دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک هێشتا دەنگی شەماڵ سائیب زیندووە

دوای تێپەڕبوونی ٣٢ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی گۆرانیبێژ شەماڵ سائیب-دا، هێشتا چێژی گوێگرتن لە دەنگی بەسۆزی بەردەوامە و دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک هێشتا دەنگی هەر زیندووە.


شەماڵ جەلال سائیب، ناسراو بە شەماڵ سائیب، گۆرانیبێژی ڕەسەنی نیو سەدەی ڕابردوو، لە دایکبووی ساڵی١٩٣١ شاری سلێمانی، بەهۆی ئەوەی باوکی قایمقام بووە بووەتە ڕێگەخۆشکەر، تا لە منداڵییەوە لە گەلێک شار و شارۆچکەی کوردستاندا بژی و چاوی بکرێتەوە.

شەماڵ هەر لە دوای تەواوکردنی قۆنا‌غی خوێندنی سەرەتایی، چووەتە کۆلێژی مەلیک فەیسەڵ لە بەغدا کە قوتابخانەیەکی دواناوەندیی بوو و بە زمانی ئینگلیزی وانەی تێدا دەخوێندرا و تەنیا قوتابییە یەکەمەکانی عێراقی وەردەگرت.

دوای تەواوکردنی قۆناغی خوێندنەکەی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان وەرگیراوە و لە ١٩٥١ ز دا کۆلیژی ئاداب بەشی مێژوو لە زانکۆی بەغدا وەرگیراوە و لە ساڵی ١٩٥٦ ز دا خوێندنی زانکۆی تەواو کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە مێژوو وەرگرتووە و کراوە بە مامۆستا لە دواناوەندی ئەعزەمییە‌ی کوڕان و لە ساڵی ١٩٥٩ ز دا بووەتە مامۆستای بابەتی ڕۆشنبیریی مۆسیقا لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بەغدا.

لە دوای ساڵی ١٩٦٣ کە چۆتە ئەمریکا بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا و بڕوانامەی ماستە‌ری لە ئەدەبدا وەرگرتووە و لە ساڵی ١٩٧١ لە فێرگەی بەغدا- بەشی کوردی  یەکەم گۆرانی خۆی بە ناوی 'موژدە بێت ساڵ گەڕایەوە' تۆمار دەکات و پاش ماوەیەک لە هەمان فێرگەدا دەبێت بەڕێوبەری هونەری و هەفتانە بەرنامەیەک بە ناوی باخچەی مۆسیقاوە ئامادە و پێشکەش دەکات، جگە لەوەی لە گەلێک درامادا بەشداری دەکات، بەرهەمە گۆرانییەکانی بە ناوی هاوار سەد هاوار، هاتی بۆ هاتی، ئازیز بەهارە، زوڵێخا، خۆزگە دونیام هەبوایە و گەلێک گۆرانی دیکە.

ئەو هونەرمەندە لە فۆلکلۆر و میوزیکی ڕۆژهەڵاتی و جیهانیدا شارەزایی هەبووە و توانای ژەنینی چەند ئامێریکی میوزیک بە تایبەت عودی هەبووە، لە زۆرێک لە مەیدانەکاندا ئاستێکی باشی بە دەست هێناوە لەوانە یەکەمین هونەرمەند بووە کە میوزیکی بە شێوەی ئەکادیمی خوێندبێت و یەکەمین گۆرانیبێژی سەردەمی خۆی بووە کە بە دیالێکتی کرمانجی ژووروو گۆرانی وتبێت و لە دەرەوەی ستۆدیۆ تۆماری کردبێت.

 پاش کردنەوەی زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٦٨، لەسەر خواستی ئەو زانکۆیە داوا لە هونەرمەند دەکرێت کە بگەڕێتەوە وڵات و ئەویش دوای چەند ساڵێک  داواکەیان پەسەند دەکات و بە بێ ژن و منداڵەکەی دێتەوە، چونکە ئەوان ڕازی نین بە گەڕانەوە بۆ وڵات و دواتر لە کۆلێژی ئاداب دەبێتە مامۆستا، دوبارە ژیانی هاوبەش پێکدەهێنێتەوە و دوو منداڵیان بە ناوی ژیمۆ و تیشکۆ دەبێت، پاش گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی بۆ شاری هەولێر، شەماڵ سائیبیش دەچێتە هەولێر و تا کۆتایی لەوێ دەمێنێتەوە.

شەماڵ سائیب، لە دواجاردا لە ٧/١١/١٩٨٦ بە هۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە کۆچی دواییی دەکات و تەرمەکەی دەهێنرێتەوە سلێمانی و لە گردی سەیوان دەنێژرێت.

ئەو هونەرمەندە وەک زۆرینەی هونەرمەندانی کورد بوو بە سامانێکی هەمیشەیی و نەبڕاوە بۆ هونەر و دەنگبێژی کوردی و هێشتا هەر دەنگی زیندووە.

 

ک.ک