دوای سەدان ساڵ سەراجی لە کەرکوکدا زیندووە

هاوڵاتییەكی كەركوك، ماوەی ٤٠ ساڵە كاری سەراجی دەكات، ئەو باس لە خۆشەویستی کارەکەی دەکات و نیگەرانیشە لەوەی تەکنەلۆژیا بووەتە هۆی لاوازبوونی کارەکەیان و کەمی خواست لە سەری.


پیشەی سەراجی پیشەیەکی کۆنە و لە زۆرینەی گەلاندا هەبووەو هەیە، لەنێویشیاندا گەلی کورد و گەلانی عێراق، کە ئەویش بریتییە لە دروستكردنی كورتانی ئەسپ و گوڵنگی سەری ئاژەڵ و چەندین كاری دیکە، كە سەرجەمیان لە چەرمی ئاژەڵ دروست دەكرێن.

سامی گوڵ ئەحمەد، هاوڵاتییەكی توركمان-ی شاری كەركوكە و ماوەی ٤٠ ساڵە كاری سەراجی دەكات، لەسەر کارەکەی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و باس لەوە دەکات، کە وردەکارییەکی زۆری دەوێت و سەرجەم ئیشەكانیشی بەدەست دەکات.

دەربارەی ئەو کەرەستانەی دروستی دەکات سامی دەڵێت: كارەكەم بریتییە لە دروستكردنی 'كورتانی ئەسپ، گوڵینگی سەری ئاژەڵ، كیفی دەمانچە، قایشی پانتۆڵ و هەندێک کاری دیکەی دەستی' ئەویش بە پێی خواستی كڕیار، بە شێوەیەک هاوڵاتی هەر داوكارییەکی هەبێت بۆی دروست دەكەم، بە تایبەت ئەو داواكاریانەی كە بە چەرمی ئاژەڵ دروست دەکرێت.

ئەو هاوڵاتییە وەک خۆی باسی کرد، ماوەی ٤٠ ساڵە ئەو كارە دەكات و پیشەكەی لە باوك و باپیرییەوە بۆ ماوەتەوە، پێشی وایە، کە كارەكەی ئاسان نییە و هەموو كەس ناتوانێت بیكات، کوڕەکانی بە نمونە دەهێنێتەوە و دەڵێت "كوڕەكانم حەزیان لە كارەكە هەیە، بەڵام بەهۆی قورسی كارەكەوە ناتوانن بیکەن".

سامیش وەک زۆرینەی پیشەوەرانی دیکەی ڕابردوو، نیگەرانە لەوەی، کە تەکنەلۆژیا بووەتە هۆی لاوازبوونی کارەکەیان و ئێستا وەک جاران خواست لەسەر ئەو کاڵایانە نییە دروستی دەکەن.

ئەو هاوڵاتییە باسی لە خۆشەویستی خۆی بۆ کارەکەی کرد و، وتی: من عاشقی كارەكەی خۆمم، سەرم لە ناو ئەم كارە سپی كردووە، ئێستاش بە پێی پێویست كارەكەم بژوێی ژیانم دابینناكات، بەڵام خۆشەویستیم بۆ کارەکەم ڕێگام نادات دەستبەرداری ببم.

ئەو چەرمەی ئێستا بۆ ئەو پیشەیە کاری پێدەکرێت دوو جۆرە، جۆرێكی بازرگانییە و جۆرێكی چەرمی ئاسایی ئاژەڵە، خواستی هاوڵاتییان چی بێت، خاوەن کارەکان لەو جۆرە بۆیان دروست دەکەن.

سامی گوڵ ئەحمەد باس لە جیاوازییەکی خۆی لەگەڵ هاوپیشەکانی دیکەیدا دەکات و پێیوایە ئەو یەکەمین کەسە لە عێراقدا کە نەخش لەسەر بەرهەمەكانی دەنەخشێنێت بۆ ئەوەی جوانییەکی زیاتر بەکارەکەی بدات.

س.ح