داهاتی کۆنسێرتەکەی هانی کە بۆ کاری خێرخوازییە ئاشکراکرا

داهاتی کۆنسێرتەکەی هونەرمەند هانی ئاشکرا کرا، کە بڕی ١٤ ملیۆن دینار و سەد هەزارەو بڕیارە ببەخشرێتە منداڵانی بێ سەرپەرشت و ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو.


ئەمڕۆ کاتژمێر ١١:٠٠، لە بینای ڕێکخراوی 'گەشەپێدانی مەدەنی- سی دی ئۆ'، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داهاتی کۆنسێرتەکەی هونەرمەند هانی، کە ڕۆژی هەشتی ئازار لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بەرێوە چوو، ئاشکرا کرا، کە زیاترە لە ١٤ ملیۆن دینار.

ڕۆژی هەشتی ئازار فێستیڤاڵێکی هونەری، لە لایەن ڕێکخراوەکانی 'گەشەپێدانی مەدەنی- سی دی ئۆ، نازی بێ سەرپەرشتان و نوێگەر' و بە هاوکاری بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بە مەبەستی هاوکاریکردنی منداڵانی بێ سەرپەرشت و ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو بەڕێوە چوو، تێیدا کۆنسێرتێکیش بۆ هانی ئەنجامدرا.

ڕووبار خالید بەرێوبەری ڕاگەیاندنی سی دی ئۆ، ئەمڕۆ لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، داهاتی کۆنسێرتەکەی ئاشکرا کرد و وتی: داهاتی کۆنسێرتەکە تەنیا لە ڕێگەی فرۆشتنی بلیتەوە بووە و بە چاودێری بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، وردبینی دارایی بۆ کراوە، کە بڕی ١٤ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دینار بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە تێچووی ئامادەکارییەکان بۆ فێستیڤاڵەکە، کەمتر لە حەوت ملیۆن دیناربووە و حەوت ملیۆن ٧٥٠هەزار دینار ماوەتەوە لە داهاتەکە، ئەویش دەبەخشرێتە منداڵانی بێ سەرپەرشت و ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو.

بڕیارە، ئەو بڕە پارەیە بە پێإی داواکارییەکان و پێداویستییەکان خەرج بکرێت، کە هەر دوو شوێن بە لیست ئەوانەی کە پێویستیانە دەیدەن بە بەرێوبەرایەتی چاودێری و کۆمەڵایەتی و ئەوانیش پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەن.

س.ح.