زیاتر لە ٥٠ هونەرمەند لە سلێمانی بۆ ڕۆژئاوا کۆنسێرتێک سازدەکەن

هەفتەی داهاتوو بە بەشداری زیاتر لە ٥٠ هونەرمەند، لە سلێمانی بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەرخۆدانی شەڕڤانان کۆنسێرتێک بەڕێوەدەچێت.


بە مەبەستی پشتگیریکردن لە تێکۆشان و ئیرادەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و شەڕڤانان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلیمانی، بەشی هونەرەکانی موزیکی سلێمانی، هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی هونەری.

هونەرمەندان لە ئێستادا سەرقاڵی پرۆڤە و ئامادەکارین و ڕۆژانە لە بەشی هونەرەکانی موزیکی سلێمانی، کۆدەبنەوە و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتەکە، وەک خۆشیان دەڵێن کارەکەیان هەڵوێست نیشاندانە لەدژی ئەو داگیرکارییەی بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدەدرێت.

بڕیارە لە کۆنسێرتەکەدا هونەرمەندان و موزیکژەن و گۆرانیبێژان، بە هەر دوو شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی چەند سرودێکی نەتەوەیی پێشکەش بکەن، هەر یەک لە هونەرمەندان شیلان عوسمان، لوقمان سەلیم، ماریا هەورامی، محەمەد عەبدول، شەماڵ محەمەد و چەندین هونەرمەندی دیکە تییدا بەشداردەبن.

نەوژین محەمەد، یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە و موزیکژەنی دیاری باشوری کوردستان و شاری سلێمانی، لە سەر ناوی ئەو هونەرمەندانە بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی: ئەم کۆنسێرتە بۆ پشتیوانی هەڤاڵانمانە لە ڕۆژئاوای کوردستان، هونەرمەند لەمکاتانەدا دەتوانێت بە دەنگ، ئاواز و سۆزی ئەم پشتگیرییە بکات.

باسی لەوەش کرد کە "ئێمە بە ئەرکی ئەخلاقی و نەتەوەیی خۆمان هەستاوین، هەر کەسێک کە حەزی لێیە لەگەڵمان بێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبکات و ئەمە کۆنسێرتێکی کراوەیە".

بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو کۆنسێرتەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی نالەباربوونی کەشوهەوا و ئەگەری باران بارین تا ئێستا ڕۆژەکەی دەستنیشان نەکراوە.

ک.س