خەڵاتەکانی چوارەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی دابەشکرا

چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بە دابەشکردنی ١٥ خەڵات کۆتاییهات، کە ماوەی هەفتەیەک بەردەوامیی هەبوو و تێیدا ١٣٤ فیلمی کورت و درێژ، کە ٤٤ فیلمیان کوردیی بوون، لە ٧٩ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان تێداکردبوو.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە تەلاری هونەر-ی شاری سلێمانی، مەراسیمی کۆتاییهاتنی چوارەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە پێشکەشکردنی چەند بەرهەمێکی هونەریی لەلایەن هونەرمەندان هانی و هەژار زەهاوی دەستیپێکرد، پاشان مەلا بەختیار، سەرۆکی ڤیستیڤاڵەکە وتارێکی پێشکەشکرد و پیرۆزبایی سەرکەوتنی فێستیڤاڵەکەی کرد.

لە مەراسیەکەدا ١٥ خەڵاتى ڤیستیڤاڵ دابەشکران، کە سیانیان زێڕین و ١٢ی دیکەش زیو بوون، بەسەر ئەکتەر و دەرهێنەرە براوەکانی بەشداربووی ڤیستیڤاڵەکەدا دابەشکران.

خەڵاتی باشترین فیلمی ناوخۆیی بەخشرایە فیلمی 'ڕۆژێک لە ڕۆژان لە کوردستان' کە لە دەرهێنانی ژینۆ هادی بوو.

خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری ناوخۆیی سنەوبەری زێڕین بەخشرایە دۆکیۆمێنتاری 'دیالۆگ' کە لە دەرهێنانی سەلیم یڵدزە.

خەڵاتی باشترین فیلمی درێژی سنەوبەری زێڕین بەخشرایە فیلمی 'A tale of 3 sisters'  کە لە دەرهێنانی ئەمین ئاڵپەڕە.

خەڵاتی باشترین دەرهێنەری فیلمی درێژ بەخشرایە 'ڕەزا میرکەریمی' دەرهێنەری فیلمی قەسری شیرین.

چوارەم ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی ماوەی حەوت ڕۆژی خایاند، ڕۆژانە لە هۆڵی سیتی سینەما و سینەما سالم زیاتر لە ٣٠ فیلمی درێژ و کورت نمایش دەکران و خەڵکێکی زۆریش بینەری فیلمەکان بوون.

ب.ش