جەزای ساز: هونەرمەندان دەتوانن بە هونەرەکەیان یەکڕیزیی نیشتمانیی پێکبهێنن

هونەرمەند جەزای ساز باس لە کاریگەریی ڕۆڵی هونەرمەندان دەکات لە پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد-دا و دەڵێت، کە هونەرمەندان دەتوانن بە هونەرەکەیان داوای تەبایی و بکەن و یەکڕیزیی نیشتمانیی پێکبهێنن.


هونەرمەند جەزای ساز، لەبارەی گرنگیی و کاریگەریی ڕۆڵی هونەرمەندان لە پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد-دا قسە بۆ ڕۆژنیوز دەکات.

جەزای ساز دەڵێت: هونەرمەندان دەتوانن پێگەی خۆیان لەناو کۆمەڵگادا بەکاربهێنن، بۆ چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی، دەتوانن بە گۆرانی و ئاوازەکانیان داوای ئاشتی و یەکترقبوڵکردن بکەن، بۆ ئەوەی یەکڕیزیی نیشتمانیی و نەتەوەیی بێتە ئاراوە.

باسیش لە زیانی پەرتەوازەیی کورد دەکات و دەڵێت: هەتا بەمشێوەیە پەرتەوازەبین، دوژمنەکانمان کەلێنەکان دەقۆزنەوە و گورزمان لێ دەوەشێنن، زیاتر پەرتەوازەمان دەکەن و دەمانکەن بە دوژمنی یەکتر، بۆیە پێویستە بەخۆماندا بچینەوە، ڕۆڵی هونەرمەندانیش لەمەدا زۆر گرنگە.

ئەو هونەرمەندە باس لە هەوڵی و کاریگەریی هونەرمەندان دەکات لە قۆناغە سیاسییەکاندا و دەڵێت: لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ گروپێک هونەرمەند شاندێکمان بۆ ئاشتەوایی لایەنەکان پێکهێنا و سەردانی هەردوو لایەنەکەمان دەکرد، لە ١٧ی شوباتیشدا هونەرمەندان گروپێکمان پێکهێنابوو بەناوی پەرژینی ئاشتی، نێوەندگیریی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانمان دەکرد و کاریگەرییەکی باشی هەبوو.

د.ع