درەختە تەنیاکان گوزارشت لە ئاوێتەبوونی کلتووری گەلان دەکات

فیلمی دۆکیۆمێنتاریی درەختە تەنیاکان لە شاری سلێمانی نمایشکرا، کە باس لە ھونەری دەنگبێژیی دەکات، دەرھێنەری فیلمەکەش باس لەوەدەکات،  فیلمە گوزارشت لە ئاوێتەبوونی کلتووری و ھونەری گەلانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا دەکات.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە ھۆڵی سینەما سالم لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ھونەرمەند و سینەماکاران و ھاوڵاتیانی شارەکە، فیلمی دۆکیۆمێنتاریی درەختە تەنیاکان نمایشکرا.

فیلمی درەختە تەنیاکان ساڵی ٢٠١٧ لە باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا بەرھەمھێندراوە بەرھەمی کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستانە و لەلایەن دەرھێنەری کورد شێرۆ ھندییەوە کاری دەرھێنانی بۆ کراوە.

ماوەی فیلمەکە ٤٥ خولەکە و باس لە ھونەری دەنگبێژیی دەکات لە باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا، نموونەی ھونەرەکەی لەناو پێکھاتە نەتەوەییەکانی ناوچەکەدا پیشانداوە.

لەدوای نمایشکردنی فیلمەکەش، شێرۆ ھندی، دەرھێنەری فیلمەکە وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا باسی لە ناوەڕۆکی فیلمەکە کرد، کە ئاوێتەبوونی کلتوور و ھونەر و پێکەوەژیانی گەلانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا نیشان دەدات.

دواتریش ئامادەبووان سەرنج و تێبییەکانی خۆیان لەسەر فیلمەکە ئاراستەی دەرھێنەر کرد.

ب.ش