دەربەندیخان، شەشەمین فێستیڤاڵی شانۆیی سەر شەقام دەستیپێكرد

شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆیی سەرشەقام لە شارۆچکەی دەربەندیخان دەستیپێکرد، بڕیارە چەندین شانۆی ناوخۆیی و بیانیی نمایش بکرێت.


ئەمڕۆ شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەر شەقام لە شارۆچكەی دەربەندیخان دەستیپێكرد و ماوەی سێ‌ ڕۆژ دەخایەنێت.

بڕیارە لە ماوەی سێ ڕۆژدا، ٢١ شانۆ نمایش بکرێت، کە ١١یان شانۆکارانی ناوخۆ نمایشی دەکەن و ١٠ شانۆی دیكەشیان شانۆکارانی بیانی نمایشی دەکەن، کە لە نێویاندا شانۆکارانی ئێران، لوبنان و عێراق هەیە.

شانۆی یەكەم بەناونیشنای خەج و سیامەند ئەمڕۆ لە پاركی گشتی دەربەندیخان نمایشكرا، کە شانۆکارانی تیپی شانۆی دەربەندیخانەوە پێشکەشیان کرد.

هەر لە چالاکییەکانی یەکەم ڕۆژدا، تیپی هونەری میلـلی سلێمانی بە نمایشکردنی تالۆ بەشدارییان کرد، تێیدا وێنەی پێشمەرگەیان پیشانی ئامادەبووان دا.

شانۆییەکان لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت، دواتر خەڵات بەسەر تیپە بەشداربووەكاندا دابەشدەكرێت.

جێگای ئاماژەیە، ئەمە بۆ ساڵی شەشەمە ئەم فێستیڤاڵە لە شارۆچکەی دەربەندیخان بەڕێوەدەچێت.

س.ح