خه‌ڵاته‌كانی فێستیڤاڵی فیلمی كۆبانێ دابه‌شكران

'فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كۆبانی' كه‌ ساڵی یه‌كه‌مه‌ له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا سازبكرێت، کۆتایی هاتوو تێیدا هەشت خەڵات دابەشکران.


فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كۆبانێ ئه‌مساڵ هاوكات له‌گه‌ڵ ٥٨هه‌مین ساڵیادی 'كۆمه‌ڵكوژیی سینه‌ما عاموودێ' به‌ڕێوه‌چوو، نزیكه‌ی ٤٠ فیلمی درێژ، كورته‌فیلم، ئه‌نیمه‌یشن، به‌ڵگه‌فیلم و كورته ‌به‌ڵگه‌فیلمی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و و‌ڵاتانی جیاجیا به‌شداربوون.

فێستیڤاڵه‌كه‌ ڕۆژی ١٣ی تشرینی دووه‌م ده‌ستی پێكرد و حەوت ڕۆژ به‌رده‌وام بوو، فیلمی كۆبانێ، عاموودێ، قامیشلۆ، دێرك، سه‌رێكانی، شه‌هبا، كا‌مپه‌كانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا، مه‌خموور و شه‌نگال پیشاندران، ناوه‌ڕۆكی زۆرینه‌ی فیلمه‌كان ژن و به‌رخۆدان بوو، هه‌روه‌ها دیمه‌نه‌ تایبه‌ته‌كانی عه‌فرینیش پیشاندران.

فیستیڤاڵی فیلمی كۆبانێ بۆ جاری یه‌كه‌مه‌ له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا سازبكرێت، له‌نێو لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردنی باشترین فیلمه‌كان ده‌رهێنه‌ران كاترین ئۆلافسدۆتیر، لیۆناردۆ هایبلووم، بێریڤان خالید، ڕه‌شید بۆكسیم، مالێمه‌ ساولۆی، ژاڤیه‌ر كۆرسویار و چه‌ندین به‌رهه‌مهێنه‌ر و موزیكژه‌ن هه‌بوون، بڕیاربوو چه‌ندین ده‌رهێنه‌ری دیكه‌ش به‌شداربن، به‌ڵام له‌ ده‌روازه‌ی سنووری سێمالكا ڕێگرییان لێكرا ده‌ربازی ڕۆژئاوا ببن.

له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا له‌ ڕێی ئینته‌رنێته‌وه‌ فیلمه‌كان بۆ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ نێردران و چه‌ندین ده‌رهێنه‌ر و ئه‌ندامی لیژنه‌ په‌یامی ڤیدیۆیی یان نووسراویان بۆ فێستیڤاڵه‌كه‌ نارد.

خه‌ڵاته‌كان به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش كران:

- باشترین كورته‌فیلمی كرمانجی: Breathîng له‌ ده‌رهێنانی فه‌رشید ئه‌یووبی نه‌ژاد 'ئێران'.

- باشترین كورته‌فیلمی ئه‌نیمه‌یشن: A Gong له‌ ده‌رهێنانی زۆزۆ یه‌ن، تێنا گالۆڤیج و مارینه‌ ڤارگوی 'فه‌ڕه‌نسا'.

-  باشترین كورته‌فیلمی ژن: Asia له‌ ده‌رهێنانی یه‌ن-شین لیو، ئێلیس كا-ین شان 'فاس'.

- باشترین ده‌رهێنه‌ری ژن: ئاگوا مۆله‌ و مالیكه‌ زائیری 'پرتوگال'.

- باشترین به‌ڵگه‌فیلم: دوور (Distant) له‌ ده‌رهێنانی له‌یلا تۆپراك 'توركیا'.

-خه‌ڵاتی تایبه‌تی گه‌ل: 'بیر' له‌ ده‌رهێنانی ڤه‌یسی ئالتای 'باكووری كوردستان'.

- باشترین به‌ڵگه‌فیلمی ماوه‌درێژ: 'بێده‌نگی كه‌سانی دیكه'‌ له‌ ده‌رهێنانی ئالموده‌نا كاراكه‌جۆ و ڕۆبه‌رت باهار 'ئیسپانیا'.

- خه‌ڵاتی تایبه‌تی لیژنه‌: كۆمینی فیلمی عه‌فرین.

د.ع