دیدارێکی هونه‌ریی له‌ خانه‌قین ڕێکخرا

له‌ شارۆچکه‌ی خانه‌قین سەربە پارێزگای دیاله‌ دیدارێکی هونه‌ریی به‌ڕێوەچوو له‌ هۆڵی کلتوری خانه‌قین، که‌ بریتی بوو له‌ پێشانگای شێوه‌کاری، شانۆ، شیعر، دیداره‌که‌ له‌لایه‌ن ناوه‌ندی کلتوری خانه‌قین و گروپی له‌پێناو خانه‌قین سازدرابوو .


ئێوارەی ئەمڕۆ له‌ شارۆچکه‌ی خانه‌قین‌ دیدارێکی هونه‌ریی به‌ڕێوەچوو، هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیرانی گه‌مه‌سێریش دەڵێن، ده‌یانه‌وێت له ‌ڕێگای هونه‌ریی و ڕۆشنبیریی پارێزگاری له‌ کلتوری ناوچه‌که‌یان بکه‌ن.

سامان خانه‌قینی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی له‌پێناو خانه‌قین به ‌ڕۆژنیوزی وت: هه‌موو مانگێک ئه‌م جۆره‌ چالاکییانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، چونکه‌ شارۆچکه‌ی خانه‌قین تاجی گه‌رمسێرە و پێویستی به‌م جۆره‌ چالاکییانه‌ هه‌یه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕوحی نه‌ته‌وه‌یی کوردایه‌تی بپارێزین،‌ هەروه‌ها پاڵپشتی به‌هره‌و توانای گه‌نجان بین بۆ درێژه‌پێدان به‌ چالاکییه‌کان.

ساره‌ سه‌میر، که‌ وه‌کو شێوه‌کارێک به‌شداری کردبوو له‌ دیداره‌که‌ به‌ ڕۆژنیوزی وت: ئه‌مڕۆ به‌ به‌شداری ١٦ شێوه‌کار و به‌ ٥٠ تابلۆ به‌شداربووین له‌ پێشانگای شێوه‌کاری و منیش وه‌کو شێوه‌کارێک به‌شداریم کردووه‌ به‌ تابلۆیه‌ک که‌ گوزارشت ده‌کات له‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئافره‌ت و پیاو .

هەروەها ئه‌حمه‌د ئه‌رتمیتی، وه‌کو ڕوناکبیرێکی ناوچه‌ی گه‌رمه‌سێر به‌ ڕۆژنیوزی وت:  وێڕای ئه‌وه‌ی خانه‌قین به‌ بارودۆخێکی ئابوری و ئه‌منی ناهه‌موار به‌خۆیەوە ده‌بینێت، بۆیه‌ جێگای دڵخۆشییه‌ که‌ چالاکی هونه‌ری و ڕۆشنبیری له‌ خانه‌قین به‌ڕێوەبچێت .

وتیشی: ئه‌م جۆره‌ چالاکییانه‌ سه‌ره‌تاییه‌کی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هانی کاری هونه‌ریی و ڕۆشنیریی بدرێت له‌ خانه‌قین، چونکه‌ کۆمه‌ڵگای خانه‌قین پێویستی به‌م جۆره‌ چالاکییانه‌ هه‌یه‌ و کاریگه‌ری ئه‌رێنی ده‌بێت و ئاماژه‌یه‌که‌ که‌ کلتور و هونه‌ری زیندومان هه‌یه‌ و وه‌ڵامێکه‌شە بۆ نه‌یاران، که‌ هیچ بارودۆخێک کاریگەری نابێت به‌سه‌ر تاکه‌کانی خانه‌قین.

 

ک.ک