دوکاندارێک لە سلێمانی سمبولی ئاینە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە

لە سلێمانی دوکاندارێک کە کاری کۆکردنەوە و فرۆشتنی پول وپارەی سەردەمە جیاوازەکان و ئەو بابەتە دەکات کە لەسەر شێوازە کەلەپوورییەکانی کورد دروستکراون، سمبولی بەشێك لە ئایینە جیاوازەکانیشی کۆکردوەتەوە و وەک خۆی دەڵێت: بەهۆی خۆشەویستی بۆ کەلەپوور هەموو بابەتەکانی ناو دوکانەکەی بۆ فرۆشتن نییە.  


شوان مەحمود زێوەر، نەوەی زێوەری شاعیری کوردە، ئەگەرچی بایۆلۆجی لە زانکۆی موسڵ تەواو کردووە، بەڵام ماوەی ١١ ساڵە لە دوکانەکەیدا لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی لە شەقامی مەولەوی، کاری کۆکردنەوە و فرۆشتنی پول وپارەی سەردەمە جیاوازەکان و ئەو بابەتانە دەکات کە لەسەر شێوازە کەلەپوورییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دروستکراونەتەوە، ئەوەی ئەم دوکانە جیا دەکاتەوە لە دوکانەکانی تر بوونی ژمارەیەکی زۆر سیمبولی ئایینیە جیاوازەکانە لە دوکانەکەیدا، هەروەها بوونی کۆمەڵێک کەلوپەلی گران بەهایە، ڕۆژنیوز لە سەردانێکی مەیدانیدا ئەم دوکانەی بەسەر کردەوە.

سیمبوڵی کام ئایین لە دوکانەکەی زێوەردایە و کڕیارەکانی کێن؟

ئایەتەکانی قورئان کە لەسەر قوماش نوسراوە بەشێوەی تابلۆ یەکێکە لە سیمبوڵە ئاینییەکانی ناو دوکانەکە، هەروەها خاچ کە سیمبوڵی ئاینی مەسیحییە سیمبوڵێکی دیکەی ئاینییە کە بەشێکی دوکانەکەی پێکدەهێنێت.

هێمای زەردەشتی (فەروهەر) یەکێکی دیکەیە لە سمبوڵەکان و لای شوێنکەوتوانی ئاینی زەردەشتی زۆر جێگەی بایەخە و گرنگی زۆری پێدەدرێت کە پێکهاتووە لە پیاوێک کە ڕیشێکی درێژی هەیە و ئەڵقەیەکی بەدەستەوەیە سێ چێنی پەڕەی لای ڕاست بە مانای وتەی چاک و بیری چاک و کرداری چاک دێت، بەڵام سێ چینی پشتەوەی پێچەوانی مانای لای ڕاست دەدەن.

ئەگەرچی پەیڕەوکەرانی ئایینی بودا لە هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵام پەیکەری (سیدهارتا گواتما) کە سیمبوڵی کەسایەتییەکی ئاینیی بودایە و لای پەیڕەوکەرانی ئایینی بودا کەسێکی پیرۆزە لە سیمبوڵە ئاینییەکانی ناو دوکانەکەیە.

جگە لە سیمبوڵە ئاینییەکان لە دوکانەکەی زێوەردا پەیکەرە دروستکراوەکانی مێزۆپۆتامیا وەک (حاموڕابی، پاشای بابلیۆن، سارگۆن، پاشای ئەکەدییەکان و گودیا پاشای لاگش) و چەندین پاشای دیکە کە لەو سەردەمەدا دەسەڵات بەدەست بوون هەیە.

لەبارەی نرخی  پەیکەرەکان و کڕیارەکانەوە شوان مەحمود زێوەر، خاوەن دوکانەکە وتی: کڕیارەکانی تێکەڵن لە پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکان و کڕیاری بیانیشی تێدایە و پەیکەرەکانیش نرخیان لە ٣ هەزار دینارەوە بۆ ١٠٠ هەزار دینارە.

تەسبیحم هەیە نرخەکەی دەگاتە دوو هەزار دۆلار

تەسبیح بە شێکی دیکەی گرنگی ئەم دوکانەیە چونکە بە وتەی شوان مەحمود زێوەری خاوەن دوکان لە کۆمەڵگا و کلتورەکەماندا زۆر گرنگی بە تەسبیح دەدریت، دەشڵێت: نرخی تەسبیحەکانی لە ٣ هەزار دینارەوە تا ٢ هەزار دۆلارە, کە گرانترین جۆری تەسبیحە و پێی دەوترێت تەسبیحی عەمبەر.

زۆربەی دراوەکانی سەردەمە جیاوازەکانی عێراقم هەیە

بە شێکی دیکەی دوکانەکە کۆکردنەوەی زۆربەی دراوەکانی سەردەمە جیاوازەکانی عێراقە، کە وەک خاوەن دوکانەکە دەڵێت: "جگە لە دراوی سویسری پارەی سەردەمی عەباسی و ئەمەوی و شا فەیسەڵی یەکەم و دووەم و مەلیک غازی و هەروەها سەردەمی عەبدولکەریم قاسم هەیە، کە سەرجەمیانی لەناو ئەلبوومدا بەشێوەی سێت هەڵگرتووە و هەرکەسێک بیەوێت بە دانە یاخود بە ئەلبومەکە پێی دەفرۆشێت.

"هەندێک شت بۆ فرۆشتن نیە"

لەناو دوکانەکەی زێوەردا جگە لەو بابەتانەی سەرەوە کە باس کران، کڵاوی سەرجلی کوردی و کۆڵوانە و ملوانکە و هەروەها چەند جۆرێکی خەنجەری کوردی و ئەو جانتایانەش کە بە جاجم دروستکراوە و لە پێشتردا خوێدانی پێ دەوترا بەدی دەکرێت ئەوە جگە لە چەندین باباتی دیکەی فۆلکلۆری و کەلەپوری، وەک خاوەن دوکانەکەش دەڵیت: بەهۆی خۆشەویستی بۆ شتە کەلەپوورییەکان، هەندێک شت بۆ فرۆشتن نیە وەک ئەو تورەکەیەی لە ئاوارەیەکی کۆبانیی کڕیوەتەوە.

شوان زێوەر، دەڵێت: دوژمنایەتی میللەتی کورد و ئەنفال و کیمیاباران کردن و ژەهراوی کردنی خاک و لەناوبردنی کلتورو مێژووی کورد، وایکردوە ئەم دووکانە بکاتەوە، دەشڵێت:  هەر گەلێک پارێزگاری لە کلتوری خۆی نەکات نامێنیتەوە.

ک.س