حکومەتی هەرێم کەناڵێکی تەلەفزیۆنی قەدەغەکردووە

نزیکەی حەوت ساڵە چرا تیڤی لە بەرنامە و هەواڵەکانی خۆی جێی داوەتە کلتور و ژیانی ئێزدیان لە کوردستان، ئەرمەنستان و ئەو شوێنانەی ئێزدییان لێیە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان قەدەغەی کردووە.


لە ٢٧ی مانگی ٧ی ئەمساڵەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان قەدەغەی خستووەتەسەر چرا تیڤی و ڕێگای پێنادات لە شێخان و بەتایبەت لالەش کە شوێنی پیرۆزی ئێزدییانە ڕێوڕەسمی ئاینی، جەژن و شایی جڤاکی ئێزدی ڕوماڵ بکات.

لەسەر ئەو بابەتە، دەستەی بەڕێوەبەریی پەخشی کەناڵەکە ڕاگەیندراوێکی بڵاوکردووەتەوەو تێیدا هاتووە: بۆ لابردنی ئەو قەدەغەیە لە دوومانگی ڕابردوو چەندین جار بە شێوازی نووسراو و بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگا فەرمییەکانەوە سەردانی دامودەزگا و کاربەدەستانی پەیوەندیدارمان کردووە، هەروەها لەگەڵ میری نوێ، بابە شێخ و دەستەی ڕۆحانی، نوێنەرانی جڤاکی ئێزدی لە هەرێم و کاربەدەستانی پەیوەندیدارلە هەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوەمان کردووە، ئەو وەڵامەی وەرمان گرتووە ئەمە بووە، 'بۆتان نییە کار بکەن، ئەگەریش ڤیدیۆ یان زانیاری ئێرە لە چرا تیڤی بڵاوبکرێتەوە، کارمەندەکانتان دەستگیردەکرێن'.

هەروەها هاتووە: بۆ دوایین جار ئەمڕۆ دیسان سەردانی پاڕێزگاری دهۆکمان کرد، پارێزگاری دهۆکیش بێ ئەوەی هۆکارێک ئاشکرا بکات ئەم وەڵامەی داینەوە "ئێوە وەک چرا تیڤی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە قەدەغە کراون، بۆیە ناتوانن کار بکەن".

لە ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوەدراوە، کە ئەم کارە دژی ئازادیی ڕاگەیاندن و بە تایبەت دژی هەبوونی جڤاکی ئێزدییە و هاتووە: قەدەغەکردنی تەلەفزیۆنێکی کوردستانی ئێزدییان، لە دەرەوەی بەها نەتەوەییەکانە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەها بانگ کراوە: لەسەر ناوی بەڕێوبەریی و دەستەی پەخشی چرا تیڤی و هەموو بینەرانی، جارێکی دیکە داوا لە ئاسایشی شێخان، پارێزگاری دهۆک و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کۆتایی بەو قەدەغەیە لەسەر کارەکانمان بێنێت، چونکە هیچ پاساوێک بۆ قەدەغەکردنی تەلەفزیۆنەکامان نییە، کە هەمیشە بەبێ جیاوازی، بووتە چاو، گوێی و زمانی جڤاکی ئێزدی کە پێنج ساڵ لەمەوبەر فەرمانێکی دیکە بەسەریاندا هاتووە".

لە کۆتایشدا هاتووە: وەک چرا تیڤی بانگ لە هەموو دامودەزگا ڕاگەیاندنە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان، هەموو هێزە سیاسییەکان و جڤاکی ئێزدی، کوردستان، بینەران و ڕای گشتی دەکەین کە لەدژی ئەو قەدەغەیە هەڵویستی خۆیان نیشان بدەن.

س.ح