تەنها یەک پەنجەی دەستی کار دەکات و دەیان پێشانگای شێوەكاریی کردووەتەوە

خاوەن پێداویستییەکی تایبەت سەرەڕای ئەوەی لەسەر کورسی تایبەتە و تەنها یەک پەنجەی دەستی کاردەکات، خاوەن چەندین بەهرە و توانای جیاوازە و لەگەڵ ئەوەی نەی خوێندووە بە هەوڵی خۆی فێری خوێندەواری بووە، یەکێکیشە لە هونەرمەندە شێوەكارەکانی شارۆچکەی ڕەواندوز و تائیستا دەیان پیشانگای شێوەكاری کردوەتەوە.


تەیب موعتەسیم، دانیشتووی شارۆچكەی ڕەواندوزی سەر بە پارێزگای هەولێرە، تا ئێستا خاوەن دەیان پیشانگای شێوەكاری و كاریكاتێرییە ئێستاش بەهۆی لاوازبوونی توانا جەستەییەكانیەوە كە لە زكماكەوە خاوەن پێداویستی تایبەتە، كاری شێوەكاری لە بە کارهێنانی دەستەوە كردۆتە كۆمپیتەر، جگە لەوەش لە دوکانەکەیدا کاری دیزاینی کتێب دەکات، ڕۆژنیوز بەهرەکانی ئەو هونەرمەند و دیزاینەرە دەخاتەڕوو.

هونەرمەند تەیب موعتەسیم، تەمەنی ٤٤ ساڵە و لە گوندی سەرانی سەر بە شارۆچكەی ڕەواندوز لە دایكبووە، هەر لە زکماکەوە خاوەنپێداویستی تایبەتە و لەسەر کورسی خاوەنپێداویستی تایبەتە، بەهۆی دۆخی تەندروستیەوە نەیتوانیوە بچێتە خوێندن، بەڵام هەر زوو بەهەوڵی خۆی توانیویەتی خۆی فێری خوێندن و نووسین بكات، لە ئێستاشدا تەنها یەك پەنجەی دەستی ڕاستی كاردەكات.

تەیب موعتەسم، ئێستا لە ناو بازاڕی شاری ڕەواندوز دووكانی پەڕاوگەی هەیە، بەهۆی ڕەفتارەکانی و ئەو ژیانە تایبەتییەوە بۆتە كەسێكی ڕۆح سووك و خۆشەویستی شارۆچكەکەی كە لە هەمانكاتدا دووكانەكەی سەنتەرێكە و بووەتە شوێنی كۆبوونەوەی ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی شارەكەی.

تەیب، هەر لە منداڵییەوە بەهرەی هونەری لە بواری شێوەكاریدا تیا دەركەوتووە و بەردەوام پەرەی بە تواناكانی خۆیداوە، سەرەتای كاری شێوەكاری لە ساڵی ١٩٩٣ دەستپێكردووە و تا ئێستاش دەیان پیشانگای لە ڕەواندوز، سۆران و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان كردوەتەوە.

ئەو هونەرمەندە ئێستا جگە لە کاری دوکانەکەی دیزاینی کتێب دەکات و توانیویەتی لە ڕێگای بەهرەكانییەوە بژێوی ژیانی دابین بكات، هەروەها بە خۆبەخشیش دیزاینی بەرگی کتێبی بۆ دەیان نووسەران و شاعیر كردووە.

هونەرمەند تەیب جگە لە كاری شێوەكاری و دیزاینەری، كەسێكی چالاكە لە بواری رێكخراوی مەدەنی و ناحكومی و پیشەیی، هاوكات خولیای كاری خۆبەخشی و خێرخوازی دیوێكی تری ژیانی هونەرمەند تەیب موعتەسم بووە و لەسەرجەم چالاكی و فیستیڤاڵ و بۆنە نەتەوەییەكاندا ڕۆڵی گرنگی هەبووە.

بەهۆی ئەوەی وردە وردە توانا جەستەییەكانی لاواز دەبن، تەیب موعتەسم لە ئێستادا لە كاری هونەری بە شێوازی دەستی دووركەوتەوە، بەڵام بەردەوام كۆشش دەكات بۆ ئەوەی لە بەهرەكانی دانەبڕێت، لە ئێستادا میكانزمی دیكەی كاركردنی بەپێی توانا جەستەییەكانی خۆی دۆزیوەتەوە و زۆرترین كاری لە بواری هونەری و دیزایندا بەكۆمپیتەر جێبەجێ دەكات.

هاورێیەكانی تەیب باس لە ڕۆڵی ئەو هونەرمەندە دەكەن و دەڵێن: هەمیشە داینەمۆی كارو چالاكییە ڕۆشنبیری و هونەرییەكانی شاری ڕەواندوز بووە و سەرەڕای دۆخی تەندروستی، بەڵام هیچ كات لە كاركردن هەست بە ماندوێتی و دوودڵی ناكات، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن كە تواناكانی تەیب جێگای سەرسوڕمانە.

هونەرمەندی شێوەكار و دیزاینەر بەهۆی كارە سەرەنج ڕاكێشەكانیەوە چەندین مەدالیا و خەڵاتی ڕێزلێنانی پێدراوە، زۆرینەی وێنەكانی بریتین لە سروشتی كوردستان و گوزارشتن كردن لە كارەساتی هەڵەبجە و بۆردوومانكردنی قەڵادزێ و ژیانی كوردەواری  و كاریكاتێری ڕەخنەیی كە وەك خۆی دەڵێت: ژمارەی وێنەكانی بە دیاریكراوی نازانێت، بەڵام دەیان پیشانگای جۆراوجۆری كردۆتەوە.

ک.س