دواى ٤٨ ساڵ گۆڤارێکى کوردى بڵاو کرایەوە

بڕیار وابوو ژمارە چوارى گۆڤارى دەفتەرى کوردەوارى لە ساڵى ١٩٧٠ بڵاو بێتەوە، بەڵام بڵاو نەکرایەوە، لە دواى ٤٨ ساڵ لە نێو بەرگى کتێبێکدا هەرچوار ژمارەکەى بڵاو کرایەوە.


کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکى پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ لە هۆڵى ڕۆژنامەى کوردستانى نوێ لە شارى سلێمانى، کتێبێک بە بەناوى 'دەفتەرى کوردەوارى' بڵاوکرایەوە، کە هەر چوار ژمارەى گۆڤارى دەفتەرى کوردەوارى لەخۆى گرتبوو.

کتێبەکە لەلایەن ڕۆژنامەى کوردستانى نوێ-وە چاپ کرابوو، لەکاتى بڵاو کردنەوە و ناساندنى کتێبەکەدا، جەمال خەزنەدار، ئامادەکارى کتێبە و سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازى گۆڤارەکە ئامادەبوو.

جەمال خەزنەدار، لە کاتى ناساندنى دەفتەرى کوردەوارى، وتى، کە لەساڵى ١٩٧٠ گۆڤارى دەفتەرى کوردەواریمان دەرکرد، کە گۆڤارێکى ئەدەبى بوو، لەهەمان کاتدا ناوەڕۆکێکى سیاسى هەبوو، تێیدا چەندین نووسەر و ئەدیبى کورد نوسینیان بڵاو دەکردەوە، لەوانە مستەفاى ساڵح کەریم و عەبدوڵا پەشێو و مارف خەزنەدار و ئەحمەد خواجە، جەمال بابان و موکەڕەم تاڵەبانى و چەندین نووسەرى دیکە.

جەمال خەزنەدار، ئاماژەى بەوەشکرد، کە لەکاتى خۆیدا دەرفەت نەبووە ژمارە چوارى گۆڤارەکە بڵاو بکەنەوە، بەڵام ژمارە چوار بە ئامادەکراوى لاى ئەو مابوو، بۆیە لەبەرگى ئەو کتێبەدا بڵاویان کردووەتەوە.

س.ح