زنجیرە فیلمێکی کوردیی بە تێچوویەکی کەم بەرهەم هات

زنجیرە فیلمی تەنز ئامێزی پەلکە زێڕینە، کە باس لە کێشەکانی ناو کۆمەڵگە و کێشە سیاسییەکان دەکات، کاری بەرهەمهێنانی تەواو بووە ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوە، دەرهێنەرەکەشی دەڵێت: زنجیرەی ناوخۆیی تێچوویەکی کەمتری دەوێت، وەک لە دۆبلاژکردنی زنجیرە فیلمی تورکیی.


پەلکە زێڕینە، زنجیرە فیلمێکی کوردییە، لە دەرهێنانی عیزەدین قادرە و چەندین ئەکتەری ناودار لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و کەرکوک نواندنی تێدا دەکەن، لەوانە ئاوارە کەرکوکی، حیکمەت هیندی، لوقمان ساڵح و عەبدوڵڕەزا شەمسەدین و ڕزگار عەبدولڕەزاق.

زنجیرە فیلمەکە تەنز ئامێزە و لە ٣٠ زنجیرە پێکدێت و هەر زنجیرەیەک باس لە کێشەیەکی ناو کۆمەڵگا دەکات، هەروەها ڕەخنە لە سیستمی حوکمڕانیی و دەسەڵات دەگرێت، کە ژنیان بێ ڕۆڵ کردووە، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا لە کەناڵی ئاسمانیی سپێدە بڵاوببێتەوە.

لەبارەی تێچووی ئەو زنجیرە فیلمەوە، عیزەدین قادر، دەرهێنەری پەلکەزێڕینە، بە ڕۆژنیوزی وت: تێچووەکەی ناگاتە ١٥ هەزار دۆلار، ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان بەرهەمهێنانی زنجیرە فیلمی کوردیی بەرامبەر بە کڕینی زنجیرە درامای بیانیی، ئەوا زنجیرە فیلمێکی هاوشێوەی پەلکەزێڕینە، تێچووەکەی کەمترە.

عیزەدین قادر، ڕەخنەی لە وەزارەتیئ ڕۆشنبیریی و کەناڵە کوردییەکان گرت، کە ئەوەندەی گرنگیی بە زنجیرەی بیانیی دەدەن، گرنگی بە بەرهەمی کوردیی نادەن، وتیشی: ئەگەر تەلەفیزیۆنەکان هاوکارییمان بکەن و سپۆنسەریمان بکەن، ئەوا دەتوانین هەنگاوی باش لەو بوارەدا هەڵبێنین.

دراما تورکییەکان لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە لە تەلەفزیۆنەکانی باشوری کوردستانەوە بڵاو دەکرێنەوە، بەڵام بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٣ بەدواوە، بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوکردنەوەیان زیادیکردووە، بەپێی زانیارییەکان هەر درامایەکی تورکی بە لانیکەمەوە ٣٠ هەزار دۆلاری بۆ خەرج دەکرێت، ساڵانە لانیکەم ١٠ درامای تورکی لە هەرێمی کوردستان بە زاراوەی سۆرانی دۆبلاژ دەکرێت.

توێژەرانی کۆمەڵایەتیی و وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشدارییان دا لە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا، لێکهەڵوەشانی خێزانەکان و زیادبوونی دیاردەی کوشتن و خۆکوشتن بەهۆی ئەو زنجیرە فیلمە تورکییانەوە.

دوای هێرشەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیش بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چەند کەناڵێک بڕیاری بایکۆتکردنی زنجیرە درامای تورکییان دا.

ش.ف