دیداری هونەریی گەرمیان بۆ سینەما و شانۆ دەستیپێکرد.. بە وێنە

لە شارۆچکەی کەلار، دیداری هونەریی گەرمیان بۆ سینەما و شانۆ، دەستی بە کارەکانی کرد و بڕیارە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوامی هەبێت.


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی هونەری شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بە چاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان و بەئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و ژمارەیەک بەرپرسی حکومیی و حزبیی ناوچەکە، کارەکانی دیداری هونەری گەرمیان بۆ شانۆ و سینەما، دەستی پێکرد.

سەرەتا ئامادەبووانی دیدارەکە چەند چرکەیەک بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاوەستان، دواتر هەر یەک لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری گشتی و هونەری گەرمیان و وەزیری ڕۆشنبیری و لیژنەی ئامادەکاری دیدارەکە وتاریان خوێندەوە و تێیدا، باسیان لە پێویستیی بەرەوپێشچوونی هونەر کرد لە هەرێمی کوردستان و گەرمیان و باسیان لەوەشکرد پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاندەری سەرەکی بێت بۆ دوخی ئێستای هونەر.

پاشان، بنەماڵەی سەڵاح داودە، هونەرمەندی میللی گەرمیان و ناوچەکە خەڵاتکران و دواتر عەباسی کوڕی هونەرمەند چەند پارچە گۆرانیەکی پێشکەشکرد.

دوای ئەوە تیپی هونەریی ڕۆژهەڵات، کە تیپێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون، نماشێکی هەڵپەڕکێ و چەند گۆڕانیەکیان پێشکەش کرد، دواتر دوو کورتە فیلم  نمایشکران و مەراسیمی کردنەوەی دیدارەکە کۆتایی هات .

ک.ک