جوڵانەوەکانی شێخ مەحمود و کرمی دار

خیانەتی ناوخۆیی کە پەڵەیەکی ڕەشە لە مێژوویی گەلی کورد-دا، لە جوڵانەوەکانی شێخ مەحمودی حەفید-دا بەچڕیی ڕەنگی دایەوە، شێخ مەحمودی حەفید چوار جار دژی داگیرکەرانی کوردستان ڕاپەڕی، بەڵام خیانەتی ناوخۆیی هەموو جوڵانەوەکانی لەناوبرد.


 لە سەدەی بیستەمدا کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی باڵادەستبوو بەسەر سیستمی جیهانییدا، لە چوارچێوەی ئەو سیستمەدا نکۆڵیی لە بوون و ماف و ئازادییەکانی کورد کرا، بەتایبەت لە سەردەمی دامەزراندنی یەکەمین حکومەتی پادشایەتیی لە عێراق، کە ساڵی ١٩٢٠ وەک بەشێک لە پرۆژەی سایکس بیکۆ لەلایەن بەریتانیاوە دامەزرا، بەریتانیا هەژموونی خۆی بەتەواوەتیی سەپاندبوو بەسەر عێراقدا.

ئەوەش وایکرد باشوری کوردستان ببێتە ناوەندی جوڵانەوەی کوردیی و جموجوڵی زیاتر لە باشوری کوردستاندا دروستبوو، یەکێک لەو جوڵانەوە کوردییانەش شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید بوو، کە لە ماوەی ٧ ساڵدا چوار حکومەتی کوردیی ڕاگەیاند و هەوڵیدا بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد.

٢٣ی ئایاری ٢٠٢٠، ١٠١ ساڵ تێپەردەبێت بەسەر دامەزراندنی یەکەم حکومەتی کوردستان لەسەر دەستی شێخ مەحمود، لە ٢٣ی ئایاری ١٩١٩ شێخ مەحمود ئاڵای بەریتانییەکانی لە سلێمانی داگرت و ئاڵای حکومەتەکەی خۆی هەڵکرد.

چۆن شۆڕشی شێخ مەحمود دروستبوو؟

لە سەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانیی، بەریتانیا بەشێک لە هێزەکەی لە هیندستانەوە کشاندەوە بۆ عێراق، بەریتانیا دەیویست باشوری کوردستان داگیربکات و لە دەستی تورکەکانی دەریبهێنێت، ئینگلیزەکان چاویان بڕیبووە جیۆپۆلەتیکی باشوری کوردستان و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوییەکەی.

لەوکاتەدا شێخ مەحمود سەرقاڵی ڕێکخستنی لەشکرەکەی بوو، لەگەڵ بەستنی پەیمانێک لەگەڵ ئینگلیزەکان لەسەر کۆمەڵێک مەرج، بۆ ئەوەی کودەتایەک دژی تورک ساز بکەن، کاتێک تورکەکان بەمەیان زانی شێخ مەحمودیان دەستگیرکرد و ڕەوانەی کەرکوکیان کرد، دواتر لە ٣٠ی ٨ی ١٩١٨دا بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ شێخ مەحمود دەرکرد.

بەڵام تورکەکان دوودڵ دەبن لە جێبەجێکردنی سزاکەی شێخ مەحمود، چونکە دەترسان خەڵک لەدژیان ڕاپەڕێت و ئینگیزەکانیش جارێکی دیکە هێرش بکەنەوە سەریان، بۆیە دەیانویست سۆزی کورد بۆخۆیان ڕابکێشن، لەبەر ئەوەش سزاکەیان لەسەر شێخ مەحمود هەڵگرت و پلەی مارشاڵ-یان پێ بەخشی و کردیانە حاکمی کوردستان.

شێخ مەحمودیش بۆ ڕزگاربوون لەدەستی تورکەکان و تۆڵەسەندنەوە لێیان و بەرپاکردنی شۆڕش، ڕازیبوو بە دەستپێشخەرییەکەی تورکەکان، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیی بە سەرۆک هۆزە کوردەکان و ڕۆشنبیرەکان و کەسایەتییە عەرەبەکانی نزیک خۆی کرد و بڕیاریاندا کوودەتا دژی تورکەکان بەرپا بکەن و لە کوردستان دەریان بکەن.

لەو چوارچێوەیەشدا شاندێک دەنێرنە لای ئینگلیزەکان لە کفری و لەسەر ٧ بەند ڕێکدەکەون لەگەڵیان، کە دیارترینیان بریتیبوون لە داننان بە سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن هاوپەیمانانەوە دوای دەرکردنی تورک، هەروەها کورد سنووری سروشتیی خۆی وەربگرێت و ئینگلیزەکانیش هاوکارییان بکەن بۆ گەیشتن بە کۆمەڵەی گەلان.

ساڵی ١٩١٨ شێخ مەحمود کوودەتاکەی دژ بە تورکەکان دەستپێکرد و داوایان لە هەموو ئەفسەرانی تورک کرد لە سلێمانی، کە بەبێ خوێنڕشتن خۆیان ڕادەست بکەن، ئەوانیش ڕازیبوون، بەومەرجەی ڕادەستی ئینگلیزەکان نەکرێنەوە، کودەتاکەی لە سلێمانی سەریگرت و دواتر لە کەرکوک و هەولێر و موسڵیش تورکەکان کشانەوە بۆ تورکیا، شێخ مەحمودیش بەئاشکرا خۆی وەک سەرۆکی باشوری کوردستان ڕاگەیاند و حکومەتێکی کاتیی پێکهێنا.

شێخ لەتیفی حەفید، کوڕی شێخ مەحمودی حەفید لە یاداشتەکانیدا باس لە هۆیەکانی پشت پاڵپشتییەکەی ئینگلیز لە شێخ مەحمود دەکات و دەڵێت: لەوکاتەدا لە عێراق حکومەت دانەمەزرابوو و وڵاتەکەش لەژێر دەستی ئینگلیزدا مابووەوە، هاوکارییەکەشیان فێڵ بوو بۆ ئەوەی دەست بەسەر هەموو کوردستاندا بگرێت، هۆکاری سێیەمیش ئەوەبوو کە پرسی موسڵ هێشتا مابووەوە و لە وتوێژدا بوو.

شێخ مەحمود یەکەم نامەی لە ٢٠ی ٣ی ١٩١٩ بۆ سەرۆکایەتیی کۆنگرەی ئاشتیی جیهانیی نارد لە پاریس و داوای لێکردن پشتیوانییان بکرێت لە ڕزگارکردنی کوردستان.

بێ هیوایی شێخ مەحمود لە بەڵێنەکانی ئینگلیز..

لەدوای دەرکردنی تورکەکان، ئینگلیزەکان چوونە سلێمانی و بەپێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنەی شێخ مەحمود لەگەڵیاندا ئەنجامی دابوو، دەستیان وەردەدایە کاروباری حکومەتەوە، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کاروبارەکانی حکومەتەکەی کوردستان بەباشیی بەڕێوەنەچێت.

وێڵسنی حاکمی عێراق دەستیکرد بە چەواشەکردنی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی دووریان بخاتەوە لە شێخ مەحمود، جگەلەوەش کاریان لەسەر سەرۆک عەشیرەتەکانی باشوری کوردستان دەکرد، بۆ ئەوەی دژایەتیی شێخ مەحمود بکەن و گوێ نەدەنە فەرمانەکانی.

شێخ مەحمودیش نیازی ئینگلیزەکانی بۆ دەرکەوت و لەگەڵ دوروبەرەکەیدا کەوتنە گفتوگۆ، تورکەکانیش بەو ئامانجەی موسڵ داگیربکەنەوە، بەردەوام لە پەیوەندیدابوون لەگەڵ شێخ مەحمود و بەڵێنی دروستکردنی سەربەخۆییان پێدەدا بەو مەرجەی لە ئینگلیزەکان بدات، ئەوەش شێخی خستبووە بەردەم دووڕیانێک.

کودەتا دژی بەریتانییەکان لەلایەن شێخ مەحمودەوە

ناڕەزایی نێوان حکومەتەکەی کورد و مێجەرسۆن گەیشتە لوتکە، مێجەرسۆن هیچی لەو داواکارییانە جێبەجێ نەدەکرد کە لەلایەن حکومەتەکەی شێخ مەحمودەوە پێی دەگەیشت، بە شەویش هاتووچۆی لە سلێمانی قەدەغە کردبوو، ئەمەش ناڕەزایەتیی خەڵک و سەربازە کوردەکانی ناو سوپای ئینگلیزی لێکەوتەوە.

کاتێک ئینگلیزەکان بەو ناڕەزایەتییانە دەزانن، لیوایەکی سەربازیی بە چەکی هەمەجۆرەوە دەنێرنە سلێمانی و لە نزیک شاخی گۆیژە جێگیریان دەکەن، لەوکاتەدا شێخ مەحمود نامەیەکی بۆ میر مەحمودی خانی هەورامی نارد و داوای لێکرد بەناوی سەردانی مەزاری کاک ئەحمەدی شێخەوە بێنە سلێمانی و سوپایەکیان بێنن کە ژمارەی چوار هەزار سەرباز بوو.

ڕۆژی ٢٣ی ئایاری ١٩١٩ لەکاتی گەیشتنی ئەو هێزە خۆپیشاندانێکی گەورە لە سلێمانی ڕێکخرا و خەڵک چوونە بەردەم ماڵی شێخ مەحمود و هاواریان دەکرد "تۆ لەگەڵ تاجی ئینگلیزی یان لەگەڵ ئێمەی"، شێخ مەحمودیش دەچێتە ناو خۆپیشاندەران و پێیان دەڵێت:"هەتا دوا هەناسە لەگەڵ ئێوەدا دەبم".

 

دواتر شاندێک پێکدەهێندرێت و دەچنە لای ئینگلیزەکان و کۆمەڵێک داواکارییان پێشکەش دەکەن، بەڵام ئینگلیزەکان داواکارییەکان پشتگوێ دەخەن، کاتێک خەڵک بەوە دەزانن بەرەو سەرای پیاوانی ڕامیاریی ئینگلیز دەچن و هاوار دەکەن "فێڵبازەکان دەمانەوێت ئاڵای کوردستان هەڵبکەین، ژیان و سەربەخۆییمان دەوێت"، لەوکاتەدا شێخ مەحمود ڕووی لە جەماوەر کرد و وتی: تاجم ناوێت، ڕەزامەندبوونی گەل ڕەزای منە، هەر سەربەخۆییەک ئینگلیز بیدات، توانەوە و نەمانە.

تووڕەیی جەماوەر بەرزبووەوە پەلاماری سەرایان دا و چوونە ژوورەوە، چەند ئەفسەرێکی کورد لە سوپای بەریتانیی چوونە سەربانی سەراکە و ئاڵای ئینگلیزیان داگرت و ئاڵای کوردستانیان لەجێی هەڵکرد.

لێرەدا سوپای ئینگلیز ویستیان بچنە ناو سلێمانییەوە و ئاگری بزووتنەوەکە خامۆش بکەن، بەڵام هێزی کورد لەژێر فەرماندەیی میر مەحمود هەورامیدا پەلاماری سوپای ئینگلیزیاندا و لەماوەیەکی کەمدا شکستیان پێهێنان.

کاتێک فەرماندەی سەربازیی ئینگلیزەکان لە بەغدا بەوە دەزانن، فەرمان بە هێزەکانیان لە کەرکوک دەکەن بەرەو سلێمانی بەڕێبکەون، شێخ مەحمودیش هێزێکی ناردە تاسڵوجە بۆ چاودێریکردنی ڕێگای کەرکوک-سلێمانی، ڕۆژی ٢٥ی ئایاری ١٩١٩ هێزەکە دەگەنە تاسڵوجە کە لە ١٠٨ ئۆتۆمبێلی سەربازیی و ٨ دەبابە پێکهاتبوون.

شێخ قادری برای شێخ مەحمود بەخۆی ١٠٠ سوارەوە ڕووبەڕووی هێزەکەی ئینگلیز بوونەوە و تا نیوەڕۆ شەڕێکی قورسیان کرد و هێزەکەی ئینگلیزیان تێکشکاند، دواتر ئینگلیزەکان جارێکی دیکە هێزێکیان بەخێرایی نارد، بەڵام ئەو هێزەش لەلایەن لەشکری سوارانی کوردەوە تێکشکێندران.

دواتر بەریتانییەکان لەترسی بڵاوبوونەوەی ئاگری شۆڕش بە هەموو کوردستاندا، هێزێکی زۆریان کۆکردەوە و ناردیان بەرەو سلێمانی، شێخ مەحمودیش هێزێکی گەورەی کۆکردەوە و بە سەرۆکایەتیی شێخ قادری برای ناردنی بەرەو دەربەندی بازیان، فڕۆکەکانی بەریتانیاش بەتووندی بارەگای شێخ مەحمودیان لە دێی بنە بۆردوومان کردبوو.

شێخ مەحمود دەستی بە قاییمکردنی پێگەکانیان کرد لە دەربەندی بازیان بۆ ئەنجامدانی شەڕێکی گەورە لەگەڵ ئینگلیز، لە ڕۆژی ١٨ی ٦ی ١٩١٩دا سوپای ئینگلیز بە ٢٠ هەزار سەربازەوە هێرشیان کردە سەر دەربەندی بازیان، شێخ مەحمودیش بە سوپا کەم و چەکە کۆنەکانییەوە بەرەنگاری سوپای بەریتانیا بووەوە.

ئینگلیز توانی پێشڕەویی بکات، لەوکاتەدا کۆمەڵێک لە سەرۆک هۆزەکان خیانەت لە شێخ مەحمود دەکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی کەوتنی هێزەکەی شێخ، هێزەکەی بەریتانیا لە ڕێگایەکەوە هاتن کە ئینگلیزەکان پێشتر شارەزای نەبوون و لەلایەن چەند خیانەتکارێکی کوردەوە ڕێنیشاندەرییان دەکرا، ئینگلیزەکان ئابڵۆقەی هێزەکەی شێخ مەحمودیان دا و داوایان لێکرد خۆی ڕادەست بکات، بەڵام شێخ مەحمود ئەو داوایەی ڕەتکردەوە، دواتر لەلایەن ئینگلیزەکانەوە شێخ مەحمود بریندار دەکرێت و بەدیل دەگیرێت.

دواتر بەریتانییەکان شێخ مەحمودیان ڕەوانەی هیندیستان کرد و کۆتاییان بە حکومەتەکەی هێنا، بەڵام کۆمەڵێک ڕێکخرا و کۆمەڵە دامەزران، کە تا ساڵی ١٩٢٢ ڕۆڵیان هەبوو لە تاودانی جەماوەردا، لەوانەش 'حزبی نیشتمانیی کوردی، حزبی ئیسلامیی کوردی، جەمعییەتی سەربەخۆیی کوردستان'.

گەڕانەوەی شێخ مەحمود

پاش تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر دوورخستنەوەی شێخ مەحمود بۆ هیندستان، لە ٢٨ی ئایاری ساڵی ١٩٢٢ ئینگلیزەکان شێخ مەحمود-یان هێنایەوە بۆ کوێت، پاش چەند ڕۆژێک هێنایانەوە بەغدا و لە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول شێخ مەحمود گەڕایەوە سلێمانی.

 

ڕۆژێک دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، شێخ مەحمودی حەفید، دووەمین حکومەتی خۆی دامەزراند، بەناوی ' حکومەتی کوردستان' خۆشی وەک سەرۆکی حکومەتەکە ناساند، بەپێی ناساندنی سنووری حکومەتەکەی شێخ مەحمود هەموو باشوری کوردستانی دەگرتەوە هەتا سنووری باکوری کوردستان و پایتەختی حکومەتەکەشی شاری سلێمانی دەبێت، لەم حکومەتەدا زمانی فەرمی کوردی دەبێت و سوپاکەی ناوی ' سوپای نەتەوەی کورد' بووە، جارێکی دیکە ئینگلیزەکان بەهێزێکی زۆرەوە هێرشیان کردەوە سەر سلێمانی و لە ڕۆژی ١٦ی ئایاردا سلێمانی-یان داگیرکردەوە.

لەدوای تێکچونەوەی حکومەتەکەی خەباتی شێخ مەحمود بەردەوام دەبێت و پاش ماوەیەک ئینگلیزەکان هێزەکانیان دەکشێننەوە بۆ شاری کەرکوک، بۆیە شێخ مەحمود لە مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٢٤ بۆ جاری سێیەم حکومەتی دامەزراند و لێخۆشبوونی گشتی بۆ هەموو ئەو کوردانە دەرکرد کە هاوکاریی ئینگلیزەکان کردووە، بەڵام لە ١٦ی مانگی ١١ی ساڵی ١٩٢٥دا کۆمەڵەی نەتەوەکان سنووری نێوان تورکیا و عێراق-یان جیاکردەوە، بەوەش باکور و باشوری کوردستان لەیەک جیاکرایەوە و حکومەتەکەی شێخ مەحمودیش بۆجاری سێیەم ڕووخا.

هەرچەندە شکستەکانی جوڵانەوەی شێخ مەحمود گورزێکی گەورەی لە خەباتی گەلی کورد دا، بەڵام تێکۆشانی مەدەنیی گەلی کورد نەوەستا و هەمیشە لەدژی سیاسەتی بەریتانییەکان و حکومەتی عێراق دەوەستانەوە، ڕۆژی ٦-٩-١٩٣٠ کە حکومەتی عێراق دەیویست بەبێ گوێدانە داواکانی کورد هەڵبژاردن ئەنجامبدات و سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، جەماوەری شاری سلێمانی ڕێپێوانێکی هێمنانەیان سازکرد، بەڵام حکومەتی عێراق بەتووندترین شێوە ڕووبەڕوویان بوونەوە و ١٢ کەسیان لە خۆپیشاندەران شەهید کرد و زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەریشیان بریندارکرد.

 

ڕووداوەکە کاری کردە سەر شێخ مەحمود، کە لەوکاتەدا لە گوندی پیرانی نزیک مەریوان نیشتەجێ بوو، لە ١٧ی ٩ی ١٩٣٠ یاداشتێک ئاراستەی نوێنەری بەریتانیا و حکومەتی عێراق دەکات و داوایان لێدەکات بەر لەوەی عێراق ببێتە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان و سەربەخۆیی خۆی لە بەریتانیا وەربگرێت، حکومەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد دروست بکرێت، بەڵام بەریتانیا و عێراق وەڵامیان نەدایەوە.

هەر ئەمەش وایکرد شێخ مەحمود پەیوەندیی بە بەشێک لە سەرۆک هۆزە کوردەکانەوە بکات و بڕیاری بەرەنگاریی بدات، ئەوەبوو هێزەکانی خۆی کرد بە دوو بەشەوە و لە دوو قۆڵەوە هێرش دەکەن، قۆڵێکیان لە پێنجوێنەوە و قۆڵەکەی تر لە پشدەرەوە، لە ٣ی ١١ی ١٩٣٠ شەڕ دەستپێدەکات و هەتا ئاداری ١٩٣١ دەخایەنێت، لەو شەڕانەدا هێزەکانی شێخ مەحمود سەردەکەون و ڕۆژ بەڕۆژ پاشەکشە بە حکومەت دەکەن.

لەو ماوەیەدا هۆزەکانی دەلۆ، داودە، زەنگەنە و گل لە گەرمیان پەیوەندی بە شێخ مەحمودەوە دەکەن و داوای لێدەکەن بنکەکەی بگوازێتەوە بۆلای ئەوان و جوڵانەوەکە فراوانتر بکەن، شێخ مەحمود ڕوودەکاتە گەرمیان و لە گوندی ئاوباریک-ی نزیک خورماتوو جێگیردەبێت، لەو ماوەیەشدا شێخ مەحمود یاداشتێک ئاراستەی کۆمەڵەی گەلان دەکات و هۆکاری چەک هەڵگرتنی خۆی و خەڵکەکەیان بۆ ڕووندەکاتەوە، بەڵام بەهۆی ناپاکیی هەندێ کەسەوە شوێنێ شێخ ئاشکرا دەبێت و حکومەت هێرشێکی گەورەی دەکەنە سەر ئاوباریک، شێخ و هێزەکەشی ڕووبەڕوویان دەبنەوە و تێکیان دەشکێنن، بەڵام گورزی گەورەش بەرخۆیان دەکەوێت.

دواتر پاشەکشە دەکەن بۆ قەرەداغ و لەوێوە شێخ دەچێتەوە ناوچەی پیران، دواتر ئێران و عێراق ڕێکدەکەون پێکەوە هێرش بکەنە سەر شێخ مەحمود و لە هەردوو دیوەوە هێز کۆدەکەنەوە، لە ١٤ی ٥ی ١٩٣١دا شێخ مەحمود خۆی ڕادەست دەکات و دووری دەخەنەوە بۆ سەماوە و باسرییە، لەوە بەدوا شێخ مەحمود بەیەکجاریی دەستی لە خەباتی سیاسیی هەڵگرت.

ساڵی ١٩٥٦ شێخ مەحمودی حەفید دوای مێژوویەکی دوورودرێژ لە تێکۆشان کۆچی دوایی کرد و لە مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.

سەرچاوکان:

*خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژووی کوردستان، نووسینی دیار غەریب، چاپی یەکەم ٢٠١٦

*یاداشتەکانی شێخ لەتیفی حەفید

د.ع