داندۆک و دۆینە.. خواردنی قەندیلییەکان لە سروشتێکی جوان و کەشێکی سارددا

دۆینە بە ڕۆنە کەرەوە' و داندۆک، خواردنە زستانییەکەی گوندنشیانی قەندیل، پڕ وزەو چێژ بەخش، خواردنێکی خۆماڵی و بێ زیان، لە گژوگیای شاخەکان و بەرووبومی مەڕوماڵاتەکانیان دروستی دەکەن، لەم وەرزەدا لەپاڵ سەرما سەختەکەی سنوورەکیاندا بووە بەخواردنی سەرەکی هاوڵاتیان.


کەشوهەوایەکی سارد و ژینگەیەکی سەخت چوار وەرزی ساڵ بەرۆکی گوند نشینانی بناری قەندیل بەرنادات، بە درێژایی زیاتر لە حەوت مانگی ساڵ، ئاگر لە ماڵەکانیاندا نابڕیت، ژیانیان سەخت و لە هەمان کاتیشدا چێژ بەخشە و ژینگەیەکی پاکیان هەیە.

ناوەڕاستی زستانە و بەفر یەک پارچە ناوچەکەی سپی پۆش کردووە، تا درەنگانێکی وەرزی هاوین بەفر بە شاخەکانەوە ناتوێتەوە، بە بناری هەر شاخێکەوە گوندێکی دڵگیرو جوان هەیە.

دووکەڵی سەربانەکان، قوقەی کەڵەشیرەکان، دەنگی زەنگۆڵەی ملی مەڕوماڵاتەکان، تێکەڵ بە کەشوهەوای ساردی زستان بووە.

گوندی پردەشاڵ لە بناری قەندیل سەر بە شارەدێی سەنگەسەرو شارۆچکەی پشدەرە، لە باکوورەوە ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی دیلمان و لە باشووریشەوە لەگەڵ گوندی کۆزینەو لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ گوندی لکاوە و لە ڕۆژئاواشەوە لەگەڵ شارەدێی وەرتێ.

چەند خواردنێکی کوردەواریی هەیە تا ئێستاش لەم گوندانەدا بەهای خۆیان لەدەست نەداوەو خواردنی سەرەکی وەرزی سەرماو سۆڵەی گوندنشینانە.

ئامینە حەمەد دانیشتوی گوندی پردەشاڵە و زۆربەی ئەو خوانانەی ئامادەیان دەکات، کوردەوارین و پێکهاتەکانیان بەدەستی خۆی بەرهەمی هێناون.

داندۆک و دۆینە بە ڕۆنە کەرە یەک لەو خواردنە بەردەوامانەیە کە ئامینە و خێزانەکەی لەم وەرزەدا حەزی پێدەکەن، دەڵێن پڕ وزەو بە چێژن بۆ ئێستای ئەوان.

پێکهاتەی خواردنەکەش لە بەرهەمی شیرێژ و کەشک "بەرهەمی شیرەمەنی" و گەنم و گیای کاردو و سوورازە پێک دێت.

ئامینە لە هەر وەرزێکی ساڵدا یەکێک لەم پێکهاتانە هەڵدەگرێ و کۆیاندەکاتەوە تا لەم وەرزەدا بیانکات بە خواردن.

ئامینە دوای سازکردنی خوانی نیوەڕۆو میوانداریکردنی ئێمە لە کەشوهەوایەکی بەفراویدا، لەپاڵ کڵپەی ئاگری زۆپاکەدا بڕێک گوێزی شکاند و تێکەڵ بە خواردنەکەی کرد بۆ مان، هێندەیتر چێژی خواردنەکەی زیاد کرد.

س.ح