داوای کەرنەڤاڵێکی هونەریی دژی داگیرکارییەکانی تورکیا دەکرێت

هونەرمەندانی باشوری کوردستان پشتگیری لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن و بەپێویستی دەزانن، هونەرمەندان دژی داگیرکاریی پێکەوە هەڵوێستیان هەبێت، هاوکات پێشنیاریی کەرنەڤاڵێکی هونەریی دژی داگیرکارییەکان دەکەن.


پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوری کوردستان بەردەوامە، لەم چوارچێوەیەدا هەردوو هونەرمەندی گۆرانیبێژ، شیلان عوسمان و لوقمان سەلیم بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

شیلان عوسمان بەنیگەرانییەوە لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕوانێت و دەشڵێت: ئێمەی هونەرمەندان دەتوانین بە هونەرەکەمان لە گەڵیاندا بین، چونکە ئەو هێرشەی کە دەکرێتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان تەنیا بۆ ئەوێ نییە و ئێمە و پارچەکانی دیکەش دەگرێتەوە، کە بە دڵنیاییەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ئێمە نزیک دەبنەوە.

شیلان عوسمان دەڵێت: بەڕاستی کە ئەو دیمەنە دڵتەزێنانەی منداڵان دەبینم کە بوونەتە سیمبۆلێک لە ئازاری ڕۆژئاوا ئێش و داخێکی زۆر دەچێژم، کورد ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو زوڵمی لێکراوە، بەڵام لە تەنیشت ئەم ئازارانەوە هەمیشە سەربەرز بووە.

هەروەها لوقمان سەلیم دەدوێت و دەڵێت: پێویستە بیرمان نەچێت بەدەر لە هونەرمەندانی باشور، کەسێکی وەک ئەحمەد کایا هەبوو کە لە باکوری کوردستان لە لوتکەی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک ناڕەزایەتی دەردەبڕی و پشتگیریی لە دۆزی کورد دەکرد، بۆیە هونەرمەند پێویستە لە کاتە سەختەکاندا هەڵوێستی هەبێت.

لوقمان سەلیم پێشنیارێک دەکات و دەڵێت: خوازیارم کە کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و ئەوانەی هەستی نەتەوایەتییان تێدا زیندووە، بە هەموومانەوە بتوانین کەرنەڤاڵێکی نەتەوەیی دژ بە داگیرکاری دەوڵەتی تورک ئەنجام بدەین، لە دژی ئەو دەوڵەتەی کە هەوڵی قڕکردنی کلتور و گەلی کورد دەدات.

س.ح