"دراما تورکییەکان کار لەسەر شێواندنی کلتوری کوردی دەکەن"

دەربارەی پەخشکردنی زنجیرە فیلمە تورکییەکان و کاریگەرییان لە سەر کۆمەڵگا و ژن، هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ڕەخنە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگرن کە ئەرکی سەرەکی ئەوانە پێش بایکۆتی کاڵا، زنجیرە فیلمە تورکییەکان بە تەواوی بایکۆت بکرێت و هونەرمەندێکیش دەڵێت: دراما تورکییەکان کار لەسەر شێواندنی کلتوری کوردی دەکەن و ژن دەشکێنن.


هاوشانی داخوازی بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی، خواست بۆ بایکۆتکردنی زنجیرە فیلمە تورکییەکان و پەخشنەکردنی لە کەناڵە کوردییەکان هەیە و بەپێی بیروڕای هاوڵاتیان و هونەرمەندانی سنوری پارێزگای سلێمانی، زنجیرە فیلمە تورکییەکان بەگشتی بەها کۆمەڵایەتییەکانیان لە ناو کۆمەڵگای کوردەواری کردووەتە ئامانج و کاریگەریی کردووەتە سەر کلتور پەیوەندییە خێزانییەکان.

چلچرا عوسمان، وتی: نازانم بۆ دەبێت کورد بینەری تورکی و عەرەبی بێت لە کاتێکدا ئەوان بۆ تەنیا جارێک نەبووە بینەری زنجیرە فیلمەکانی ئێمەبن، بەڕای من گوناحە تورکی لێبدرێت و خەڵک کاتی خۆی پێ بەسەر ببات، بۆ نمونە لە دراماکاندا دەبینی ژنێک شێوازێکی دڕندانەی هەیە لە گەڵ منداڵ و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی، لەوانەیە کەسانی دیکە ئەو ڕۆڵە وەرگرن و کاریگەرییان لە سەری هەبێت، بۆ نمونە لای ئەوان حاڵەتی نەخوازراو و ناشەرعی هەیە و لای ئێمە خەریکە دروست دەبێت و بەگشتی پەخشکردنی زنجیرە فیلمە تورکییەکان شتێکی هەڵەیە، بۆیە ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە کە دەبێت ڕۆڵی گەورە ببینین و هاندەر بن بۆ بڵاوبوونەوەی دراما کۆمەڵایەتی و بە سودەکان.

هەروەها سەفیە ئەحمەد، کە تەمەنی ٥٨ ساڵە، بە زمانە سادە و شیرینەکەی باسی خراپبوونی هەڵسووکەوتی بەشێك لە هاوڵاتیانی کرد و هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ بڵاو کردنەوەی ئەم زنجیرە فیلمە تورکیانە، چونکە لە کاتی خۆیدا هیچ یەک لەم ڕەفتارانە لە ناو کورددا نەبوو بە تایبەت فڕێدانی منداڵ لە لایەن دایکانەوە، بۆیە جاران ژیانی ئێمە زۆر خۆش بوو و داوا لە هاوڵاتیان دەکەم کە تۆزێ بە خۆیاندابێنەوە و بە ئاگابێنەوە.

فواد سیروس، هاوڵاتییەکی دیکەیە و دەڵێت: زنجیرە فیلمە تورکییەکان پتەوی پەیوەندی هاوڵاتییانی لە ناوبردووە و ئەو خۆشەویستی و ڕێزەی کە لە نێوان ئەندامانی خێزانەکاندا هەیە کەمی کردووەتەوە، چونکە ئەم فیلمانە پڕن لە خیانەت و خەیاڵ.

ئاوارە کەرکووکی  کە هونەرمەندیکی بواری نواندن و شانۆیە و چەندین ساڵە لەو بوارە کار دەکات لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئەم درامایانە جۆرێک لە دەستوەردانە لە ناو کۆمەڵگای کوردی و پێیوایە بازرگانەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورک هاوبەشیان هەیە و دەیانەوێت جگە لە لایەنی بازرگانی کار بکەن بۆ شیواندنی کلتور و تەقالیدی کۆمەڵگا.

دەشڵێت: ئەم زنجیرە فیلمە تورکیانە شکاندنی کەسایەتی ژن و کیانی ژنە و ئێمە وەک کۆمەڵگای کوردی ژنمان زۆر بەرز و پیرۆزە، بەڵام بەداخەوە ئەمانە ئەوەندە شتی ناشرینیان هێناوەتە ناو کۆمەڵگای کوردی و بڵاویان کردووەتەوە، ئەمە ڕێگانیشاندەرێکی زۆر ناشرینە و فێرکردنی پیلانگێرییە بە سەر یەکترەوە، ئاخر کەی خانەوادەکان ئەو هەمووە پیلانگێڕییەی تێدا بووە، بۆیە هەموو ئەمانە پێش هەموو شتێک لێدانە لە ڕەوشت و کلتوریی کورد.

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد: "ژنی ئێمە یەپەژەیە، ژنی ئێمە حەپسەخانی نەقیب و خانزادی سۆران و دەیان دایکە ئامینە، خوشکە سنەوبەر ولەیلا قاسمە کە سنگی خۆیان کرد بە قەڵغان، پێویست بوو زۆر دەمێک بوایە ئەم بایکۆتە بکرایە و ئێمە هونەرمەندی زۆر چاکمان هەیە و هەر دینارێک کە ئەدرێت بە کاڵایەکی تورکی ئەمە کڕینی چەکێکە کە کوڕێک، شەرفانێک و گەریلایەک و پێشمەرگەیەکی کوردی پێدەکوژنەوە، بۆیە بایکۆتی دراماکان با پێش کاڵاکان بێت".

ک.س