تەلەفزیۆنی ئێران کوشتارێکی پشتڕاست کردەوە

تەلەفزیۆنی ئێران لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا کوشتاری خۆپیشاندەرانی لە هۆڕێکی ماهشەهر کە ئەو بە "ئاژاوەگێڕ" ناویان دەبات، پشتڕاست کردەوە.


لە کاتێکدا زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت، شەوی ڕابردوو تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران لە راپۆرتێکدا کە سەبارەت بە کوشتنی خۆپیشاندەران بڵاوی کردەوە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە هۆڕێکی شاری ماهشەهر کوژراون.

لە بەشێکی ڕاپۆرتی ئەو تەلەفزیۆنەدا کە لەژێر کۆنترۆڵی ماڵی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێراندایە، هاتووە: "لە ماهشەهر دۆخەکە جیاواز بوو، هەندێک لە گروپە جیاخوازەکان ڕێگەی بەندەری ماهشەهریان داخستبوو، بۆ چەند کاتژمێرێک شەڕی چەکداری ڕوویدا، لەم دۆخەدا هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕزگارکردنی گیانی خەڵک دەست بەکار بوون".

ئەمە لە کاتێکدایە کە 'ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی' لە دوایین ڕاپۆرتیدا، کە تێیدا گیانبەخترکردنی ٢٠٨ خۆپیشاندەری پشتڕاست کردووەتەوە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە پشتبەستن بە ئەنجامی  لێکۆڵینەوە و تاووتوێکردنی ڤیدیۆ و وێنە تۆمارکراوەکان، بۆمان پشتڕاست بووەتەوە کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە چەکی جەنگی خۆپیشاندەرانی سڤیل (بێ چەک)ـیان کردووەتە ئامانج.

بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان و ئەو ڤیدیۆانەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێنەوە، لەو ڕۆژانەدا هەندێک لە ناوچەکانی شاری ماهشەهر وەک بەرەی شەڕیان لێهاتووە، بە جۆرێک کە هێزە ئەمنییەکان بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران تانک و ئۆتۆمبێلی دۆشکا لەسەریان هێناوەتە سەر شەقامەکان و دەستڕێژی گولـلەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

جێگای ئاماژەیە، بەپێی ئەو هەواڵانەی ڕۆژانی ڕابردوو لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، کۆمەڵکوژی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لە هۆڕێکی شاری ماهشەهر (مەعشور)ـە لە پارێزگای خوزستان کە دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای ئێران نیشاندەدات، باس لەوە دەکرێت کە دەیان خۆپیشاندەر بۆ ڕزگاربوون لە گوللـەی ئەو 'بی کە سی' و دۆشکایانەی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران بردبوونی، پەنایان بردبووە ناو قامیشەکانی ئەو هۆڕە بۆ خۆحەشاردان، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە 'بی کە سی' و دۆشکا، دەدرێنە بەر دەستڕێژی گولـلە و هەموویان دەکوژرێن.

س.ح