەم قائیمقامی شارۆچكەی ڕواندز، هەوڵی داوە تۆپەكان بدۆزێتەوە، بەڵام تەنها دوو دانەیانی بۆ دۆزراوەتەوە، ئێستا یەكێكیان لە ڕواندزە و ئەوی دیکەیان لەبەردەم بینای وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەغدا دانراوە.

ئەگەرچی مەلا و مزگەوتیش هەبووە، لە دوای دۆزینەوەی ئەم دوو تۆپە، خەڵكی ڕواندز لە مانگی ڕەمەزاندا ئەو تۆپانەیان بەكارهێناوە بۆ بەربانگ و كاتی جەژنەكان، ئەوەش وەک نەریتێک بەکارهێنراوە بۆ بەربانگکردنەوە.

تۆپەکەی وەستا ڕەجەب تا ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووش ئێوان بۆ بەربانگ بەکارهێنراوە.

ساڵح محەمەد كەسایەتییەلی ڕواندزە و یەكێكە لەو كەسانەی كە لە ساڵانی شەستەكان لەگەڵ ئەو كەسانە بەشدار بووە كە تۆپەكەیان لەمانگی ڕەمەزاندا تەقاندووە، ئەو دەڵێت هەموو ئێوارانی مانگی ڕەمەزان هەموو كەسێك دەهاتە لای تۆپەكەی وەستا ڕەجەب، هەركەسێك پارچە قوماش و جل و بەرگی كۆنیان دەهێنا و لەگەڵ دەرمان بارووت دەیانخستە ناو لولەی تۆپەكە، لەگەڵ ڕۆژئاوابوون دەیان تەقاند و ڕاستەوخۆ دوای ئەوە مەلای مزگەوت بانگی دەدا و دەبوە بەربانگ کردنەوە.

س.ح