دەستڕەنگینی ژنانی کەلار لە پێشانگایەکدا نیشاندرا

لە پێشوازیی هاتنی وەرزی پایزدا، پێشانگایەکی هاوبەشی فۆتۆگرافی و کاری دەستی و شێوەکاریی کچانی شارۆچکەی کەلار کرایەوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە ماڵی گەنجانی کەلار لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ماڵی گەنجانی کەلار لە پێشوازیی هاتنی وەرزی پایزدا، پێشانگایەکی هاوبەشی فۆتۆگرافی و کاری دەستیی و شێوەکارییان بۆ چەند کچێکی دەستڕەنگینی سنورەکە کردەوە.

لە پێشانگاکەدا ۱٤ تابلۆی فۆتۆگرافیی شەش کچی فۆتۆگرافەر بە ناونیشانی "پایزی تەمەن" نمایشکران، کە گوزارشتیان لە قۆناغەکانی کۆتایی تەمەن دەکرد.

هەروەها زیاتر لە ۳۰ی تابلۆی شێوەکاری جۆراوجۆر نمایشکران، کە بە دەستی کچانی فێرخوازی سەنتەرەکە نەخشێنرابوون، لەگەڵ جۆرەها کاری دەستی ژنان لە بابەتی جوانکاری و ڕازاندنەوە و مێخەک.

ئامانج لە پێشانگاکە، پێشخستن و خستنەڕووی تواناکانی کچان و ژنانی سنورەکە و پەرەپێدانی چالاکییە هونەرییەکانە، بەتایبەتی بواری فۆتۆگرافی و شێوەکاری و کاری دەستیی.

 

ب.ل