دووەمین کتێبی دەمیرتاش وەرگێڕدرا

کتێبی دەوران-ی سەلاحەدین دەمیرتاش، کە بریتییە لە کۆمەڵە چیرۆکێک، وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردیی (زاراوەی سۆرانیی).


فەرهاد چۆمانی نووسەر و وەرگێڕ، دووەم كتێبی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپەی لە زمانی تورکییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی کوردیی- زاراوەی سۆرانیی.

سەلاحەدین دەمیرتاش، کە لە ڕۆژی ٣ی ١١ی ٢٠١٦ –وە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکراوە، ئەمە دووەمین کتێبە لە زینداندا دەینووسێت و ساڵی ڕابردووش کتێبی سەحەر-ی بڵاوکردەوە و هەمان وەرگێڕ لە تورکییەوە بۆ زمانی کوردیی وەریگێڕا و لەلایەن خوێنەرانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، بوو بە پڕفرۆشترین كتێبی هەردوو پێشەنگای كتێبی سنە و هەولێر.

فەرهاد چۆمانی، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، ئاماژەی بەوە کرد، کە کۆمەڵە چیرۆکی دەوران-ی بە ١٥ ڕۆژ وەرگێڕاوە، ڕێكارە یاساییەكانیش تەوابوون و لەڕێگای دەزگای (ئیلەشمی توركی) ڕێگای پێدراوە لە ناوەندی ئەندێشە لە سلێمانی بڵاوبێتەوە، وتیشی: بەم زووانە بڵاودەبێتەوە.

چۆمانی، پێشبینیی دەکات، کە کتێبی دەوران هاوشێوەی سەحەر پێشوازییەکی باشی لێبکرێت، بەوپێیەی کەسانێکی زۆر لەئێستادا چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی دەکەن.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی چیرۆکەکانیش، فەرهاد چۆمانی، وتی: دەمیرتاش كەسایەتییەكی سیاسیی هەیە، كە بەردەوام بەگریی لە مافی گەلانی ژێردەستە و ستەم دیدە دەكات، بۆیە ئەمەش لە كتێب و نووسینەكانیدا ڕەنگیداوەتەوە و كارەكتەرەكانی ناو چیرۆکەکانیشی خەڵكانی ژێردەستە و ماف خوراوی توركیان یان گەنجی بێكارن باس لە ئێش و ئازارەكانیان دەکات.

چۆمانی، هێما بۆ جیاوازیی دەمیرتاش دەکات لە هەر كەسایەتیەكی سیاسی یان نووسەرێک، وتی: زۆربەی ئەوکەسانە كاتێك دەستگیردەكرێن، نووسینەكانیان باس لە ژیانی خۆیان دەكات لەماوەی زیندانیبوونیان، بەڵام دەمیرتاش هەمیشە نووسینەكانی و بۆ گەلانی ستەم دیدەیە، ئەمەش جێگای سەرنج و تێڕامانە.

وەک ئەو وەرگێڕە، باسی دەکات، دەوران کتێبێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، هەموو پێوەرە زانستییەکانی ڕۆمان و چیرۆكی تێدا بەكارهاتوون، دەمیرتاش توانیویەتی بە شێوەیەكی نایابتر لە سەحەر بنوسێت، ئەوەش وا لە خوێنەرانی دەكات زۆرتر حەز بەكتێبەكە بكەن، چونكە زۆرتر كاریگەریی و  قوڵایی فەلسەفیی و ئەدەبیی تێدایە.

فەرهاد چۆمانی، گەنجێکی دانیشتووی شارۆچکەی چۆمان-ی سەر بە پارێزگای هەولێرە و تا ئێستا هەشت کتێبی نووسیوە و وەرگێڕاوە، یەکەم کتێبی تایبەت بە خۆی بەناوی 'پەنجەکان شتێک دەڵێن' لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوبووەتەوە، کتێبەکانی بۆزاراوەی کرمانجیی و فارسیی و تورکیی وەرگێڕدراون.

ش.ف