تەحسین تەها، هونەرمەندی گەلێک

تەحسین تەها لە سەدەی ڕابردوودا بە دەنگ و هونەرەکەی توانی خزمەتێکی زۆر بە گەلەکەی بکات و مۆرکی نەتەوەکەی بپارێزێت، ئەگەرچی ٢٤ ساڵ بە سەر کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە تێپەڕ دەبێت، بەڵام میوزیک ژەنەکان و هونەرمەندانی باشور بە دەنگێکی زیندووی ڕەسەن ناوی دەبەن و باس لەوە دەکەن، کە دەنگی تەحسین تەها نمونەیەکی بەرجەستەی نەتەوەکەی بووە.


هونەرمەند تەحسین تەها لە ساڵی ١٩٤١ لە شارۆچكەی ئامێدی سەر بە پاریزگای دهۆک، لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر لە دایكبووە و هەر لەو شارۆچکەیە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواو کردووە، لە ساڵی  ١٩٦٠لە كولێژی هونەرە جوانەكان لە بەغدا وەردەگیرێت، بەڵام هەر لەو ساڵەدا بە بیانووی بەشداریکردن لە کار و چالاکی سیاسی دەستگیردەکرێت و لە خوێندن دوور دەخرێتەوە.

دواتر دووبارە لە ساڵی ١٩٦٣ـەوە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە لە گەڵ خاڵێکی بە ناوی عومەر، دووبارە دەستگیردەکرێتەوە و زۆر نابات بەر لێبوردنی گشتی دەکەوێت و ئازاد دەکرێت، جارێکیتر دەچێتەوە بەر خوێندن و لە دوای تەواوکردن پەیمانگا بۆ یەکەمجار دەبێتە مامۆستای سرود لە شارۆچکەی مەخمور.

بنچینەی هونەری تەحسین تەها لە سەر بنەمای هونەر دۆستی بنەماڵەکەی و باوکی دادەمەزرێت کە شاعیرێکی دیاری ئەو سەردەمە بووە و زۆرێک لە گۆرانییەکانی تەحسین، هۆنراوەی خۆی یاخود باکوین، لە نمونەی 'ڕابە جوتیار، بەهدینان، چوومە زاخۆکێ'.

تەحسین تەها، بەهۆی گۆرانییە نیشتمانییەكانی چەندین جار زیندانی كراوە، بەرهەمەکانیشی لە نێوان ساڵانی ١٩٦٠-١٩٧٠زیاتر لە ١٢٠ گۆرانییە کە لە ڕادیۆی كوردی لە بەغدا تۆماركراوە، کە ئاوازەکانی زیاتر لە ئاوازی میلـلی و کەلەپووری هونەری نەتەوایەتی وەرگیرابوون و بەرجەستەی ژیانی گوند و لادێیان پێوە دیاربووە، کە هەموویان هەڵقووڵاوی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوینداری بوون.

یەكەمین گۆرانیشی بەناوی 'ئەشكەرا ناكەم یا لبەر ڤی دلی' کە نووسین و ئاوازی خۆیی بووە و لە ساڵی ١٩٥٨ تۆماری کردووە و ناوبانگێكی زۆریشی پەیدا كردووە، هەروەها وەک ئەکتەریش بەشداریی چەند شانۆیەکی کردووە.

تەحسین تەها هونەرمەندێکی نیشتمانپەروەر بووە بۆ وڵاتەكەی و تا دوایین ساتی تەمەنی هەمیشە لەژێر چاوەدێری دەزگا ئەمنییەكاندا بووە.

ئەو هونەرمەندەی کورد، ماڵەکەی کردووەتە مەڵبەندێکی هونەریی و یانەی مۆسیقازان و گۆرانیبێژانی کورد، یەکەم کۆنسێرتی تایبەتی خۆی لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە شاری دهۆک ئەنجام داوە.

تەحسین تەها لە نێوان ساڵانی ١٩٧٦-١٩٧٩دا، لە سێ شانۆی شۆڕش، ڕووباری ژیان و دەرگاكانی ژیان، ڕۆڵی سەرەكی لە گەڵ هونەرمەندانی دیكەی وەک 'سەلام مەحموود عەدۆ، سوبحی كۆیی، تەحسین سابیر، جەودەت مەحموود، كوردۆ گەڵاڵی، ئەسعەد عومەر، ئامانج یونس، دەگێڕیت.

هونەرمەند تەحسین تەها لەو سەردەمەی باری کوردستان سەختبووە، چووە وڵاتی هۆڵەندا و چەند ساڵێک لەو وڵاتەدا بە ئاوارەیی ژیا، تا لە ٢٨ی ئایاری ١٩٩٥ لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە بەنەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە دوای چەند ڕۆژێک هێنرایەوە کوردستان و لە ئامێدی بەخاک سپێردرا.

هونەرمەند و میوزیکی ژەن ئەنوەر قەرەداغی، سەبارەت بە تەحسین تەها دەڵێت: بە هونەرەکەی خزمەتێکی باشی بە هونەری نەتەوەکەی کرد و توانیبووی شوێنی خۆی لە ناو دڵی جەماوەرکەی بکاتەوە و هەمیشە هەوڵی داوە، کە قورسایی خۆیی بپارێزێت.

قەرەداغی دەشڵێت "گۆرانییەکانی بەشێکی هێما بوو بۆ سیاسەت و بەشێکی دیکەی بۆ سروشت و جوانی کوردستان، هاوکات هەڵگری خۆشەویستی بوو".

ئەنوەر قەرەداغی بەپێویستی دەزانێت، کە "ژیاننامەی مامۆستا تەحسین تەها لە ناو پەیممانگاکاندا وەک نمونەیەک لە گەڵ کارەکانی بەرجەستە بکرێت، هەروەها ببێتە ئاستێکی بەراوردکاری بۆ ئێستا و ڕابردوو، چونکە موسیقی ئەمڕۆ وەک ساندویچ 'لەفە' خواردنی لێهاتووە، چونکە کاتییە و لەهزردا نامێنێتەوە و ئەوانەی ئەو بووەتە هەمیشەیی و جیل لە دوای جیل دەیڵێتەوە".

مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی نیگەرانە کاریگەری هونەری بێگانە بەسەر هونەری کوردییەوە و دەڵێت: بەداخەوە ئێمە گەلێکین ناگەرێین بە شوێن خاکی خۆماندا، بۆ نمونە لە سەردەمانی زوو دەچووینە شارەزوور و بە تەجیلێکەوە گۆرانییەکمان لە زاری جوتیارێک وەردەگرت و بە کارمان دەهێنا بۆ پێکهێنانی کارێکی جوان، هونەرمەندی ئێستا بووەتە لاساییکەرەوەی تورک و عەرەب و فارس و مۆرکی نەتەوەایەتی لەو هونەرە بڕیوە، لە کاتێکدا کوردستان دەوڵەمەندە بە هونەر.

سەمیر زاخۆیی، هاورێی تەحسین تەها کە دانیشتووی زاخۆیە، دەربارەی کەسایەتی تەحسین تەها قسەی کرد و وتی: خەڵکی بادینان و زاخۆ بە تایبەت زۆر حەزیان لە دەنگی بوو و بەردەوامی گوێگری دەنگی بوو، چونکە گۆرانی بۆ نەتەوەکەی دەوت و کەسێکی نیشتمان پەروەر بوو، هاوکات مامۆستا تەحسین هەمیشە خواستی کوردستانێکی سەربەخۆی هەبوو، بۆیە زۆرێک لە گۆرانییەکانی لەو پێناوەدا وتووە.

س.ح