دیدارى دیلان لە سلێمانى دەستى پێکرد

بە دیدارێکى ڕۆشنبیری و هونەری و ئەدەبى، یادی هونەرمەندی کۆچکردوو، حەمەساڵح دیلان کرایەوە و هەڵبەستی کوڕیشی دەڵێت: حەمە ساڵەح دیلان لەگەڵ ئازاری میلەتەکەی ژیاوە.


ئەمڕۆ لە هۆڵى تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، دیدارێکى هونەرى و ڕۆشنبیرى و ئەدەبى بەناوى هونەرمەندى کۆچکردوو محەمەد سالح دیلان، دەستى پێکرد، کە لەلایەن بەشى کتێبخانە گشتییەکانى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان، بەهاوکارى دەزگای میدیایی کوردسات، ئەنجام درابوو.

ئەم دیدارە ماوەى چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە ڕۆژی یەکەمدا پێشانگایەکى کتێب کرایەوە و چەندین وتار و هەڵبەست پێشکەشکرا.

لە سەرەتاى مەراسیمەکەدا، وتاری بنەماڵەی حەمە ساڵح دیلان، لەلایەن هەڵبەست حەمەساڵح دیلان-ەوە خوێندرایەوە و لە وتارەکەیدا وتی:" ئەوەی کە تەنها بۆئێمە مابێتەوە ناوى دیلانە، وەک چۆن لاى ئێوەش ماوەتەوە، خزمەتکردنی هونەر و ڕۆشنبیری ئەرکی سەرەکی بوو لە لای دیلان، لاى ئەو مەرج بوو تەنیا بیر لە خۆمان نەکەینەوە و بۆ ئازادی تاک و سەربەخۆیی هەوڵبدەین، ئێمەى وەها گۆشتکرد کە، لە پێناو خەمى نەتەوەکەمان تێبکۆشین".

لە دوا پێشکەشکردنى وتارى بنەماڵە، باست حەمەغەریب، پەخشانە شیعرێکى لەسەر دیلان خوێندەوە، دواتر لە بەڵگە فیلمێکدا ژیاننامەى محەمەد ساڵح دیلان، نمایشکرا، هەروەها خەڵاتى ڕێزلێنان درایە هاوسەرى محەمەد ساڵح دیلان.

بڕیار وایە لە ڕۆژەکانى داهاتووى دیدارەکەدا، چەندین لێکۆڵینەوەى ئەدەبى و شیعر و پەخشان پێشکەشبکرێت، هەورەها لە چوارەم ڕۆژى دیدارەکەدا کۆنسێرتێکى گۆرانى بۆ هەڵبەست حەمەساڵح دیلان، ئەنجام دەدرێت.

محەممەد ساڵح دیلان، لە ساڵى ١٩٢٧ لە گەڕەکی‌ گۆیژەی شاری‌ سلێمانی لەدایک بووە، سەرەتای خوێندنى لە ‌مزگەوتی‌ بابەعەلی‌ دەستپێکردووە، دواتر لە ‌قوتابخانەی‌ خالدییە، قۆناغی‌ سەرەتایی‌ تەواوکردووە، لە ساڵی‌ ١٩٤٧ لە ‌فەرمانگەی‌ تووتن لە سلێمانى دامەزراوە.

دیلانی شاعیر لە تەمەنی لاوێتیدا ئارەزووی نوسینی شیعر و مەقام بێژی لا دروست بووە و جێدەستی خۆی لە ئەدەبیاتی کوردیدا بەجێهێشتووە، لە ‌دوای‌ گۆران-ی شاعیر بەسەرتۆپی‌ نەوەیەکی‌ نوێی شیعر و گۆرانى کوردی‌ لەقەڵەم دەدرێت، حەمەساڵح دیلان، لە ماوەی تەمەنیدا بە هۆی هەستی کوردایەتی و نیشتمان پەروەرییەوە چەندین جار ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە بووەتەوە، لە ساڵی ١٩٩٠ لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.