دیدارە هونەرییەکەی گەرمیان بە مەراسیمێک کۆتاییهات.. بە وێنە

دیداری هونەریی گەرمیان بۆ سینەما و شانۆ، کە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، بە مەراسیمێکی ڕەنگاوڕەنگ کۆتایی پێهێنرا.


ئەمشەو لە هۆڵی هونەر لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دیداری هونەریی گەرمیان بۆ سینەما و شانۆ و بۆ ڕێزلێنان لە سەرجەم بەشداربوانی دیدارەکە، مەراسیمێک ئەنجامدرا.

سەرەتا، وتاری لیژنەی ئامادەکاری ڤیستیڤاڵ لەلایەن شوان جەلال خوێندرایەوە، کە تێیدا هاتبوو: ئەم دیدارە بەردەوامی هەبێت و بکرێته نێودەوڵەتی، ڤیستیڤاڵی گەورە لە ئاست هەر چوار پارچەی کوردستان ساز بکرێت لەسەر شانۆ و فیلم و سینەما، بایەخی جدیی بە هونەری شارۆچکەی کفری بدرێت وەک شارۆچکەیەکی پڕشوێنەواری مێژوویی و هونەریی جیاجیا، هەروەها لە ڕێگای وانەی نێو خوێندنگاکانەوە هونەری گەرمیان بەهێز بکرێت.

پاشان تیپی مۆسیقای سۆزی گەرمیان بەدەنگی هونەرمەندی ناسراو، عوسمان میروەیسی چەند بەرهەمێکیان پێشکەشکرد.

دواتر، تیپی مۆسیقای خانەوادەی ئەنوەر کوردستانی، ژمارەیەک پارچە مۆسیقا و مەقامیان پێشکەشکرد.

پاشان تیپی نەوای مەهاباد، ژمارەیەک گۆرانی و تابلۆی هەڵپەڕکێییان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

دوای ئەوە لە لایەن لیژنەی ئامادەکاری سیمینارەکەوە خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە سەرجەم ئەو گرووپ و هونەرمەند و دەرهێنەرانەی کە بە بەرهەمەکانیان، دیدارەکەیان ڕەنگاوڕەنگ کرد.

لە کۆتایشدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ئەو ڕۆژنامەنوس و دەزگا میدیاییانەی کە لە درێژەی بەڕێوەچوونی دیدارەکەدا ئەرک و ماندووبوونیان بینی لە ڕووماڵکردنیدا، لە ناویشیاندا ئاژانسی ڕۆژنیوز و پەیامنێری ئاژانسەکەمان لە گەرمیان، بۆتان گەرمیانی خەڵاتکرا.

 

ک.ک