زیاتر لە نیو سەدەیە تەزبیح دەفرۆشێت و هێشتا عاشقی كارەكەیەتی

لەگەڵ ئەوەی تەمەنی نزیکەی هەشتا ساڵە، زیاتر لە نیو سەدەیە لە شاری کەرکوک تەزبیح دەفرۆشێت و دەهۆنێتەوە، بەڵام هێشتا لەدوکانە بچکۆلانەکەیدا، بە دڵێکی گەورەوە دەڵێت: عاشقی کارەکەی خۆمم و بژێوی ژیان و ماڵ و منداڵەكانمی پێ پەیدا دەکەم.


بۆ كەركوكیەكان دووكانەكەی مام ئەفەندی نامۆ و شاراوە نیە، هەركە بە بەردەم هوتێل كەركوكدا گوزەر دەكەیت ڕاستەوخۆ بچوكترین دوكان لە ناوچەكە سەرنجت ڕادەكێشت كە كەسێكی بە تەمەن لە ناو دوكانەکە بە جامانەی كوردەواری و بە ڕیشی سپی و دەستی لە رۆزكیەوە دانیشتووە ئەو تەزبیحانە دەهۆنیتەوە كە بچڕاوە و لە پاڵ ئەوەشدا تەزبیح دەفرۆشێت.

ئەو پیاوە بە تەمەنە ئەفەندی كەریمە کە لە ساڵی ١٩٤٢ لە شاری كەركوك لە دایكبووە، دوکانەکەی لە سوچێكی بەردەم هوتێلی كۆنی كەركوكە و ڕووبەری دوکانەکەی تەنها (دوو مەتر بە مەتر و نیو)ێکە و ماوەی ٥٤ ساڵە بێدابڕان كاری دروستكردن و هۆنینەوەی تەزبیح دەکات و دوكانەکەی كردووە بە سەرچاوەی دابینكردنی بژێوی ژیانی.

ئەفەندی كەریم، وەها باس لە چیرۆكی كارەكەی خۆی بۆ ڕۆژنیوز دەكات و دەڵێت: "لە مانگی چواری ١٩٦٤ەوە لەم شوێنەدام و فرۆشتنی تەزبیح و هۆنینەوەی تەزبیح كاری منە، كۆنترین كەسم لەم ناوچەیە كە تائێستا دوكانم ماوە و لە كارەكەم بەردەوامم، تا ئەمڕۆ بێ دابڕان، ئەم كارەم بۆتە سەرچاوەی دابینكردنی بژێوی ژیان و ماڵ و منداڵەكانم".

مام ئەفەندی خۆشەویستی خۆشیی بۆ كارەكەی وەها دەردەبرێت و دەڵێت: "لە ڕابردوو كارەكەم زۆر باش بوو، بەڵام بەگشتی ئێستا هەموو ئیشێك خراپ و كزە، خەڵكی خەمبارە و بێ موچەیە و بێ ئیشە، بەڵام ئەم دۆخە وای لە من نەكردوە دەسبەردای كارەكەی خۆم بم، هەموو كەسێك ئیشەكەی خۆی خۆشدەوێت، منیش بەهەمانشێوە عاشقی كارەكەی خۆمم، گەر عاشقی كارەكەم نەبم ئەوا نەمدەتوانی ٥٤ ساڵ لەم كارە بەردەوامبم".

ک.س