"داخستنی نوێگەر ڕێگە لە گەشەی هونەری ڕەسەنی کوردیی دەگرێت"

داخستنی ڕێکخراوی نوێگەر لە کەلار بەبێ هیچ بیانوویەکی یاسایی، کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە، سەرپەرشتیاران و فێرخوازان پێیانوایە، کە ئەو کارە ڕێگە لە بەرەوپێشچوونی هونەر دەگرێت و سەرکوتکردنی دەنگی ئازادە، بەڕێوبەری ڕۆشنبیرییش دەڵێت: نوێگەر خزمەت بە پێشخستنی هونەری کوردیی دەکات، ناکرێت بڕیاری سیاسیی بەسەردا جێبەجێبکرێت.


دوای گەمارۆدانی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە لایەن هێزێکی ئاسایشی کەلارەوە، ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، نووسینگەی ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەریی، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بە بڕیارێکی سیاسیی داخرا، ئەوەش ناڕەزایی فێرخوازان و بەرپرسانی ڕێکخراوەکەی بەدوای خۆیدا هێنا.

سایە شۆڕش، فێرخوازێکی ئامێری دەف لە ڕێکخراوی نوێگەر، باس لەوە دەکات ئەوان لە ڕێی ئەو ڕێکخراوەوە پەروەردە کراون و فێری ئامێرەکانی مۆسیقا بوون، "خەونی ئێمە ئەوەیە کە ببین بە هونەرمەند، بەڵام بە داخستنی ڕێکخراوەکەمان لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ئەو خەونەمان تێکدەشکێت، بۆیە داواکارین لەبری ئەوەی خەونی داگیرکەران بەدیبێنن با خەونەکانی ئێمە بەدیبێنن".

سامان لوقمان، فێرخوازێکی ئامێری گیتارە لە ڕێکخراوی نوێگەر، باس لەوە دەکات ئەوان لە ڕێی ڕێکخراوەکەوە پەرە بە حەز و خولیا هونەرییەکانی خۆیان دەدەن، مامۆستاکانیش بە خۆبەخشانە هاوکارییان دەکەن، ئەو فێرخوازە دەشڵێت:"نوێگەر ڕێکخراوێکی تەواو هونەرییە لە کەلار، هیچ ڕێکخراوێکی تری هونەریی خۆبەخشی هاوشێوە لە سنورەکەدا نییە، بۆیە ئەوانەی کە هەستاون بە داخستنی ئەم ڕێکخراوە بۆ ڕازییکردنی دوژمنان ڕێگە لە بەرەوپێشچوونی هونەر دەگرن لە سنورەکەمان".

نوێگەر، فێرخوازانی لە هەموو تەمەنەکان هەیە، بۆیە ئەو فێرخوازانەشی، کە تەمەنیان زۆر منداڵە هەست دەکەن، کە بە داخستنی ونێگەر چ زوڵمێکیان لێکراوە و نیگەرانیی نیشان دەدەن.

ژیان گۆران، فێرخوازێکی دیکەی ئامێری دەفە لە ڕێکخراوەکە و زۆر نیگەرانی داخستنەکەیەتی، ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە ڕێکخراوی نوێگەر جگە لە خزمەتکردنی هونەری ڕەسەنی کوردیی، هیچ کارێکی نایاسایی ئەنجام نەداوە تاکو دابخرێت.

هەروەها، کارا محەمەد، سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی نوێگەر لە کەلار، لەبارەی داخستنی ڕێکخراوەکەیانەوە بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی:"دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان هیچ سێکتەرێکی ژیانیی نەماوە کە دەستدرێژیی نەکاتە سەر، بەتایبەتی هونەر، بە هێنان و سەپاندنی کلتور و هونەری داگیرکەران بەسەر کۆمەڵگادا و ڕێگرییکردن لە کەسانێکی وەک ئێمە بە خاوەنی ئیرادە و فەرهەنگ و کلتور و هونەری کوردی دەردەکەوین".

سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی نوێگەر بانگەوازیی دەکات بۆ سەرجەم ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و چالاکوانان و ڕێکخراوە مەدەنیی و مرۆییەکان، کە بەدەنگ بێن و هەڵوێستی جدییان هەبێت، "چونکە ئەمە تەنها داخستنی ڕێکخراوێک نییە، بەڵکو سەرکوتکردنی دەنگی ئازادە، پێویستە ئیتر بە دەسەڵات بڵێین بۆستە لە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی مرۆڤەکان بۆستە لە کوشتنی کلتور و ئەدەب و هونەر و زمان و پەروەردەی کوردیی".

لەبارەی داخستنی بارەگای ڕێکخراوی نوێگەر، سەربەست محەمەد جێگری بەڕێوبەری گشتی ڕۆشنبیریی و هونەری گەرمیان بە ڕۆژنیوزی وت:"بەهۆی ئەوەی ڕێکخراوەکە ناحکومییە و مۆڵەتی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانیان هەیە و سەر بە وەزارەتەکەی ئێمە نین، نەمانتوانی ڕێگربین لە داخستنی.

بەڵام لەبەر ئەوەی ڕێکخراوێکی هونەریین و خزمەت بە پێشخستنی هونەری کوردیی دەکەن، ناکرێت بڕیاری سیاسییان بەسەردا جێبەجێبکرێت، هەر کارێکیش لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئێمەدابێت بۆ دووبارە دەستبەکاربوونیان ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین".

ش.ف