دوای ٤٧ ساڵ لە کۆچکردنی، هونەرەکەی حەسەن زیرەک بەبەرزی ماوەتەوە

ئەمڕۆ ٤٧ هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی حەسەن زیرەکە، ئەو هونەرمەندەی لە دۆخێکی زەحمەتدا تێکۆشانێکی زۆری کردووە و بە گۆرانییەکانی ئیش و ئازارەکانی گەلی کوردی هێناوەتە زمان، هەرلەبەر ئەوەیە لە دڵی گەلی کوردا دەژی و بۆ هونەرمەندانی تریش قوتابخانەیەکی هونەرییە.


هونەرمەند حەسەن زیرەک لە ٢٩/١١ی ساڵی ١٩٢١ لە دایک بووە ،هەندێک دەلێن لە گوندی هەرمێلە لە نێوان سەقز و بۆکاندا و هەندێکیش دەڵین لە موکریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، ناوی باوکی عەبدوڵایە و دایکیشی ناوی ئامینە بووە، کاتێک باوکی لە گوندی هەرمێلە لای ئاغای گوندەکە لەبەر لێهاتووی بە زیرەک ناوی دەکردوە و ئەم نازناوە بۆ حەسەنیش ماوەتەوە.

لەتەمەنی منداڵیدا تیکۆشانی ژیان

دوای ئەوەی باوکی کۆچی دوایی دەکات  بنەماڵەکەی گوندی هەرمێلە بە جێ دەهێڵن و دەچنە شاری سەقز، دایکیشی ژیانی هاوسەرگیریی پێک دەهێنێتەوە، ژیانی تەنیایی بۆ حەسەن زۆر دژوار دەبێت، بۆیە کە تەمەنی دەبیتە ١٢ ساڵ، دەچێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان لە ماڵی  ئاغای گوندی هەرمێلە دەبێتە خزمەت کار.

دەنگێکی خۆش و ژیانیكی نوێ

حەسەن زیرەک، کاتێک خزمەتکاریی دەکات لە گوندەکەدا بەدەم کار کردەنەکەیەوە گۆرانییش دەڵێت و بە دەنگە خۆشەکەی سەرنجی دەوروبەرەکەی ڕادەکێشێت، ناوبانگی دەنگخۆشییەکەی دەگاتە لای ئاغا، ئاغاش داوای لێدەکات دانیشتنەکانی دیوەخان بە گۆرانیی خۆش بکات و بەشداریی ڕەشبەڵکی گوند-یش بکات.

حەسەن زیرەک هەرمێڵە جێدەهێڵێت

حەسەن، گوندی هەرمێلە جێ دەهێڵێت بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیانی دەچێتە ناو شارەکان و دەبێتە شاگردی ناو خواردنگەکان دوای ماوەیەک هەمدیسان دەگەڕیتەوە گوندەکە، بەڵام لەگەڵ ئاغادا دەبێتە ناکۆکیان و گوندەکە بەیەکجاریی جێ دەهێڵێت، دەچێتە شاری سەقز و دەبێتە شۆفێری مینا خانی ئەردەڵان، ڕۆژێک لە گوندی قۆرەدەرێ بە ئۆتۆمبێلەکەی لە منداڵێكی بچوک دەدات بە ناوی مەحمود  و منداڵيکە گیان لەدەست دەدات، لە ترسی ئەوەی نەچیتە زیندانەوە سەری خۆی هەڵدەگرێت و شار بە شار و لادێ بە لادێ دەڕوات تا لە خاکی عێراق لە شاری بەغداد دەگیرسێتەوە.

 ڕادیۆی بەغدا

حەسەن زیرەک، ساڵی ۱۹٥۳ یەکەم گۆرانیی لە ڕادیۆی بەغدا تۆمار دەکات و دەنگی بەسەر شەپۆلە ڕادیۆیییەکاندا سنوورەکان دەبەزێنێت و لەو ماوەیەدا لە بەغدا نزیکەی ۷٥ گۆرانی کوردیی تۆمار دەکات و ئیدی ناوبانگی حەسەن زیرەک بە هەموو شوێنێکدا بڵاودەبێتەوە.

چوون بۆ ڕۆهەلات و ئێران

دوای ساڵی ۱۹٥۸دەگەڕێتەوە ئێران و دەڕواتە ڕادیۆی کوردیی تاران لە ساڵی ١٩٦٢پەیوەندی بە ڕادیۆی کرماشانەوە دەکات و ۸۳ گۆرانی تۆمار دەکات، کە باشترین بەرهەمەکانی ئەوانەن لە ماوەی ئەو دووساڵەدا لە ئۆکسترای کرماشان بە سەرپەرشتی مامۆستا موجتەبا میرزادە تۆمار کراون.

گۆرانیبێژی گەل

حەسەن زیرەک، زۆر گوند و شار گەڕاوە ئێش و ئازاری گەلی بەچاوی خۆی بینیوە، ئەو ئازارانە  وسروشتی جوانی کوردستان بوونەتە هەوێنی گۆرانیەکانی، بابەتە نەتەوەییەکانی بە گۆرانیی هێناوەتە سەر زمان، ڕەسەنایەتیی پاراستووە و گۆرانیی بۆ هەموو کەس وتووە، بۆیە کۆمەڵگای کوردیی بەگشتیی ئارەزووی گۆرانیەکانی دەکەن و گوێ بۆ ڕادەگرن. 

حەسەن زیرەک، خوێندەوار نەبووە، بەڵام بەشی زۆری شیعری گۆرانییەکانی هی خۆی بووە و لەبەری کردوون، هەر خۆشی ئاوازی بۆ داناون، ئەمەش یەکێک لە جیاوازیی و تایبەتمەندییەکانی حەسەن زیرەکە، هەروەها بووەتە سەرچاوە و ڕێگا خۆشکەر بۆ سەدان گۆرانیبێژی دیکە و بەرهەمەکانیشی بووەتە شاکاری هونەریی گەلی کورد.

هەزار و ٥٠٠ گۆرانی

حەسەن زیرەک جیاواز لەو گۆرانییانەی، کە شیعری خۆی بوون، شیعری هەریەک لە شاعیران (نالی، وەفایی، سەید کامیل، گۆران، هەردی، کوردی، هێمن، پێرەمێرد، تاهیر بەگی جاف)ی بەکارهێناوە، هەروەها گۆرانیی هونەرمەندان (محەمەدی ماملێ، مەلا حسێن  عەبدوڵازادە، عوسمان بۆکانی، ئەحمەد شەماڵ، سەید محەمەد سەفایی، نەسرین شێوان و ژاڵە)ی وتووەتەوە، بەشگشتییش ئەوەی ئاشکرابێت، هەزار و ٥٠٠ گۆرانیی تۆمارکراوی هەیە، کە لە وێستگەکانی ڕادیۆی بەغدا، تاران، موسڵ، کەرکوک، هەولێر، سلێمانی، شنۆ و بانە و کرماشان تۆماری کردوون.

نەورۆز، یەکێک لەو سرودە بەناوبانگانەیە، کە لە چوار پارچەی کوردستان ناسراوە و دەوترێتەوە، کە شیعری پیرەمێردە و حەسەن زیرەک کردوویەتی بە گۆرانیی.

لە چایخانەکەی خۆی گۆرانی وتووە

حەسەن زیرەک، دواتر  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر دەبێت و لەسەر ڕێگای مەریوان چایخانەیەک دادەنێت و بە دەنگە خۆشکەی میوانێکی زۆر لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە

تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو

حەسەن زیرەک لە ساڵی ١٩٧١ تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبێت و لە دوای ساڵێک ململانێ لە گەڵ نەخۆشییەکەی لە ٢٦/٦ / ١٩٧٢کۆچی دوایی دەکات، لە سەر داوکاریی خۆی لە کێوی ناڵەشکێنە لە شاری بۆکان سەر بە پارێزگای ورمێ بە خاک دەسپێردرێت و ئەویندارانی چریکەی سیحراوی بۆ هەمیشە بە حەسرەت دەنگییەوە بەجێدێڵێت.

ڕەوا جەمال: حەسەن زیرەک میوزیکی کوردیی لە هونەرمەندانی تردا چاندووە

هونەرمەند ڕەوا جەمال، لەبارەی حەسەن زیرەکەوە دەڵێت: حەسەن زیرەک بووەتە هۆی چاندنی میوزیکی کوردیی لە هونەرمەندانی کورددا، هیشتا گۆرانییەکانی لەگوێی هەوادارانیدا ماوەتەوە.

ڕەوا جەمال گۆرانیەکی حەسەن زیرەکی وتووەتەوە، بەناوی (دوو چەشنی دڵدار) کە بە "ئەو دڵەی وەک بت پەرستێ ڕوو دەکاتە چاوەکەت" ناسراوە و بێ ئەوەی دەستکاری میوزیک  و ئاواز و شیعرەکەی بکات، بەڵکو تەنیا لە دوای ئەوەی هونەرمەند عەدنان کەریم نوێی کردووەتەوە بە شێوەی ئەو وتوویەتیەوە کە هەمان میوزیک و ئاوازی کۆنی حەسەن زیرەکە.

ڕەوا جەمال، بەپێویستی دەزانێت، کە هەموو هونەرمەندان ڕەسەنایەتیی ئاواز و میوزیکی  کوردیی و هونەر و  کلتوری خۆیان بپارێنزن و کلتوری بێگانە بەکارنەهێن، بەمەش هونەری کوردیی لە نەمان دەپارێزن، کە ئێستا بەهۆی وتنەوەی گۆرانییە پۆپەکان و زاڵبوونی فەرهەنگی میللەتانی دیکە، لەژێر هەڕەشەدایە.

ش.ف