جلی کوردی.. لە کلتورەوە و بۆ قەدەغەبوون

جاران پۆشینی جلوبەرگی کوردی لەناو تەمەنە جیاجیاکاندا کلتور بوو، ئێستا ئەم نەریتە بەشێوەیەک پاشەکشەی کردووە، ساڵانە ڕۆژێکی سیمبولیی بۆ پۆشینی دیارییکراوە، ئەمە سەرباری ئەوەی لە ناوەندەکانی پەروەردەشدا قەدەغەیە خوێندکار جلی کوردیی بپۆشێت.


ئەمڕۆ ڕۆژی جلی کوردییە لە هەرێمی کوردستان، ساڵانی پێشتر لەم ڕۆژەدا خوێندکارانی خوێندگا و زانکۆکانی فەرمانبەرانی فەرمانگەکان بە جلی کوردییەوە دەچوونە سەر کارەکانیان، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەوامی سەرجەم فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن ڕاگیراوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا پۆشینی جلوبەرگی کوردیی لەناو خەڵکدا بە سەرجەم تەمەنە جیاوازەکانەوە گرنگیی پێدەدرا، بەڵام ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە و تەنها لە بۆنەکاندا جلوبەرگی کوردیی لەناو گەنجاندا دەپۆشرێت.

پۆشینی ئەم جلوبەرگە لە خوێندنگاکانی هەرێمی کوردستانیشدا بۆ خوێندکاران قەدەغەیە، بەوپێیەی کار بە سیستمی یەک پۆشیی دەکرێت، ڕۆژنیوز لەسەر ئەمە پەیوەندی بە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانیشەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ قسەیەک لەوبارەیەوە بکات.

دیار بەکر، خوێندکاری قۆناغی چوارەمی سەرەتاییە و ئەمساڵ جلی کوردیی کڕیوە بۆ ئەوەی لە ڕۆژی جلی کوردی بیپۆشێت بۆ خویندنگا، بەڵام لەبەر پشوو جلەکانی لەبەرنەکرد.

دیار دەڵێت:"ئەگەر ڕۆژانی ئاسایی بە جلی کوردییەوە بچین بۆ خوێندنگا مامۆستاکان لێمان تووڕدەبن و دەڵێن نابێت، بەڵام ئێمە حەزمان لێیە بەجلی کوردییەوە بچین".

محەمەد مستەفا خوێندکاری قۆنا‌غی یەکەمی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆیە، نیگەرانە لەوەی ئەمساڵ نەیتوانیوە بە جلی کوردییەوە بچێتەوە بۆ دەوام و دەڵێت: لە ساڵەکەدا یەک ڕۆژمان هەیە جلی کوردی بپۆشین بۆ دەوام، ڕۆژانی دیکە ڕێگامان پێ نادەن، تەنانەت هەندێ شوێن هەیە ئەو ڕۆژەش خوێندکارەکانیان ناتوانن لەبەری بکەن، ئەمساڵیش بەبۆنەی پشووەوە ئەم ڕۆژەمان فەوتا.

ئەو خوێندکارە باس لە خواستی خوێندکاران دەکات بۆ پۆشینی جلوبەرگی کوردیی و دەڵێت: هەموو خوێندکارێک لە ڕۆژی جلی کوردیدا بە دڵخۆشییەوە دەچوو بۆ دەوام، چونکە جلی ڕەسەنی نەتەوەکەی خۆمانە، مەرجیشە لە خوێندنگاکاندا هەمووی بە یەکپۆشیی بچێتە دەوام و نابێت جلی کوردی لەبەر بکات، تەنانەت لە ڕۆژی ئاڵای کوردستانیشدا نەمانتوانیوە جلی کوردی بپۆشین، ڕێگامان پێنادەن هێمای ڕەسەنایەتیی نەتەوەکەمان لەبەر بکەین.

لەسەر بڕیاری قەدەغەکردنی جلی کوردی لە زانکۆ و پەیمانگاکان، وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت بڕیار لای خودی زانکۆکانە، زانکۆکانیش ڕەتیدەکەنەوە و دەڵێن بڕیار لای وەزارەتە!.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئامادەنەبوو بۆ ڕۆژنیوز پشتڕاستی بکاتەوە کە پۆشینی جلوبەرگی کوردیی لە زانکۆکاندا ڕێگاپێدراوە یاخود نا و وتی: ئەوە پەیوەندیی بە زانکۆکان خۆیانەوە هەیە و ئێمە هیچ بڕیارێکمان لەوبارەیەوە نییە.

لە بەرامبەریشدا، د.ڕەزا حەسەن، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز وتی، کە ئەوان بڕیار لەسەر شێوازی جلوبەرگی خوێندکاران نادەن، بەڵکو ئەوە بەپێی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت.

ئەو پشتگوێ خستنانە وایکردووە، خەڵک بەگشتیی و گەنجان بەتایبەت، بەڕێژەیەکی کەم ڕوو لە پۆشینی ئەو جلوبەرگانە بکەن، تەنها لەناو بەتەمەنەکاندا زیاتر بایەخ بە پۆشینی ئەم جلوبەرگانە دەدرێت، بەشێکی هۆکاری ئەمەش بۆ کەرتی پەروەردە دەگەڕێندرێتەوە.

زانا عومەر، دوکانی فرۆشتنی جلوبەرگی کوردیی هەیە، بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوەکرد، کە ئەمساڵ ڕێژەی فرۆشتنی جلوبەرگی کوردیی کەمبووەتەوە و وتی: لەبەر ئەوەی بەهۆی پشووەوە یادی ڕۆژی جلی کوردی ناکرێتەوە، ڕێژەی فرۆشتنی جلی کوردیش ٨٠% بۆ ٩٠% کەمی کردووە، بەتایبەت فرۆشی جلوبەرگی کوردیی منداڵان زۆر زۆر کەمی کردووە.

زانا پێیوایە، کە ئەگەر پۆشینی جلوبەرگی کوردی لەناو فەرمانگە حکومییەکان و ناوەندەکانی خوێندندا سەربەست بکرێت، ئەوا خەڵکێکی زۆر حەزی بۆی هەیە و دەیپۆشێت، "بەڵام قەدەغەکردن وایکردووە تەنها بەتەمەنەکان زیاتر گرنگیی بە جلوبەرگی کوردیی دەدەن، گەنجەکان تەنها لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا لەبەری دەکەن".

س.ح