دیواربەندی شارەزوور بەوێنەی شاعیران دەنەخشێنرێت

دیواربەندیی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری شارەزوور، بۆیەکەم جار بەوێنەی شاعیران و ناودارانی كورد دەنەخشێنرێت.


دیواربەندیی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری شارەزوور، لە شارۆچکەی شارەزوور، ماوەی هەفتەیەکە لەلایەن هونەرمەندانی شێوەكار محەمەد خورماڵی و بەهرۆز محەمەد لەسەر ئەرکی خۆیان دەستیان کردووە بە دروستکردنی ١٢ وێنە کە پێکدێن لە وێنەی شاعیران و ناوداران و سروشتی كوردستان و دوینێش پرۆژەکە تەواو بوو، ئامانجیش لەكارەكە جوانكردنی سیمای شارۆچكەكەیە.

محەمەد خورماڵی، هونەرمەندی شێوەكار لەبارەی کارەکەیانەوە بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی "پرۆژەكەمان لەژێر ناوی پرۆژەی ڕەنگ بەڕێوەچوو، ئامانج لەكارەكەشمان جوانكردنی سیمای شارەكەمانە بەڕووی هاوڵاتیانی خۆشەویستدا".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەو وێنانەی لەسەر دیواربەندەكە نەخشێنراون هەریەكە و پەیامێكی تێدایە و وێنەی شاعیران و كەسایەتییە ناودارەكان و سروشت كێشراون، زیاتر باسی لە وێنەکان كرد "ئەو وێنانەی خۆم دروستمكردون زیاتر فۆلكلۆرین یان گوزارشت لەسروشتی كوردستان دەكەن".

بەهرۆز محەمەد، شێوەکارێکی دیکەیە کە لە پرۆژەكەدا بەشداریی كردووە، باسی لەوەكرد، بۆ یەكەمجارە لەشارۆچكەی شارەزوور دیواربەندییەكی لەمجۆرە دروستدەكرێت، ئامانج لەكارەكەمان گەشەسەندن و جوانكارییە لەشارۆچكەی شارەزووردا، بۆ ئەوەی بتوانین هونەری شێوەكاری ڕەنگەكان بگەیەنین بەهاوڵاتیان و فێرخوازان.

دیارترین ئەو وێنانەی لەدیواربەندییەكەدا هەن بریتین لە شاعیران (نالی، مەحوی، شێركۆ بێكەس و پێرەمێرد)، جگە لەو دیوار بەندەی نەخشێنراوە، ماوەی چەند ساڵێكە لە شارۆچكەی شارەزوور گرنگی بەهونەری شێوەكاری دەدرێت ئەمەش وای لە فێرخواز و شێوەكارانی سنورەکە کردووە خۆشحاڵبن بەو گرنگی پێدانە بە هونەری شێوەكاری لە شارۆچكەكەیان.

ک.س