دەرھێنەری فیلمی خوشکانی جەنگ: فیلممان بۆ دڵخۆشیی ئەردۆغان دروست نەکردووە

دەرھێنەری فیلمی خوشکانی جەنگ، کە لەسەر خەباتی ژنانی شەڕڤانی یەپەژە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرھەمھێندراوە، باس لەوە دەکات، دەیەوێت لە ڕێگای فیلمەکەیەوە بەرخۆدانی ژنان و دڕندەیی چەتەکانی داعش نیشانی جیھان بدات و دەشڵێت: فیلممان بۆ دڵخۆشکردنی ئەردۆغان درووست نەکردووە.


ئێوارەی ئەمڕۆ بەر لە دەستپێکردنی چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی، ستافی فیلمی خوشکانی جەنگ، لە تەلاری ھونەری شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، کارۆلین فۆورێست، ڕۆژنامەنووس و دەرھێنەر، کە کاری دەرھێنانی بۆ فیلمی خوشکانی جەنگ کردووە، دڵخۆشیی خۆی بە ئامادەبوونی لە چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانیدا دەربڕی و سینەمای بە وێستگەیەکی گرنگ ناوبرد بۆ گەیاندنی پەیامی پێکەوەژیان.

دەربارەی تووڕەیی ئەردۆغانی سەرۆکی دەوڵەتی تورک لەو فیلمە، کارۆلین فۆورێست وتی کە ئەوان فیلمییان بۆ دڵخۆشیی ئەردۆغان دروستنەکردووە، وتیشی: ئێمە ئەم فیلمەمان بۆ دەمارگیرەکان دروستنەکردووە، ئەم فیلمەمان دروستکردووە بۆئەوەی وەک ئاھەنگگێڕانێک بێت بۆ ژنانی شەڕڤان.

فیلمی خوشکانی جەنگ لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرھەمھێندراوە و باس لە خەبات و بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەژە دەکات، لە سەرەتای چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانیدا نمایش دەکرێت.

فیلمەکە پێشتر لە میسر نمایشکراوە و دەرھێنەری فیلمەکەش ئاماژە بەوە دەکات، ھەوڵدەدات فیلمەکە بباتە فستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە ئەمریکا و ئەڵمانیا.

ب.ش