جانتای خوری بازاڕی گەرم دەبێت

بایەخدان بە کەلوپەلە کلتورییەکان و ئەرکی پاراستنی ژینگە، هاوڵاتیان دەباتەوە بۆ چەند دەیەیەک پێش ئێستا و ئەو جانتا لە بەن دروستکراوانەی، کە جاران وەک خوێدان بەکاردەهات، ئێستا لەجیاتی جانتای چەرم لەشانی دەکەن.


لە ساڵانی ڕابردوودا، ژنانی کورد لە خوری و مووی ئاژەڵ زۆر کەلوپەلیان دروستکردووە، بەڕە، لەباو، جاجم، کومبار، بەرماڵ، خوێدان، قاتی شاڵ، هۆڕ و کورتان نمونەی ئەو دەیان کەلوپەلەن و لە ژیانی ڕۆژانەدا سودێکی زۆریان لێبیندراوە.

 

دوای ڕاگواستنی زۆرەملێی گوندنشینان بۆ کۆمەڵگە دورستکراوەکان لەلایەن ڕژێمی بەعس و دواتریش بەهۆی زاڵبوونی شارستانییەت و دووبارە ڕووکردنەوەی هاوڵاتیان لە شارەکان دوای ڕووخانی ئەو ڕژێمە، لە باشوری کوردستان ئەو کارە دەستییانە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەوە، ئەوانەشی لە بازاڕدا دەبیندران زۆربەیان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاوردە دەکران.

لە ئێستادا جارێکی دیکە بینینی ئەو کەلوپەلانە لە بازاڕدا و بەکارهێنانیان لەلایەن هاوڵاتیانەوە زیاد دەکات، ئەوەشی لەهەموویان زیاتر دەردەکەوێت جانتای خورییە، کە لە ڕابردوودا خوێدانیان پێوتووە و بۆ هەڵگرتنی خوێ بەکارهاتووە، بەشێک لە جانتاکان بە بەن(خوری و مووی ڕێسراو) چنراون، بەشێکیشیان بەڕە و جاجمی کۆنن، دەبڕدرێن و دەکرێن بە جانتا.

ئەو جانتایانە، بەشێکیان لە وڵاتانی سین و ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن و بەشێکی دیکەشیان لەناوخۆی باشوری کوردستان و بەزۆریی لە گەرمیان، قەڵادزێ و ڕانیە، دهۆك و زاخۆ و هەولێرەوە دروست دەکرێن و لە دووکانە کلتورییەکانی ئەو شوێنانە و شاری سلێمانی-دا ساغ دەکرێنەوە.

ڕەمەزان ئەحمەد، یەكێک لە دوکاندارانی ناو بازاڕی حەوزە وشکەکەیە لە شاری سلێمانی، لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا لەم دووکانەدایە و کاری فرۆشتنی جاجم و بەڕە و  فەرشی کوردیی دەکات، هەر خۆشی بەڕە و جاجم بەشێوازی لاکێشەیی یان چوارگۆشە دەبڕێت و دەیکات بە جانتا، بۆ ڕازاندنەوەشی گوڵینگە بەکاردێنێت.

زۆربەی کڕیارانی ئەو جانتایانە، گەنجن، گەشتیارانیش بەشێکی زۆری کڕیارەکان پێکدێنن و بە دڵخۆشییەوە لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

لەکاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، کۆمەڵێک گەشتیاری بیانی سەردانی دووکانەکەیان کرد و جاجم و جانتایان و ملوانکەیان کڕی، ماریکە ڤان بێسستێن(Marike Van Bessten)، دایشتووی وڵاتی بەریتانیا وتەمەن ٦٦ ساڵ، یەکێک بوو لەو گەشتیارانە، لەبارەی کەلوپەلەکانی ناو دووکانەوە بە ڕۆژنیوزی وت:  زۆر حەزم کردووە گەشتێک بۆ کوردستان  بکەم، چونکە زۆر خۆشە ئەم ملوانکەیەش کە بەدەست دروست کراوە  زۆرم پێ جوانە کڕیومە وەک یادگارییەک دەیبەمەوە بۆ وڵاتەکەم تا کوردستانم لە یاد بێت.

سیروان عەبدوڵا، کڕیارێکی دیکەی جانتای خورییە و وەک خۆی دەڵیت هاوسەرەکەشی هەمان جۆری جانتا  بەکار دێنێت، هۆکاری بەکارهێنانی ئەو جانتایەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە جانتایەکی کلتورییە و هونەری جوانی تێدابەکارهاتووە، هەروەها لە چەرمی ئاژەڵ دروستنەکراوە، کە دوای کوشتنی ئەو چەرمە بەکاردێت، جانتاری خوری لەدوای فرێدانیشی زوو شی دەبێتەوە و ژینگە پیس ناکات.

فرۆشیارانی کەلوپەلە کلتورییەکان، ئاماژە بەوە دەکەن، کە بەشێک لە کاڵاکانی ئەو دووکانانە تەمەنیان لە ١٠٠ ساڵ زیاترە، کە لە بەتەمەنەکانی دەکڕنەوە و بە گەنجەکانی دەفرۆشنەوە.

ش.ف