داواکاریی قەدەغەی دراما تورکییەکان ڕێگا یاساییەکانی بڕیوە و چاوەڕێی جێبەجێکردنە

دواجار داواکردنی هاوڵاتیان، مامۆستایانی ئاینی، چالاکوانان و پارێزەران بۆ وەستانی دراما تورکییەکان لە کەناڵە کوردییەکاندا خەریکە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەپێی ئەو نووسراوانەی بەردەستن، داواکە دوای داواکاریی گشتیی و وەزارەتی ڕۆشنبیریی، خراوەتە بەردەست بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوە، ئەوانیش بۆ بڕیاردان سەرقاڵی ڕێکارە یاساییەکانن.


دوای ئەوەی چەند پارێزەر و چالاکوانێک لە ساڵی ڕابردوو بە نووسراوێک داوایان لە داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان کرد، کە بە بڕیارێک داوای ڕاگرتنی دراما توورکییەکان بکەن، داواکاری گشتی نوسراوی ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی کردووە و ئەوانیش بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، بەڕێوەبەریی چاپ و بڵاوکردنەوە لەم بارەیەوە لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت، هاوکات پارێزەران ئومێدەوارن داواکەیان جێبەجێ بکرێت و تەواویی دراما تورکییەکان قەدەغە بکرێن.

لە ٢٨-١١-٢٠١٩دا، ژمارەیەک پارێزەر و چالاکوان نووسراوێکیان ئاراستەی داواکری گشتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا داوای ڕاگرتنی پەخشی دراما تورکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان کرد، لە وەڵامدا ١٢-١٢-٢٠١٩، داواکاری گشتی نووسراوێکی بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان کردووە و داوای کردووە ئەوان کاری پێویست ئەنجام بدەن، وەزارەتەکەش بە نووسراوێک کە ١٩ی مانگی ڕابردوو دەریکردووە، داوا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاپ و بڵاوکردنەوە دەکات، کاری پێویستی لە بارەوە بکەن.

ڕێبین سەباح یەکێک لە پارێزەرانیی دۆسییەکە، بە ڕۆژنیوزی وت، داواکە ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەیە، بۆ ئەوەی بڕیار دەربكرێت بە وەستان و قەدەغەكردنی پەخشی دراما توركییەكان لە هەرێمی كوردستان، "ئێمەش چاوەڕێیی بڕیاری ئەوانین و هیوا دەخوازین بڕیار لەسەر داواكارییەكەمان بدەن".

لەسەر دۆسییەکە، ڕۆژنیوز شێروان عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەدوێنێت، ناوبراو باس لەوە دەکات، کە یاداشتەكەی چالاكوان و پارێزەرانیان لەگەڵ نوسراوێكی داواكاری گشتی پێگەیشتووە، دەشڵێت ئەوانیش هاوپێچ لەگەڵ نووسراوەکاندا نوسراوێكیان بۆ هەر سێ بەرێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانیی و دهۆک ناردووە، "بە مەبەستی دروستكردنی لیژنەیەك بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو درامایانەی كە دەبنە هۆکاری تێكدانی شیرازەی خێزانەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەوان وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە داوایەكیان ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و بەرێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی كردووە، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەكی نزیکدا كۆنفراسێكی گەورە ئەنجامبدەن و لەوێ بڕیاربدرێت لە سەر ڕاگرتنی دراما تورکییەکان.

لە داواکاریی پارێزەران و چالاکواناندا، هۆکاریی قەدەغەکردنی دراما تورکییەکانیان بۆ داواکاری گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕوونکردبوویەوە، کە لە سێ خاڵدا کورتکراونەتەوە، ئەوانیش بریتبوون لە:

-هێرش و داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

-وێناکردنی کورد بە شێوەیەکی زۆر ناشیرین و دوور لە ڕاستی لە باکور و تەواوی پارچەکانی کوردستان لەو درامایانەدا.

-دراماکان بوون بەهۆکاری زیادبوونی کیشە کۆمەڵایەتییەکان و جیابوونەوەی خێزانەکان.

س.ح