دەربەندیخان، شانۆی"فەرشی سور" بۆ ڕۆژهەڵات نمایشكرا

لە شارۆچکەی دەربەندیخان شانۆی"فەرشی سور" بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان نمایشکراو پێشانگایەکی فۆتۆگرافی گوزارشتکردن لە ئازارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرایەوە.


هەرچەندە بڕیاروابوو، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ توێژە جیاجیاکانی شارۆچکەی دەربەندیخان گردبوونەوەیەک دژی سیاسەتی سەرکوتکردنی ئێران بەرامبەر هاوڵاتیان تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕێوەبچێت، بەڵام هێزێکی زۆری ئەمنی لەشوێنەكەدا بڵاوەیان پێكرابوو، ڕێگەیان نەدا گردبوونەوەکە بەڕێوەبچێت.

بەشێک لە چالاکیەکان برانە ناوەندی قاوەخانەی کلتوری دەربەندیخان، کە تێیدا شانۆی فەرشی سور، و پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ گوزارشتکردن لە ئازارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و پیشاندانی وێنەی ئازارەکانی خەڵکی ڕۆژئاوا، بەڕێوەچوو.

سیروان ڕەفعەت، دەرهێنەری شانۆی فەرشی سور بۆ ڕۆژنیوز وتی: شانۆكەمان بەرهەمی بەڕێوەبەرێتی ڕۆشنبیری و هونەری دربەندیخانە، ناوەڕۆكی شانۆکە باس لەوە دەكات، چۆن خەڵكانێك دروست بكەین بەجدی شایستەی ئەوە بێت بتوانێت بەسەر فەرشی سور-دا بڕوات، هەروەهاچۆن بتوانین كوردێكی تۆكمەو خاوەن مەعریفە دروست بكەین، بتوانێت بەرەنگاری ئەو ئاستەنگانە ببێتەوە کەڕوبەڕووی دەبێتەوە.

باسیلەوەشکرد، بەشێكی دیكەی شانۆكە مەلەفێكی تێدایە، دەمانەوێت ئەو مەلەفە بگەیەنین بە ڕێکخراو ناوەندە مرۆڤایەتیەکان، چونكە تائێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەكورد زۆر خاو دەجوڵێت، لەكۆتایی شانۆییەكەیشدا بەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەڵێین، بەسە كێشەی كورد زۆر لەوە گەورەترە کە ئێوە ئاوا بێدەنگن.

ب.ش