خواردنی کوردەواریی و بەرهەمی جوتیاران نمایش کران

بەرهەمی جوتیاران و پیشەی دەستیی خورادنی کوردەواریی سنووری پارێزگای هەڵەبجە نمایش کران و هاوڵاتیان بە گەرموگوڕییەوە پێشوازییان لێکرد.


پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەشی ڕێنمایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە پێشانگایەكی بە دروشمی( كۆڵەكەی پێشكەوتنی كشتوكاڵ، بە بازاڕكردنی شایستەی بەرهەمی جوتیارانە)، بۆ بەرهەمە خۆماڵییەكانی جوتیارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە كردەوە.

لە پێشانگاكەدا زیاتر لە ٥٠ جوتیار و ٤٥ خاوەن پیشەی دەستیی و ئامادەکاری خواردنی كوردەواریی بەشدارییان کرد و زیاتر لە ١٠٠ جۆر بەرهەمی وەک هەنار،هەنجیر، تووی وشك، دۆینە، ترخێنە، كەلانە سەروپێ‌ و دەیان جۆری دیكەی خواردن نمایشكرابوون.

بڕیارە پێشانگاکە تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوامیی هەبێت و هاوڵاتیان بە گەرمیی پێشوازیی لێدەکەن و خوازیارن، کە ئەم پێشانگایانە لە جیاتی ساڵانە بکرێتە هەفتانە، بۆ ئەوەی هەم خاوەن بەرهەمەکان سود وەرگرن و هەمیش هاوڵاتیان خواردنی تەندروست و کوردەواریی بە دەست بخەن.

ش.ف