حەوت كەسایەتیی شاری سلێمانی ڕێزیان لێنرا

لە مەراسیمێكدا لە شاری سلێمانی، كۆمەڵەی ڕووناكبیریی و كۆمەڵایەتی یارسان، بە دروشمی "خەڵاتی شانازی ساڵانە" خەڵاتی ڕێزلێنانی بەسەر حەوت كەسایەتییدا دابەشكرد، كە لە تێكۆشەر، هونەرمەند و كەسوكاری شەهید پێكهاتبوون.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، كۆمەڵەی ڕووناكبیریی و كۆمەڵایەتی یارسان، بە دروشمی "خەڵاتی شانازیی ساڵانە" مەراسیمێكی ڕێزلێنانی بۆ حەوت كەسایەتیی ڕێكخست.

سەرەتای مەراسیمەكە بە خولەكێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان دەستیپێكرد، تێیدا ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی حكومی و حزبیی، كەسایەتیی ڕۆشنبیریی و ئەكادیمی و كەسوكاری شەهیدان ئامادەیبوون.

هەر لە مەراسیمەكەدا، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە هەریەكە لە ئاسكە حەمەساڵح ناسراو بە حاجی ئاسكە گەرمیانی، كە خاوەنی چەندین شەهیدە لە بنەماڵەكەیدا لەناو تێكۆشانی باشوری كوردستان، فەتاح ئەمین عەزیز ناسراو بە هەڤاڵ شێخ فەتاح پێشمەرگەی دێرین، ژنە تێكۆشەر، مرواری محەمەد عەبدوڵا، عەمید چەتۆ ساڵح باوكی شەهیدێك و برای حەوت شەهید، جەلیل زەنگەنە سینە ماكار و دەرهێنەر، ئەنوەر قەرەداغیی هونەرمەند و موزیسیان، ئاسۆس جاف پەیكەر ساز.

لە مەراسمیمەكەدا چەندین شیعر و بەرهەمی هونەریی پێشكەشكران.

كۆمەڵەی ڕووناكبیریی و كۆمەڵایەتیی یارسان، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە دامەزراوە و بایەخ بە پەرەپێدانی كلتوور و فەرهەنگی یارسان دەدات.

د.ح