دراما تورکییەکان، بەشێک لە تواندنەوە و تاڵانکردنی کلتوری کوردی

دراما بیانییەکان بە تایبەتی دراما تورکییەکان کە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی باشوری کوردستان بڵاو دەکرێتەوە لە بواری کۆمەڵایەتی، کلتوری و ئەخلاقی-دا کاریگەریەکی نەرێنیی دروستکردووە لەسەر کۆمەڵگا، ئەو درامایانە کە وەک بەشێک لە سیاسەتی داگیرکاریی کلتوریی و فیزیکی نرخاندنیان بۆ دەکرێت، کاردانەوەی دروستکردووە و بەڕێوبەری ڕۆشنبیری سلێمانی و وەزارەتی ئەوقاف و هونەرمەندان و کۆمەڵناسانی باشوری داوا دەکەن دەزگایەک دابنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو درامایانە.


هەرێمی کوردستان ساڵانێکی زۆرە لەژێر هێرشە سەربازیی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دایە، هاوکات مەترسیی تاڵان و تواندنەوەی کلتوری، ئەخلاقی و پێوانەکانی کۆمەڵایەتییە کوردییەکانی لەسەرە، لەلایەک جوگرافیا و شوێنەوارە مێژووییەکانی بۆردوومان دەکرێن و  هاوڵاتیان دەکوژرێن، لە لایەکی دیکەشەوە لە بواری ئابووریدا هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی داگیرکراو پێناسەی بۆ دەکرێت، بە تایبەت کە زۆربەی کۆمپانیاکان و بەرهەمەکانی خواردن، خواردنەوە، جلوبەرگ، کەلوپەلی ناو ماڵ، دروستکردنی ڕێگاکان، نەوت و سوتەمەنی، بیناسازی، یان بیانین یان هی تورکیان.

لەم ساڵانەی دواییدا تاڵان و تواندنەوەی کلتوریی زیاد کراوەتە سەر ئەو کێشانە، بۆیە دەوڵەتی تورک بە تایبەتی گرنگیی داوە بە بەرهەمهێنانی دراما، دراماکان کە تادێت ژمارەیان زیاتر دەبێت، لە باشوری کوردستان دۆبڵاژ دەکرێن و لە کەناڵەکانەوە نیشان دەدرێن.

هەم تاڵان هەمیش تواندنەوە

بەپێی ئەو ئامارانەی لە ئەنجامی لێکۆڵێنەوەکان دەرکەوتوون، هەروەها بەپێی بۆچوونی شارەزاکانی ئەو بوارە، دەوڵەتی تورک بەم کارە پلانە داگیرکاریی و تاڵانکارییەکانی لە بواری جوگرافی، کلتوری و کۆمەڵایەتی لە کوردستان جێبەجێی دەکات، لەلایەک دەتوێنێتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە بەو تواندنەوە پارە بەدەست دێنێت، بەو پارانەش چەک دەکڕێت و دیسان لەدژی کوردەکان بەکاری دێنێت، هەروەها جوگرافیا، کلتور و کۆمەڵگای کوردی بچووک نیشان دەدات و لە بەرامبەردا بانگەشە بۆ کلتور، زمان، جلوبەرگ و شوێنە گەشتیارییەکانی خۆی دەکات کە لەوێشەوە پارە کۆبکاتەوە.

بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٨، تورکیا ساڵانە ٣٥٠ ملیون دۆلار لە کەرتی فیلمسازی بەدەست دێنێت، ئێستاش هەوڵدەدات داهاتی ئەو درامایانە لە ساڵی ٢٠٢٣ بگەینێتە یەک ملیار دۆلار.

ڕێکلام بۆ کەرتی جلوبەرگ

لەو درامایانەدا ڕیکلام بۆ ئەو جلوبەرگانە دەکرێت کە لە تورکیا نافرۆشرێن و بەو شێوازە ئەو بەرهەمانە هەناردەی وڵاتانی ناوچەکە دەکرێن، بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە لەژێر کاریگەریی ئەو درامایانەدا جلوبەرگی تورکی هەناردەی ١٢٩ وڵات دەکرێت، لە باشوری کوردستانیش زیاترین ڕێژەی جلوبەرگ لە وڵاتی تورکیاوە هاوردە دەکرێت و سەرەڕای کوالیتی نزمیشیان بە بەهایەکی زۆر دەفرۆشرێن، ئەمە شێوەیەک لەو تاڵانکردنەیە، لەبەرامبەردا تادێت بەکارهێنانی جلوبەرگی کوردی کەمتر دەبێتەوە، بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٨، تورکیا ساڵانە ١٥ ملیار دۆلار لە کەرتی جلوبەرگ بەدەست دێنێت.

ئەو پارانە دەدرێتە بۆمب و گولـلە و بەسەر کورددا دەبارێندرێت

لەم چەند ساڵەی دواییدا، دەوڵەتی تورک زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات، ئاگریان تێبەردەدات و سەربازییان بۆ دەنێرێت، کاتێک باش بۆی دەچیت و ئەنجامی ئەو نرخاندن و لێکۆڵێنەوانە لەبەر چاو دەگریت، دەبینیت کە یەکێک لە سەرچاوەکانی ئابووری ئەو بۆردوومانانە، داهاتی دراماکانە، بە واتایەکی دیکە ئەو پارەیەی لە ڕێگەی دراماکانەوە دەستی دەوڵەتی تورک دەکەوێت، بۆ کڕینی چەک و بۆمب لەدژی کوردستان بەکار دەهێنرێت، بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٧ تورکیا ساڵانە ١٩ ملیار دۆلار بۆ شەڕ و هێزە سەربازییەکانی جیا دەکاتەوە و بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی ڕێژەیەکی زۆر بودجە دەداتە کەرتی سەربازیی، بەشی سەرەکی بودجەی شەڕی وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی تورک لە شەڕی دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان و گەلی کورد خەرج دەکرێت.

بەها کۆمەڵایەتییەکانیان کردووەتە ئامانج

دراماکان، کاریگەرییان لەسەر کلتور و بەها کۆمەڵایەتییەکان دەبێت، ئەنستیوتی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەزانکۆی گازی تورکیا، لەسەر ٥٥بەشی دراما تورکییەکان، لێکۆڵینەوەیەکی سەرنجڕاکێشی ئەنجامداوە، لە لێکۆڵینەوەکەدا ڕێژەی توندوتیژی و هاندان بۆ تاوان ئاشکرا کراوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکە، لەو ٥٥ بەشەی ئەو درامایەدا، ٤١١ ڕووداوی کوشتن، ١٥٢ برینداربوون، ١٣٧ هێرش، ١٤٧ حاڵەتی لێدان، ١٥٥ جار زلە وەشاندن، ١٧٥ حاڵەتی شەڕ، ١١٠ حاڵەتی ئەشکەنجەدان، سێ حاڵەتی دەستدرێژی، ١٩١ حاڵەتی ئازاردان و ١٤٥ جار ڕوودانی شەڕ و پێکدادان تۆمار کراوە.

کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای باشور

دراما تورکییەکان لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە لە تەلەفزیۆنەکانی باشوری کوردستانەوە بڵاو دەکرێنەوە، بەڵام بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٣ بەدواوە، بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوکردنەوەیان زیادیکردووە، بەپێی زانیارییەکان هەر درامایەکی تورکی بە لانیکەمەوە ٣٠ هەزار دۆلاری بۆ خەرج دەکرێت، ساڵانە لانیکەم ١٠ درامای تورکی لە هەرێمی کوردستان بە زاراوەی سۆرانی دۆبلاژ دەکرێت، هەر درامایەکیش لانیکەم ١٢٠ بۆ ٢٠٠ عەڵقەی هەیە، کە هەر عەڵقەیەکیش لە نێوان ٩٠ بۆ ١٢٠ خولەکە، دۆبلاژی هەر خولەک لەو درامایانە ١٢ بۆ ١٨ دۆلاری تێدەچێت، بەو پێیە عەڵقەیەکی ٩٠ خولەکی درامایەک ئەگەر حسابی ١٨ دۆلار بۆ هەر خولەکێک بکەین، بە هەزار و ٦٢٠ دۆلار دۆبلاژ دەکرێت، بەوەش درامایەکی ٢٠٠ عەڵقەیی بە بڕی ٣٢٤ هەزار دۆلار دۆبلاژ دەکرێت، ژمارەیەک لەو دراما تورکییانەی لە باشوری کوردستان بڵاو دەکرێنەوە، ٩٠٠ بۆ دوو هەزار عەڵقە لەخۆ دەگرن.

توندوتیژی، هەڵوەشاندنەوەی خانەوادە و ئەخلاق

دراما تورکییەکان لە بواری شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی، پەیوەندیی ژن و پیاو و پەیوەندیی خانەوادە و ئەخلاق-یش کاریگەری تێکدەرانەی گەورەیان هەیە، ئەو ڕووداوانەی لەو درامایانە دەبینرێن، لە هەرێمی کوردستانیش دووبارە دەبنەوە، لە کاتێکەوە لە باشوری کوردستان دەستکراوە بە بڵاو کردنەوەی ئەو درامایانە، ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٩ سێ هەزار و ٦٨٧ ژن کوژراون، سوتێندراون یان خۆیان کوشتووە، هەروەها دوو هەزار و ٥٣٧ ژن ڕووبەڕووی دەستدرێژی جنسی بوونەتەوە، ئەو ڕێژانەی لە ئامارەکان بڵاو بوونەتەوە، ئاماری ساڵەکانی ٢٠١٠ و ٢٠١١ی تێدا نییە.

دەستدرێژی بۆسەر منداڵان و منداڵانی بێ خاوەن

ڕووداوەکانی دەستدرێژی بۆسەر منداڵان بەم دواییانەدا لە باشوری کوردستان و عێراق دەبینرێن، شارەزایان ئەو درامایانە وەکو هۆکاری زیادبوونی دەستدرێژییەکان دەزانن، ئەمساڵ لە دهۆک کچێکی تەمەن ١١ ساڵ لەلایەن پیاوێکی تەمەن گەورەوە دەستدرێژی کراوەتە سەری و دواییش بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە، هاوکات لە عێراق-یش ڕووداوێک بەو شێوەیە ڕوویدا، هەروەها لە هەندێک ناوچەی دیکەش ڕووداوی لەو شێوەیە ڕوویان داوە، بەڵام نەبوونەتە ڕۆژەڤی ڕاگەیاندنەکان.

لە دراما تورکییەکاندا سیناریۆیەک وەک ئەوەی منداڵان بێ خاوەنن و دوایی خانەوادەکانیان دەدۆزنەوە، دەبینرێن، هەروەها منداڵانێک کە لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی هاوسەرگیریی لەدایک دەبن دەبینرێن، کە لە بەردەم کارگەکان، مزگەوتەکان و لەسەر ڕێگاکان دادەنرێن، ئەو کلتوری فڕێدانی منداڵانە لە کۆمەڵگای باشوریش باو بووە، ئەمساڵ چەندین منداڵی کۆرپەی بێ خاوەن لە کەرکوک، هەولێر و سلێمانی دۆزرانەوە، بە گوێرەی خەڵکی ئەو ناوچانە و شارەزایان، تائێستا شتێک لەو جۆرە لە کۆمەڵگای کوردی نەبووە، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێننەوە بۆ دراما تورکییەکان.

جیابوونەوەی ژن و پیاو

ڕێژەی جیابوونەوەی ژن و پیاو هەم لە باشوری کوردستان و هەمیش لە عێراق زیادی کردووە، لە کاتی بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی جیابوونەوە، کاربەدەستانی عێراقی هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوەیان گەڕاندەوە بۆ دراما تورکییەکان.

کلتوری دزیکردن پێشدەخات

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی باشی باشوری کوردستان ئەوەیە کە لەناو کۆمەڵگادا ڕووداوی دزیکردن زۆر کەمە، بەڵام دوای بڵاو بوونەوەی ئەو دراما تورکیانە، کلتوری دزیکردن لە باشوری کوردستان دەبینرێت، ماوەیەک لەمەوبەر گەنجێک بۆ دزینی ٢٠٠ هەزار دیناری عێراقی گەنجێکی کارمەندی بەنزینخانەیەکی دایە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوشتی.

لە هەرێم-دا سیستمێک بۆ کۆنترۆڵکردنی نییە

دراما تورکی و بیانیانە لە زۆرێک لە تەلەفزیۆن و کەناڵە ئاسمانییەکانی باشوری کوردستان بڵاودەبنەوە، بەڵام تائێستا یاسایەک یان سیستمێک بۆ کۆنترۆڵکردنیان دانەنراوە، ئەو درامایانە بەبێ ئەرێکردنی وەزارەتی ڕۆشنبیریی و کۆنترۆڵکردنیان، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی کۆمپانیا و تەلەفزیۆنەکانەوە دەکڕدرێن و بڵاودەکرێنەوە، وەزارەتی ڕۆشنبیریی لە کاتێکدا کە سکاڵایەک دژی ئەو درامایانە بڵاو بکرێتەوە یان ئەگەر هەندێک دیمەنیان هەبێت، دەتوانێت لەسەری ڕابوەستێت و سزا بۆ ئەو کەناڵانە دیاری بکرێت.

بابەکر دڕەیی، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیریی پارێزگای سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات کە دەزگایەکیان بۆ چاودێری و پەسەندکردنی ئەو دراما بیانیانە نییە و وتی: "تەلەفزیۆن و کۆمپانیاکان ڕاستەوخۆ ئەو درامایانە دەکڕن و بڵاوی دەکەنەوە، تەلەفزیۆنی تایبەتی سەربە پارتەکانیش هەر بەو شێوەیە ئەو درامایانە دەکڕن، لەخۆیدا تەلەفزیۆن و کۆمپانیاکانی سەربە پارتە گەورەکانی ناو دەسەڵاتن".

دڕەیی، ئاماژە بەوە دەکات بۆ ئەوەی بڵاوکردنەوەی ئەو درامایانە ڕابگیرێت، پێویستە هاوڵاتیان یان هەندێک کەس سکاڵا تۆمار بکەن، ئەو کاتە ئێمە دەتوانین کاری لەسەر بکەین، وتیشی:"ماوەیەک کەمپەینێک دەستیپێکرد دژی ئەو درامایانە، یەکێک لەو کەناڵانەش کە پەخشی ئەو درامایانەی ڕاگرت، کەناڵی کوردسات بوو، کاتێک کەمپەین و ڕۆژەڤ هەبێت کاریگەریی دادەنێت و ئەنجامیشی دەبێت، کاتێک کۆمەڵگا بێدەنگ بێت، تەلەفزیۆنەکانیش کاری خۆیان دەکەن".

وەزارەتی ئەوقاف، بەم دواییانەدا لەسەر ناڕەزایەتیی زۆری کۆمەڵایەتی داوای لە بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیریی کرد کە پێوەرێک بۆ دراما بیانییەکان بە تایبەت دراما تورکییەکان دانێت و بەرپرسیارێتی خۆی بەجێی بهێنێت.

بازرگانی دەکرێت

کۆمەڵناس سەرکەوت قادر ئاماژە بەوە دەکات کە دراماکان وەک کاڵایەکن کە بازرگانییان پێوە دەکرێت، بۆیە پێوەرە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ لەبەر چاو ناگیرێت و وتی: ئەو درامایانەی هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرێن وەک سەرمایەیەکن بۆ ئەو وڵاتانەی بەرهەمیان دێنن، دراماکان ئێستا وەک کاڵایەک هاوردە دەکرێن، بۆیە لەو درامایانەدا زۆر گوێ لە هەستیارییەکانی کۆمەڵگا ناگیرێت، لەچاو ڕابردوو ڕێژەی تاوان زیادی کردووە، دراما بیانییەکان بە تایبەتیش دراما تورکییەکان، کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر خانەوادە هەیە و بووەتە هۆی ئەوەی کێشەکان لەناو ماڵەکاندا زۆر زیاتربن، کەکاتی خانەوادەکانیش بە فێڕۆ دەدات، هەندێک لەو درامایانە تا ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ ئەڵقە درێژەیان هەیە، وای لێدێت کە ئەو کەسانەی سەری ئەو درامایانە دەکەن خۆیان وەک کەسایەتییەکی ناو ئەو درامایانە ببینن، کەسەکان لە کۆمەڵگا و خانەوادە دوور دەخاتەوە، ئەو کەسە ئیدی خۆی بە هی کۆمەڵگای خۆی نازانێت.

حەزی تاوان زیاد دەکات

سەرکەوت عەبدولقادر، سەرنج ڕادەکێشێتە سەر ئەوەی کە ئەو منداڵانەی سەیری ئەو درامایانە دەکەن کە دیمەنی توندوتیژییان تێدایە، نیازی تاوان تێیاندا زیاد دەبێت و وتی: کاتێک ڕووداوی کوشتن لە فیلمێک پیشان دەدرێت، کاریگەریی لەسەر ئەو منداڵانە دادەنێت کە سەیری دەکەن، بۆیە نیازی ئەنجامی تاوان و دووبارەکردنەوەی ئەو کردەوانە تێیاندا دروست دەبێت، ئەو درامایانە ترسناکن، شەڕە چەقۆ تێیاندا زۆرە، ئەو گەنجانەی تازە پێگەیشتوون، کاتێک سەیری دراماکان دەکەن، یەکسەر لاساییان دەکەن، نمونەشی لە سلێمانی ڕوویدا، دوو گەنج لەسەر تەلەفۆنێک هاوڕییەکی خۆیان کوشت، لە هەولێریش کوڕێک باوکی خۆی کوشت.

سەرکەوت، جەختی لەوە کردەوە کە، دراماکان بێ ئەوەی کاریگەریی خراپیان لەسەر کلتوری کوردی، کۆمەڵایەتی و ئابووری هەرێم بزانرێت، ڕاستەوخۆ بڵاودەکرێنەوە، بەڵام ئەو شتانەی لە دراماکان بڵاودەکرێنەوە هیچ بەپێی ئەخلاق و کلتوری کوردی نیین.

پێویستە چارەسەر بکرێت

ناوبراو داویکرد کە وەزارەتی ڕۆشنبیریی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە ڕێگریی لەبڵاوبوونەوەی ئەو دراما بیانیانە بگرن و وتی: پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیریی بۆ فیلتەرکردنی ئەو درامایانە هەندیک هەنگاوبنێت، تکا دەکەین کە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەکاتی ئەزمونەکاندا هەرجۆرە درامایەک قەدەغە بکات، چونکە کاریگەرییەکی زۆر خراپیان هەیە، پێویستە وەزارەتی پەروەردە، خوێندنی باڵا و ڕوشنبیریی هەماهەنگییەک دروستبکەن، کە ئەو دارامایانە سنووردار بکرێن، ئەگەر ئەوە نەکرێت زۆر ڕووداوی ناخۆش ڕوو دەدات، فڕێدانی منداڵان لە کەرکوک، سلێمانی و هەولێر بە شێوەیەکی مەترسیدار زیاد دەبێت.

میوان پەروەریی کوردیش دەکوژێت

سەرکەوت عەبدولقادر بەبیری هێنایەوە کە پێشتر لە کوردستان، کلتوری میوان پەروەری زۆر بەهێزبوو، بەڵام بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو درامایانەوە ئێستا کەس ناتوانێت بچێتە میوانی و وتی: کاتێک هاوڵاتیان سەردانی ماڵی یەکتر دەکەن، هەندێک سەیری دراما دەکەن، هەندێکیان سەیری موبایلەکانیان، ئەو کاتانەی پێویستە پێکەوە بەسەری بەرن، بۆ دراماکان بە فیڕۆی دەدەن، ئەوەش دەبێت هۆی هەڵوشانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

هونەری کوردی لە دۆخێکی خراپدایە

دەرهێنەر و سینماکار گەزیزە عومەر، ئاماژە بەوە دەکات کە هونەری کوردی لە باشوری کوردستان لە دۆخیکی خراپدایە و وتی: لە وڵاتی ئێمە زۆر کەم باسی هونەر دەکرێت، وەک هونەرمەندێک و ئەندامێکی بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیریی ناتوانم بڵێم هونەری کوردی لە دۆخێکی باش دایە، دوای ڕاپەڕین، حکومەت، پەرلەمان و زۆرێک بەڕێوبەرایەتیمان دروستکرد، هەروەها چەندین تەلەفزیۆنی هەرێمی کرانەوە، هیوامان ئەوە بوو زیاتر دراما و فیلمی کوردی بڵاو بکرێتەوە، پێویستبوو ئەو تەلەفزیۆنانەی خاوەن کۆمپانیای تایبەتن بۆ بەرهەمهێنانی درامای کوردی بوایەن، بەڵام بە داخەوە ئەو خەونەمان بەدی نەهات، ئەمە جێی خەمگینییە، هۆکاری سەرەکی لاوازبوونی فیلمی کوردی و ڕاگەیاندنە بینراوەکانمانن، تەلەفزیۆنەکانیش دەڵێن؛ چونکە سیناریۆی فیلمە کوردییەکان لاوازن و دەرهێنەرەکان بەڵێنەکانییان بەجێی ناهێنن، ئێمەش ڕوو لە بەرهەمی دەرەوە دەکەین، بە ڕای من ئەمە وەڵامێکی گونجاو و بەجێی نییە، لە تەلەفزیۆنە کوردییەکاندا درامای تورکی لە ڕیزی یەکەمدایە، فیلمی فارسی، عەرەبی، مەکسیکی، کوری و هتد بڵاو دەکرێنەوە، منداڵانی ئێمە ئەو فیلمانە دەبینن، دەیانەوێت جلی هندی و هتد کە لە فیلمەکاندا بەکار دەهێنرێن لەبەر بکەن، بێ ئەوەی هەستی پێبکەین ئەوانە کەوتووەتە ناو کۆمەڵگامان.

بۆ پێشخستنی فیلمی کوردی ڕەزامەندی نادرێت

گەزیزە عومەر، سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەوەی کە بۆ پێشخستنی هونەری کوردی ڕەزامەندی نادرێت و وتی: سیناریۆی درامایەکی ٣٠ عەڵقەیی لەبەر دەستم دایە، بەڵام هیچ کۆمپانیایەک نییە سپۆنسەریی بۆ بکات، بۆ نمونە وڵاتانی عەرەبی هەر ساڵە بۆ مانگی ڕەمەزان چەندین بەرهەمی ناوخۆیی بڵاو دەکەنەوە و هەموو کۆمەڵگای عەرەبی لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، تەلەفزیۆنەکانی ئەوان بۆ ناوچەکانی خۆیان کار دەکەن، بەڵام تائێستا ڕووینداوە تەلەفزیۆنێک هاتبێت و وتبێتی ئەگەر بەرهەمتان هەیە وەرن بۆتان دروستبکەین، ئیستا درامایەکی کوردی ئامادە دەکەم، پێویستە تەلەفزیۆنە کوردییەکان داوای ئەو فیلمەم لێبکەن، هەم بۆ کلتوری ئێمە باشە هەمیش داهاتێکی بۆ هەرێم هەیە، بەڵام لێرە هیچ سیستمێکی کارکردن نییە، کۆمەڵگای ئێمەش دەیانەوێت لەپەخشی تەلەفزیۆنە کوردییەکاندا بابەتی پەیوەندیدار بە خۆیەوە ببینێت.

گەزیزە عومەر لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کوردستان وڵاتێکی جوان و دەوڵەمەندە، بۆیە دەبێت لە ڕێگەی هونەرەوە ڕیکلام بۆ سروشتی خۆی بکات، بەڵام تائێستا هیچ هەوڵێکی بۆ نەدراوە، ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە بۆ هونەرمەندان، تائێستا هەشت حکومەتمان هەبووە، بەڵام لە هیچ کابینەیەکدا بە پاراگرافێکیش باسی کاری هونەریی نەکراوە و مافی هونەرمەندانی نەپاراستووە، وەزیرەکان لەکارەکانی خۆیاندا شارەزانیین، بەرنامەیەکی یاسایی ئامادەکراو نییە، کۆمپانیا و تەلەفزیۆنەکان هەموو سەربە پارتەکانن، بەهۆی خەمساردی و نابەرپرسیارێتی هونەرمەندانی کورد بێهیوا دەبن، ئێمە هەموومان لەو دۆخەدا بەرپرسیارین، ئێمەی هونەرمەندانی کورد کاتێک دەگەینە یەک تەنها دەردەکانمان بۆ یەکتر باسدەکەین، بەڵام پێویستیمان بە شتێکی زیاتر هەیە.

د.ع