خوێندکارانی ئامادەییەک بە مۆبایل کورتە فیلم بەرهەمدەهێنن

خوێندکاران لە خوێندنگایەکی ئامادەیی لە شاری سلێمانی وانەی سینەما دەخوێنن، هەتائێستا  ١٥ کورتە فیلمیان بە مۆبایل تۆمار کردووە، گرتەکانیش بە بەرنامەی تایبەت بە مۆبایل و کۆمپیوتەر مۆنتاژ دەکەن.


خوێندنگای ئامادەیی ڕێگای تێکەڵاو دەکەوێتە گەڕەکی هەواری شار لەشاری سلێمانی، ئەم خوێندنگایە وەک دەستپێشخەرییەک وانەی سینەما و بەرهەمهێنانی فیلم-یان بۆ پڕۆگرامی خوێندن زیادکردووە.

 خاوەنی بیرۆکەی خوێندنی چۆنێتی بەرهەمهێنانی فیلم، دەگەڕێتەوە بۆ بەختیار عەبدولڕەحمان، کە مامۆستانی وانەی هونەرە لە خوێندنگای 'ڕێگا'.

مامۆستا بەختیارعەبدولڕەحمان، پێشنیاری خوێندنی ئەو وانەیەی کردووە بۆ بەڕێوبەری قوتابخانەکە و ئەویش بیرۆکەکەی بەدڵ بووە و ڕەزامەندی بەڕیوبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی بۆ وەرگرتووە.

لەکۆی ئەو کارانەی لەو وانەیەدا ئەنجامدراوە، ١٥ کورتە فیلم بەرهەمهاتووە، کە سەرجەمیان لە بیرۆکەوە هەتا مۆنتاژ، بەرهەمی خوێندکارەکانە، هێشتا ئەو بەرهەمانەیان لەهیچ شوێنێک بڵاو بەکردووەتەوە، بڕیاریان داوە لە فیستیڤاڵێکی تایبەت بە خوێندنگاکەیاندا نمایشی بکەن.

بەهۆی گرانی ئەو ئامێرە تەکنیکییانەی کە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم پێویستە خویندکاران موبایلەکانیان و ڕوناکی فلاشی موبایل بەکاردەهێنن بۆ وێنەگرتنی فیلمەکان، هەروەها بەرنامەی مۆنتاژی تایبەت بە موبایل و بەرنامەی مۆنتاژی کۆمپوتەر بەکاردەهێنن بۆ مۆنتاژی کارەکانیان. 

لە بارەی چۆنێتی خوێندنی ئەو وانەیەوە  مامۆستا بەختیار عەبدولڕەحمان، بە ڕۆژنیوزی وت: لەدوای ئەوەی بیرۆکەکەمان پەسەندکرا، پڕۆگرامێکمان دانا بۆ وانەکە، سەرەتا باسی ڕێگاکانی چۆنێتی بوون بە سینەماکارێکی باشمان کرد بۆ خوێندکارەکان لەبواری دەرهێنەریی، مۆنتێریی و کامێرەمانی و نواندن.

ئەم مامۆستایە، بێجگە لە هونەرەکانی بەرهەمهێنای  فیلم، خوێندکارەکانی فێری نووسینی بیرۆکە و داڕشتنی سیناریۆی فیلم کردووە، بۆیە سەرجەمی ئەو کارانەی بەرهەمیان هێناوە بیرۆکە و سیناریۆ و دەرهێنانی خوێندکارەکانییەتی.

خوێندکاران خۆشحاڵن

خوێندکارەکانی ئامادەیی ڕێگا، خۆشحاڵن بە خوێندنی ئەو وانەیە و ئەماژە بەوەدەکەن کە ئەم وانەیە بووەتە گرنگترین وانە لایان، خوازیەری ئەوەن ئەم وانەیە لە هەموو خوێندنگاکاندا بخوێندرێت.

سەرکۆ محەمەد، خوێندکاری قۆناغی ١٠ی ئامادەییە، بە موبایل وێنەی فیلمەکان دەگرێت، لەڕێگای ئەم وانەیەوە حەزی بۆ کاری وێنەگرتن و بەرهەمهێنانی فیلم لادروستبووە، داوادەکات ئەم وانەیە بکرێتە وانەیەکی سەرەکی بۆ خوێندنگاکان، بەئەوەی بتوانن پێشبڕکێی باشترین فیلم بکەن لەنێوان خوێندنگاکاندا و فیستیڤاڵی هاوبەشی نمایشی فیلم لە نێوان خوێدنگاکاندا سازبکەن.

نیاز کەمال، خوێنکارێکی دیکەی بەشدارە لە کارە فیلم سازییەکاندا و کاری دەرهێنەری فیلمەکان دەکات، بە ڕۆژنیوزی وت: ئەو فیلمانەی بەرهەمان هیناوە، بەشێکیان چیرۆی ڕاستەقینەن و بەشیکیشیان خەیاڵی ئەو خوێندکارانەن کە سیناریۆکەیان نووسیوە، شێوازی هەندێک لە بەرهەمەکانمان تراژیدییە و هەندێکیشیان کۆمیدین، لە بەرنامەشماندایە فیلمێکی ترسناک بەرهەم بهێنین.

خۆشەویستی وانەی سینەما کاریگەریی زۆری لەسەر خوێندکارەکانی داناوە، نیاز، دەڵێت دەرهێنەریی بۆتە گرنگترین ئاوات و پیشە بەلایەوە، کە بیەوێت لە دواڕۆژدا وەک ژنێک کاری لەسەر بکات.

بێجگە لە خوێندکاران، مامۆستایانیش وەک ئەکتەر، بەشداریی لە بەرهەمهێنانی فیلمەکان دەکەن و لەکۆی ئەو ١٥ کورتەفیلمەی لە خوێندنگای 'ڕێگا' بەرهەم هاتووە، ١٠ مامۆستا بەشدارییان لەگەڵ خوێندکارەکانی کردووە.

د.ع